مێژووەكەی بۆ پێنج هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە

لەگەڵ فراوانبوونی شاری هەولێردا، مەترسی دەكەوێتە سەر گردی لەشكر

11:07 - 2025-01-29
دووتوێ
114 جار خوێندراوەتەوە
گردی لەشكر لە کاتی کنە و پشکنیندا

ئا: رەوەست نەوزاد

 گردی لەشكر، یەكێكە لە شوێنەوارە مێژووییەكانی شاری هەولێر، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان بێت،  تەمەنی بۆ زیاتر لە 5 هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، پێشتر شوێنێكی ئاوەدان بووەو خەڵكی تێدا ژیاوە، شوێنەكەی دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی شاری هەولێر لە نێوان كەسنەزان و بنەسڵاوە، بەرزیەكەی 14مەترە‌ و دەكەوێتە سەر شەقامی تەواونەكراوی 150مەتری هەولێر، وەك شارەزایانی شوێنەوار ئاماژەی بۆ دەكەن، ئەگەر چارەسەری دیزاینی شەقامەكە نەكەن، ئەوا لە داهاتوودا بەر پڕۆژەی شەقامەكە دەكەوێت.
پ.ی.د عەبدوڵڵا بەكر، مامۆستای بەشی شوێنەوار لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین، زانیاری لەبارەی ئەو شوێنەوارە دەخاتەڕوو و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئەگەرچی گردی لەشكر وەكو پێگەیەكی شوێنەواری، لەناوچەكانی شوێنەواری عیراقی تۆمارنەكراوە، بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عیراقیش هیچ كنەوپشكنینێكی بۆ ئەنجام نەداوە، گوایە شوێنەكە ناوچەیەكی جەنگ بووە، بەڵام لەساڵی 2016 بۆیەكەمجار هەڵكۆڵین و كنەوپشكینی بۆ كرا، كە لەلایەن تیمێكی هاوبەشی بەشی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین، بە هاوكاری زانكۆی ئەتۆنۆمی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر ئەنجامدرا.

 

تەمەنی گردی لەشكر بۆ نزیكەی 5500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەوەی زیاتر لەو گردە دۆزرایەوە، گلێنەی سەردەمی شارستانیەتی نەینەوا ‌و پاشماوەیەكی زۆری شوێنەواری سەردەمەكانی وەركاو چاخەكانی بڕۆنزی كۆن و ناوەڕاست و نوێ بووە

وتیشی: لەئەنجامی ئەو كنەوپشكنینەدا دەركەوت، مێژووی گردەكە بۆ سەردەمی شارستانیەتی عوبێد، 4500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم تەمەنی گردی لەشكر بۆ نزیكەی 5500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە. ئەوەی زیاتر لەو گردە دۆزرایەوە، گلێنەی سەردەمی شارستانیەتی نەینەوا ‌و پاشماوەیەكی زۆری شوێنەواری سەردەمەكانی وەركاو چاخەكانی بڕۆنزی كۆن و ناوەڕاست و نوێ بووە، كە مێژووەكەیان بۆ 2700 - 2800 پێش زایین دەگەڕێتەوە، جگەلەوەش بڕۆنزی نوێ واتا سەردەمی شارستانییەتی میتاینەكان، تازەترین ئاسەواری گردەكە، تا سەردەمی شارستانیەتی ئاشووری نوێی تێدا دۆزرایەوە.
باسی لەوەشكرد: پاشماوەكانی ئەو شوێنەوارە بریتیبوون لە گۆڕ و ئیسك ‌و پڕوسك و پاشماوەی ئاژەڵ، وەكو ئێسكی مەڕ و بزن و بەراز، هەروەها خانوو و پاشماوەی گەنم و جۆو برنج و ماش و نۆك و كەلوپەلی جوانكاری وەكو ملوانكە و بازن، كە ماددەكانی زیاتر لە بەردی گرانبەها پێكهاتبوون، لەگەڵ بووكەڵەی ئاژەڵی و كەرەستەی چنین، لەوانە دەرزی و سوژنی ئاسنین و رێژەیەكی زۆری گۆزەو كەرەستەی بەرد، لەگەڵ ئاگردان و شوێنەواری كورە، كە مرۆڤی ئەوكاتانە بەكاریانهێناوە.
سەبارەت بەناوەكەی، دكتۆر عەبدوڵڵا وتی: ناوی گردەكە كۆنە و رەنگە لەوەوە هاتبێت كە لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەكاندا، لەشكرێكی ئەو دەوڵەتە لەوێ نیشتەجێ بووبێت و ماوەتەوە، بۆیە ناویان ناوە لەشكر، هەر بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان، ئەو گردە، وەكو شارێكی بچووك یا گوندێكی گەورە وابووە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری خۆی كردووە، چونكە لەئەنجامی كنەوپشكنین، مۆریشیان تێدا دۆزیوەتەوە، لە هەردوولای گردەكەش، دوو سەرچاوەی ئاوی هەبووە، خەڵكەكەشی كاری ئاژەڵداریی و كشتوكاڵیان ئەنجامداوە.
هەرلەو بارەیەوە شوێنەوارناس عەلی بانی شاری لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: گردەكە كەوتۆتە شارۆچكەی كەسنەزان كە رووبەرەكەی 4 هێكتار زەوییە و ماوەی 9 وەرز كاری هەڵكۆڵینی بۆ كراوە، مێژووی ژیان لەو گردە لە سەردەمی شارستانیەتی وەركا كە 3500 تا 3100 پێش زایینەوە دەستیپێكردووە و تا هەزارەی یەكەمی پێش زایین بەردەوام بووە.
وتیشی: زانیاری ئەوتۆمان نییە سەبارەت بە مێژووی دروستبوونی شار لە هەرێمی كوردستاندا، بۆیە هەڵكۆڵین لە گردی لەشكر دەكرێت، بزانین شار لە هەرێمی كوردستاندا لە كەیەوە دەركەوتووە، گردەكە شارێكی كۆنە و دانیشتوانەكەشی دەوڵەمەند بوون و پەیوەندیی بارزگانیان لەگەڵ دانیشتوانی ئەربێلای كۆن و ناوچەكانی تر هەبووە، بە بەردەوامی ژیانی تێدابووە و لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا یەكلانەبۆتەوە دانیشتوانەكەی سەر بە كام شارستانیەت بوون.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان