سبەی شەو 18 یاریی لە یەك كات و ساتدا

12:54 - 2025-01-28
وەرزش
34 جار خوێندراوەتەوە

یارییەكانی قۆناغی گروپی 36 یانەی چامپیۆنس لیگی یانەكانی ئەوروپا، سبەی شەو دوا هەنگاوی دەنێت و دوا جەولەی یارییەكانی ئەم قۆناغە دەكرێن.
ئەم قۆناغەی یارییەكان وەك دەزانین، 36 یانەی وڵاتانی ئەوروپا بەشداریی تیادا دەكەن، سیستمی یارییەكان بەمجۆرەیە، هەر یانەیەك بە قورعە 8 یاریی بەرامبەر 8 یانەی جیاواز دەکات، 4 یارییان لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا و 4 یارییەكەی تریش لە یاریگای خۆیدا، سەرجەم یانەكان هەوڵی كۆكردنەوەی زۆرترین خاڵ دەدەن، یەكەم تا هەشتەمی ریزبەندیی راستەوخۆ دەگەنە قۆناغی دواتر كە قۆناغی 16 یانەیە، ئەوانەی پلەی 9 تا 24 دەگرن، بە سیستمێكی تایبەت، دوو دوو هەریەكەیان دوو یاریی چوون و گەڕانەوە دەكەن، براوەكانی ئەم یارییانە كە 8 یانە دەكەن، دەگەنە قۆناغی 16 یانەو دەچنە پاڵ 8 یانەكەی تر كە پێشتر سەركەوتنیان مسۆگەر كردووە.
ئێستا تەنیا لیڤەرپوڵ و بارسیلۆنا سەركەوتنیان بۆ قۆناغی 16 یانە مسۆگەر كردووە، یارییەكانی سبەی شەو كە دەكرێن 6 یانەی سێیەم تا هەشتەمی ریزبەندیی و لەهەمان كاتیشدا نۆیەم تا 24 –ەمین دەردەخات كە بەشداریی پلەی ئۆف دەكەن، لە هەمان كاتیشدا ئەوانەی پلەكانی 25 تا 36 دەگرن لە خولەكە ئاوت دەبن.
لەبەر ئەوە ئەم یارییانەی سبەی شەو گرنگی زۆریان هەیە، سەرجەمیشان لە یەك كاتدا سەعات 11 ی شەو فیكەی دەستپێكیان بۆ لێدەدرێت و یارییەكانیش بەمشێوەیە دەبن:
ئوستۆن ڤێللا × سێڵتیك، مان سیتی × كلوپ بروج، ئینتەر میلان × مۆناكۆ، یۆڤانتۆس × بەنفیكا، ئایندهۆڤن × لیڤەرپوڵ، بارسیلۆنا × ئەتڵەنتا، بایەر لیڤەركوزن × سپارتا پراگ، بایرن مونشن × سلۆڤان براتیسلاڤا، بروسیا دۆرتمۆند × شاختار، شتوتگارت × پاریس سانجێرمان، لیل × فینۆرد رۆتردام، دینامۆ زەگریب × میلان، یۆنگ بۆیز × زڤیزدا، سپۆرتینگ لشبۆنە ×بۆلۆنیا، ریدبۆڵ ساڵزبۆرگ × ئەتلەتیكۆ مەدرید، ستاد بریست × ریاڵ مەدرید، شتۆرم گراتس × لایبزیگ، جیرۆنا × ئەرسناڵ.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان