راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
شەكرە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنە بڵاوەكان لە جیهاندا، چەندین ساڵە زانایانی بواری پزیشكی لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێكی كۆتاییدان بۆی، بەڵام جگە لە دروستكردنی چەندین دەرمان و خستنەڕووی چەند رێکارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی، هێشتا نەتوانراوە دەرمانێک بدۆزرێتەوە بۆ بنەبڕ بوونی تەواوەتی. هەرێمی كوردستان و شاری هەولێریش لەو ناوچانەن كە رێژەی توشبوون تێیاندا زۆرە.
غالیە عەبدوڵڵا ژنێكی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی هەولێرە ماوەی 10 ساڵە تووشی شەکرە بووە و دەڵێت: قاچەكانم زۆر ئێشیان هەیە پێیان وتوم هی نەخۆشی شەكرەیە، بەهۆی نەخۆشییەکەوە كێشی لەشم دابەزیوە، رۆژانە دوو جۆر حەبی شەکرە دەخۆم بۆ کۆنترۆڵکردنی.
وتیشی: زۆر جۆر خواردنم لێ قەدەغە کراوە، لەگەڵ خواردنی دەرمان پارێزیش دەکەم، دۆخێکی زۆر ناخۆشە کاتێك شەکرەم دادەبەزێت لەشم بێهێز دەبێت و دەست و قاچم دەلەرزێت.
د.رەوەند هەمزە بۆ کوردستانی نوێ :
بۆ رێگریکردن لە توشبوون بە شەکرە گرنگە هاووڵاتیان جۆری خواردنەکانیان رێک بخەن، هەروەها رێگری بکەن لە زیادبوونی كێشی لەشیان
جۆرەکانی شەکرە
بەپێی سەرچاوە تەندروستییەکان نەخۆشی شەکرە سێ جۆری هەیە کە ئەمانەن، جۆری یەک: سیستمی بەرگری لەش بە هەڵە هێرش دەکاتە سەر خانە بەرهەمهێنەرەکانی ئەنسۆلین، ئەمەش بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین ناهێڵێت، بەبێ ئەنسۆلینیش شەکر لە خوێندا کەڵەکە دەبێت. شەکرەی جۆری یەک ناتوانرێت رێگری لێ بکرێت و بە زۆریی لە تەمەنی گەنجێتی و منداڵییەوە دەست پێدەکات.
جۆری دوو: حاڵەتێکی درێژخایەنە کە جەستە ئەنسۆلینی پێویست دروست ناکات یان بە باشی بەکاری ناهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن، ئەم جۆرە بە زۆریی لە تەمەنی گەورەییدا دەست پێدەکات، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا منداڵان و هەرزەکارانیش تووش دەبن.
جۆری سێ: نەخۆشی شەکرەی دووگیانی، ھەندێک ژنان لە کاتی دووگیانیدا بەهۆی ئەو گۆڕانە ھۆرمۆنیانەی لە جەستەیاندا روو دەدات کاری ھۆرمۆنی ئەنسۆلین تێکدەدەن و دوای منداڵبوون، بەشێک لە توشبووان چاکدەبنەوە. بەڵام ھەندێکیان بە یەکجاریی توشدەبن.
رەوەند هەمزە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ لە سەنتەری گەلیاوەی فێركاری بۆ نەخۆشییەكانی شەكرە و كوێرە رژێنەكان لە هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەوەی ئێستا لە وڵاتانی جیهاندا زۆر بڵاوە شەكرەی جۆری دووەمە، ئەگەر 100 نەخۆشی شەكرە هەبێت نزیكەی 95 یان لە توشبووی جۆری دووەمن، هەرچەندە بۆماوەیی كاریگەری هەیە، بەڵام چەند هۆكارێکی سەرەكی هەن كە مرۆڤ توش دەكەن ئەویش كاتێك نەخۆشەكە كێشی زیادبێت، جوڵەی کەم بێت، زیاتر خواردنی خێرا بخوات.
وتیشی: زۆر گرنگە هاووڵاتیان بۆ رێگریکردن لە توشبوون بە نەخۆشی شەکرە بەپێی رێژەی چەوری، پرۆتین و کاربۆهیدرات جۆری خواردنەکانیان رێک بخەن و خواردنی هەمەجۆر بخۆن، هەروەها رێگری بکەن لە زیادبوونی كێشیان بە وەرزش کردن، رۆشتن بە پیادە زۆر گرنگە بۆ بوونی تەندروستییەکی باش.
