رووداوی مێژوویی..

پێنج یاریی بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ زانكۆی سلێمانی

01:01 - 2025-01-28
وەرزش
34 جار خوێندراوەتەوە

خەسرەو گورون

لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان، بڕیاری دامەزراندنەوەی زانكۆی سلێمانی درا، ئەوكات بارودۆخی دارایی هەرێم زۆر خراپ بوو، بەمەبەستی كۆكردنەوەی پشتگیریی دارایی بۆ زانكۆی سلێمانی، تیپی یانەی سلێمانی پێنج یاریی دۆستانەی  لە سلێمانی و  هەولێر و رانیە و قەڵادزێ رێكخست، بەر لە دەستپێكردنی یارییەكان، سندوقی تایبەت بە كۆمەك بۆ زانكۆی سلێمانی دادەنرا و خەڵكانی دڵسۆز بە پێی توانا یارمەتییە داراییەكانیان تێدەكرد.
یارییەكان لە سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ساڵی 1992 –ەوە كران و ماوەی یەك مانگی خایاند، بەر لە دەستپێكردنی هەر یارییەك، سندوقی تایبەت بۆ كۆكردنەوەی پارەكان ئامادە كرابوون، هاندەران و ئامادە بووانیش بەپێی توانای خۆیان پارەیان تێدەكرد، لەم هەڵمەتی كۆكردنەوەی پارەیەدا كە لەو یاریگا جیاجیایانە كران، پێنج یارییمان بەمشێوەیە كرد:
سلێمانی × برایەتی.
ئەم یارییە رۆژی 9/10/1992 لە یاریگای سلێمانی كرا، هاندەرانێكی زۆر ئامادەی یارییەكە بوون، بۆ یەكەمین جار تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان ئەم یارییەی تۆمار كرد و دواتر پەخشی كرد، ئەمەش بۆ یەكەمین جار بوو كاری وا بکرێت و هەردوولاش 2-2 یەكسان بووین، یارییەكەش تیمێكی ناوبژیوانی بەڕێوەیان برد، كە ئەمانەی خوارەوە بوون (خوالێخۆشبوو مامۆستا حەمەسەعید نادر، رەفیق ئیسماعیل، ئامانج كەمال)، گۆڵەكانی سلێمانی هەردووكیان محەمەد عەبدوڵڵا –حەمەی هەڵەبجە كردنی.
رانیە × سلێمانی 
ئەم یارییەشمان رۆژی 23/10/1992 لە یاریگای رانیە كرد، یاریگای رانیە ئەوكات خۆڵ بوو، سەعات 3 ی عەسر یارییەكە دەستیپێكرد و هەردوولاشمان 1-1 یەكسان بووین، جەماوەرێكی زۆر ئامادە بووبوون، جەعفەر تۆفیق ناوبژیوانی یارییەكە بوو، یاریدەدەرەكانیشی لە رانیە بوون، گۆڵەكەی سلێمانی تایەری دەربەندیخان كردی.
قەڵادزێ × سلێمانی
ئەم یارییەشمان رۆژی 30/10/1992 لە یاریگای قەڵادزێ كرد، ئەم یاریگایەش ئەوكات خۆڵ بوو، سەعات 3 یارییەكە دەستیپێكرد، جەماوەرێكی یەكجار زۆر ئامادە بووبوون، خوالێخۆشبوو عەبدوڵا دەوەن یارییەكەی بەڕێوەبرد و یاریدەدەرەكانیشی هەر لە قەڵادزێ بوون، ئەم یارییەش بە بردنەوەی سلێمانی 4-0 كۆتاییهات، گۆڵەكانی سلێمانی فەرەیدون ساڵح – نێرە، رەزا سەعید و دوو گۆڵیش ئالان قادر كردنی.
برایەتی × سلێمانی
ئەم یارییەیان رۆژی 5/11/1992 لە یاریگای هەولێر كردمان، هاندەرانێكی زۆر ئامادە بوون، لەم یارییەدا برایەتی 2 - 1  یارییەكەی بردەوە، ئالان قادر لە دەقیقەی 59 دا گۆڵەكەی سلێمانی كرد، دەقیقەی 83 خەسرەو گورون گۆڵی یەكسان بوونی سلێمانی لەدەستدا كاتێك ناوبژیوانی یاریی فیكەی پەنالتی بۆ سلێمانی لێدا، بەڵام ئەو گۆڵی پێنەكرد.
كۆیە × سلێمانی
دوا یارییمان بۆ ئەم پرۆسەیە، یارییكردن بوو لەگەڵ تیپی یانەی كۆیە، یارییەكەشمان لە یاریگای هەولێر كرد، سەعات 3 -ی عەسر فیكەی دەستپێكی یارییەكە لێدرا، سلێمانی 2-0 یارییەكەی بردەوە، خوالێخۆشبوو شاهۆ حەمە فەرەج و بەكری شێخ مستەفا هەردوو گۆڵەكەی سلێمانیان كرد، بەم یارییەش كۆتاییمان بەو چەند یارییە هێنا كە بۆ پاڵپشتیی دارایی زانکۆی سلێمانی رێكمانخستن.
بۆ ناوی یاریزانەكان زۆربەی یاریانەكانی ئەو كاتی یانەی سلێمانی بەشداریی یارییەکانیان كرد، راهێنەرانی تیپەكانیش ئازاد مستەفا و خەسرەو گورون بوون، ئیداریی و سەرپەرشستیارانی تیپەكەش، خوالێخۆشبوو مامۆستا سەڵاح محەمەد كەریم،  ئازاد وەهاب، خوالێخۆشبوو عومەر حەمە كەریم، حەمە بچكۆل، دەبوون.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان