ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
شیروان میرزا بۆ کوردستانی نوێ : به شێوه‌یه‌كی گشتی، هیوایه‌كی كه‌م هه‌یه بۆ مووچه‌ی مانگی دوازده، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان خۆی دابینی نه‌كات، له به‌غداوه قورسه، زه‌حمه‌ته، مه‌گه‌ر به وه‌رگرتنی سلفه‌یه‌ك بێت به قه‌رز
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی نوێ‌دا هه‌موومان هیوای ساڵێكی باشترمان بۆ یه‌كتری خواست، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا هیوایه و واقیعی ئه‌مڕۆی كێشه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌رێم، شتێكی دیكه‌مان پێده‌ڵێت، ئه‌وه‌تا مووچه‌ی مانگی دوازده تا ئێستاش چاره‌نووسی دیار نییه، 35 بۆ 37 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێمی كوردستان به یه‌ك جار خانه‌نشین ده‌بن و نازانرێ، كه‌ی مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو ده‌بێت و كه‌ی مووچه وه‌رده‌گرن، مه‌سه‌له‌ی ته‌وتین، كه خاڵێكی گرنگه بۆ هاوتاكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م مووچه و شایسته‌ییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانی به‌غدا، تا ئێستاش به ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌ر ده‌بێ بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵییه.
كێشه‌كان چه‌ند ته‌وه‌رێكن
شیروان میرزا ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له لێدوانێكدا بۆ ستۆدیۆی دیجیتاڵ میدیای كوردستانی نوێ رایگه‌یاند: ئه‌و كێشانه‌ی له نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، له چه‌ند ته‌وه‌رێكدا خۆیان ده‌بیننه‌وه، یه‌كه‌م بابه‌تی مووچه‌ی مانگی دوازده و یه‌كلا كردنه‌وه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مووچه له 2025دا به شێوه‌یه‌كی گشتی و ئه‌و پێشهاته‌ی ئێستاش هاتۆته پێش، كه سێ ته‌مه‌نی جیاواز به یه‌ك جار خانه‌نشین ده‌كرێن و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم چی ده‌بێت و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟
سه‌باره‌ت به مووچه‌ی مانگی دوازده و چۆنێتی یه‌كلایبوونه‌وه‌ی، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وتی: ئه‌م هه‌فته‌یه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ده‌كرێت له نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی داراییدا، هه‌موو داتا و زانیارییه‌كی خۆیان ده‌به‌نه سه‌ر مێزی كۆبوونه‌وه و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌گه‌یشتنه رێكه‌وتنێكی ته‌واو و بڕیاری ته‌واویان بۆ نه‌درا سه‌باره‌ت به كێشه‌كه، یادداشتێك ده‌درێت به سه‌رۆك وه‌زیران و ئه‌و ده‌یباته ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و له‌وێ بڕیار له‌سه‌ر مووچه‌ی مانگی دوازده ده‌درێت، به شێوه‌یه‌كی گشتی هیوایه‌كی كه‌م هه‌یه بۆ مووچه‌ی مانگی دوازده، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان خۆی دابینی نه‌كات، له به‌غداوه قورسه، زه‌حمه‌ته، مه‌گه‌ر به وه‌رگرتنی سلفه‌یه‌ك بێت به قه‌رز.
كۆبوونه‌وه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن
سه‌باره‌ت به كێشه‌كانی 2024ی تایبه‌ت به مووچه و ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌یان له ساڵی 2025دا شیروان میرزا وتی: بێگومان بودجه‌ی عیراق بۆ سێ ساڵ بوو (2023، 2024، 2025) واته 2025یش ماوه، ئه‌وه‌ی كه ساڵی رابردوو له سه‌ره‌تای 2024دا هه‌موار كرا بۆ ئه‌م ساڵیش 2025 هه‌مان داتا و هه‌مان ئه‌و خشتانه‌ی كه هه‌یه به هه‌مان شێوه به‌رده‌وام ده‌بێت، واته بڕی پاره‌كه، یان ئه‌وه‌ی كه هه‌یه بۆ 2025 هاوشێوه‌ی 2024 به‌رده‌وام ده‌بێت، به پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی و به پێی یاسای بودجه‌ی هه‌مواركراو، به‌ڵام ئێمه له 2024دا كۆمه‌ڵێك كێشه‌مان هه‌بووه، به تایبه‌تی له كۆتاییه‌كه‌یدا بۆمان ده‌ركه‌وتووه، یان بابڵێین وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆی ده‌ركه‌وتووه، بۆیه ده‌بێت له ئێستاوه هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه بدرێت، كه پێویستی به گۆڕانكارییه‌ك هه‌یه، پێویستی به پاره هه‌یه، به گۆڕینی رێنمایی و یاسایه‌ك هه‌یه، پێویسته حكومه‌تی هه‌رێم له ئێستاوه هه‌وڵی ئه‌وه بدات، كه مووچه‌ی ته‌واوی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له 2025دا مسۆگه‌ر بكات، هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش و ئه‌و وه‌فدانه‌ی كه ئێستا به چڕی له‌گه‌ڵ به‌غدا له كۆبوونه‌وه‌دان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته و به‌و ئاراسته‌یه‌یه.
كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌ت
له‌باره‌ی مامه‌ڵه و كاردانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به داواكارییه‌كانی به‌غدا شیروان میرزا به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: یه‌كێك له داواكارییه‌كانی به‌غدا ئه‌وه‌یه كه یاسای خانه‌نشینی یه‌كگرتوو وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ئێستا بۆیه ده‌ستی كردووه به‌وه‌ی كه ته‌مه‌نی خانه‌نشینی له 63وه بكاته‌وه به 60، ئه‌مه وایكرد له‌دایكبووانی سێ ساڵ به یه‌ك جار خانه‌نشین بكرێن، بێگومان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، به‌و پێیه‌ی كه دامه‌زراندنیش نییه تا كارمه‌ندی نوێ جێگه‌ی خانه‌نشینكراوه‌كان پڕ بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه پێویستیی به رێكخستنه‌وه‌ی لایه‌نه ئیدارییه‌كه‌یه، ئه‌وه‌ش ئیشی حكومه‌تی هه‌رێم خۆیه‌تی.
ده‌بێ چاوه‌ڕوان بن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سه‌باره‌ت به لایه‌نه داراییه‌كه‌ی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه یاسای خانه‌نشینی وه‌كو خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، بێگومان ناوه‌كان ده‌نێرێت بۆ به‌غدا، به‌ڵام رێوشوێنه‌كانی خانه‌نشینبوون له به‌غدا له راستیدا چه‌ند مانگێك ده‌خایه‌نێت، بۆیه تا ئێستا روون نییه ئه‌م 35 هه‌زار كه‌سه، كه ناویان ده‌نێردرێت بۆ خانه‌نشینبوون، ئه‌م مانگه مووچه‌كه‌یان پێده‌درێت، یان ده‌بێ چاوه‌ڕێی ته‌واوبوونی رێوشوێنه‌كانی خانه‌نشینبوونه‌كه‌یان بكه‌ن و ئه‌و كاته مووچه‌ی خانه‌نشینییه‌كه‌یان بۆ سه‌رف ده‌كرێت، ئه‌مه ده‌كه‌وێته سه‌ر رێكاره ئیدارییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و تا چه‌ند به خێرایی ئه‌م رێكارانه جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و ئایا ده‌سته‌ی خانه‌نشینی به‌غدا ده‌یانخاته سه‌ر خۆی، یان هه‌ر له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت؟ چونكه دوو ته‌وه‌ری جیاوازه.
له‌وانه‌یه زووتر جێبه‌جێ ببێت
شیروان میرزا وتیشی: ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی خانه‌نشین ده‌بن، بچنه سه‌ر ده‌سته‌ی خانه‌نشینی به‌غدا و ده‌سته‌ی خانه‌نشینی به‌غدا مامه‌ڵه‌كانیان بۆ به‌ڕێ بكات، كات ده‌خایه‌نێت، له‌وانه‌یه دوو مانگ، سێ مانگی پێ بچێت، تا هه‌موو رێكاره‌كان ته‌واو ده‌بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو وه‌زاره‌تی دارایی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی خانه‌نشینییه‌كانی كه هه‌یه له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وان مامه‌ڵه‌كان رایی بكه‌ن، له‌وانه‌یه زووتر مامه‌ڵه‌كه ته‌واو ببێت و پاره‌كه به ته‌واوی له به‌غداوه دێت و هه‌رێم خۆی دابه‌شی ده‌كات.