چۆنیەتی پشکنینی شەکرە
بە گوێرەی رێنمایی كۆمەڵەی شەكرەی ئەمریكی هەر کەسێک تەمەنی لە سەرووی 35 ساڵ بوو پێویستە پشكنینی شەكرەی سێ مانگی بكات، ئەگەر نۆرماڵ بوو دەتوانێت تا سێ ساڵی دیکە پشكنین نەکاتەوە. نۆرماڵ پێویستە پلەکەی لەخوار 5,7 بێت، ئەگەر پشكنینی نەخۆشێك لە پلەی 5,7 تا 6,4 بێت ئەوا پێی دەڵێن بەر لە توشبوونی شەكرە، پشكنینێك پلەكەی لە سەروو 6,5 بێت ئەوكات بە توشبوو هەژمار دەکرێت.
پشكنینی رۆژانە، ئەگەر کەسەکە 8 سەعات خواردنی نەخواردبێت دەبێت پشکنینەکەی لە خوار 100 پلە بێت، 100 تا 125 پلەش پێی دەڵێن پێش شەكرە، 126 پلە بە سەرەوە بە مانای توشبوو بە شەكرەیە، پشكنینی جۆری دوای خواردنیش ئەگەر هاتوو 200 پلە یان زیاتر بوو، هەروەها نیشانەكانی شەكرەی هەبێت ئەوا کەسەکە توشبووە بە شەكرە.
رەوەند هەمزە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ دەڵێت: بە شێوەیەكی گشتیی خواردنی میوە بۆ توشبووانی شەكرە باش نییە و ئەگەر کەسەکە حەزی لێی بوو پێویستە چەند قاژێکی کەم بخوات، هەروەها ئەو شەكرانەی پێی دەڵێن جێگرەوە وەك جۆری ستیڤیا خواردیان گونجاوە و شەكرە بەرزناكەنەوە، توشبووان دەتوانن لەگەڵ چا یان قاوە بیخۆن.
ساڵی رابردوو لە شاری هەولێر سەنتەری تایبەت بە نەخۆشی شەکرە کراوەتەوە و زۆربەی ئامێرەکانی پەیوەست بە پشکنین و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی تێدایە.
د.مەهدی حەمەدئەمین بەڕێوەبەری سەنتەری گەلیاوەی فێركاری بۆ نەخۆشییەكانی شەكرە و كوێرە رژێنەكان لە هەولێر بە کوردستانی نوێی راگەیاند: زۆربەی نەخۆشەكانمان خەڵكی پارێزگای هەولێرن، بەڵام خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عیراقیش كە لە هەولێر نیشتەجێن سەردانمان دەكەن، بە گشتیی رۆژانە 100 نەخۆش سەردانمان دەكەن.
نیشانە باوەکانی نەخۆشی شەکرە
نیشانە باوەکانی نەخۆشی شەکرە بریتین لە: کێشەی بینین، تینوێتی زۆر یان وشکبوونی دەم، هەستکردن بە لاوازی یان ماندوبوون، میزکردنی زۆر، خورانی پێست و دابەزینی کێشی لەش. هەندێكجار توشبووی شەکرەی جۆری دوو هیچ نیشانەیەكی نییە، بەڵکو لە كاتی پشکنیندا دەردەکەوێت کەسەکە توشبووە.
د.مەهدی حەمەدئەمین دەڵێت: بەغدا ئەنسۆلینی جۆری ڤیاڵ بە زیادەوە بۆمان دەنێرێت، بەڵام جۆری تازەی قەڵەم كە بۆ منداڵ بەكاردێت لە ساڵی رابردووەوە بۆی نەناردوین، هەروەها حەبی چارەسەری شەكرە زۆر بە كەموكوڕی بۆمان دەنێرێت، لەبەرئەوە بەشێک لە توشبووانی شەکرە ناچارن لە دەرەوە بیکڕن.
بەپێی ئامارێکی سەنتەری گەلیاوەی فێركاری بۆ نەخۆشییەكانی شەكرە و كوێرە رژێنەكان لە هەولێر، ساڵی 2024 لە هەولێر 50 هەزار و 784 توشبوو بە نەخۆشی شەكرە تۆماركراوە، لەو رێژەیە 41455 کەسیان تەمەن گەورە و 1427 یان منداڵ بوون، هەروەها 7902 کەسی دیکەیان ئاوارە بوون.