سەرکردەی دیار و کاریزمای شۆڕش، کەلەپورێکی سیاسیی دەگمەن بۆ هەموو نەوەکان

بیر و بۆچوونەکان لەبارەی شەهید ئارام-ەوە

10:23 - 2025-01-30
ڕاپۆرت
129 جار خوێندراوەتەوە

لە پەیامنێرانەوە:
هێمن ئەحمەد، جێگر خدر
حسێن عەزیز، عومەر ئاوارە 
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
محەمەد عەبدولڕەحمان



رۆژی 31ی كانوونی دووەمی 1978، شاسوار جەلال سەعید، ناسراو بە (ئارام) سەركردە، تێكۆشەر و رووناكبیر بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێكردین و گەیشتە كاروانی شەهیدان. پەیامنێرانمان لە ناوچە جیاوازەکانەوە، پەیامی بەشێک لەو کەسانەیان بۆ گواستوینەتەوە کە لە نزیکەوە شەهید ئارامیان بینیوە یاخود جوامێرییان بیستووە.
ئاسۆ مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرپەشتیاری كەركوك - سەڵاحەدینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: شەهید ئارام، شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەدار سەركردەیەكی چەپی ئازادیخوازی گەلی كوردستان بوو، رۆڵی گەورەی لە هەڵگیرساندنی شۆڕش و دروستكردنی دەستەی پارتیزانە چەكدارەكانی شۆڕشی نوێ و تۆكمەتركردنی پایە رێكخراوەییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هەبوو.
وتیشی: ئەم سەركردە مەزنەی كورد و یەكێتیی، هەر زوو بووە جێی ئامانج و پیلانی داگیركەران، دنیابینییە سیاسییەكانی و هەڵوێست و پرەنسیپەكانی لە شۆڕش و شاخدا، ببوونە مایەی ترسان و تۆقاندنی دەسەڵاتی بەعس و بەكرێگیراوەكانی، تا دواجار ئەم سەركردە جوامێرە، لە گوندی تەنگیسەری سەر بە ناوچەی قەرەداغ شەهید كرا.

ئاسۆ مامەند بۆ کوردستانی نوێ : شەهید ئارام رۆڵی گەورەی لە هەڵگیرساندنی شۆڕش، دروستكردنی دەستەی پارتیزانە چەكدارەكانی شۆڕشی نوێ و تۆكمەتركردنی پایە رێكخراوەییەكانی یەكێتیدا هەبوو


رۆژێکی لەبیر نەکراو
پاش تێپەڕبوونی 47 ساڵ، هاوڕێ و هاوخەباتەكانی شەهید ئارام لە ئیدارەی راپەڕین ئەو رۆژەیان لەبیر نەکردووە.
موراد عیزەدین ئەندامی مەكتەبی كۆمەڵایەتیی ی.ن.ك، هاوڕێ و هاوخەباتی شەهید ئارام بۆ کوردستانی نوێ وتی: شەهید ئارام، گەنج، ژیر و كامڵ بۆ خەبات، کەسێکی سیاسی پێگەشتوو بوو، بە بیری چەپی ئێمەی بە گوڕتر هاندەدا، لەنێو رێكخستنەكانی شار و پێشمەرگەدا خۆشەویست و كاریزمی بوو، لە نێو خەڵكیشدا رۆچوو لەنێو دڵان بوو، جوانخاس و خاوەن بیری پتەو و نەگۆڕ بوو بۆ سەرخستن و رزگاركردنی وڵاتەكەی.
لە باسی سەروبەندی شەهیدبوونی ئارامدا دەڵێت: لە سلێمانی بووم، هاوكات خوالێخۆشبوو (شازاد صائیب)یشم لەگەڵدا بوو، ئەو دەمەی هەواڵی مەرگی ئارامی سەركردەمان بیست، ئەوە یەكێك بوو لە ئازاربەخشترین هەواڵ بۆ ئێمە، بۆ رێكخستن و شاخ و شۆڕشیش، بە راستی كارەساتێكی جەرگبڕ بوو، ئەو لە ئاوایی تەنگیسەر و لە قەرەداغەوە ببووە هەوێنی بەرهەمهێنی شۆڕش، هەر لەوێش هەموانی بەجێهێشت.
شەهید ئارام  لەناو پێشمەرگە و هەڤاڵەکانیدا وەک سەرکردەیەکی خاکی و خۆشەویست بەدەر لە توانا فکری و ئایدۆلۆژییەکەی جێگەی هەرەبەرزی لەناو روحی تێکۆشانی پێشمەرگەدا کردبووەوە.

 

موراد عیزەدین بۆ کوردستانی نوێ    :
هەواڵی شەهیدبوونی یەكێك بوو لە ئازاربەخشترین هەواڵەکان بۆ ئێمە، بۆ رێكخستن و شاخ و شۆڕشیش كارەساتێكی جەرگبڕ بوو

ناوبانگی شەهید ئارام
سەلیم رەسوڵ کادری پێشکەوتووی یەکێتی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ ئەوەی بەهۆی کەمی ئامێرەکانی پەیوەندی و نووسراو و چاپکراو کەمتر هێزی پێشمەرگە بەنووسینەکانی ئاشنا بوون، بەڵام ناو و ناوبانگی زۆر بە زووی بڵاوبووەتەوە و تایبەتمەندییە جوانەکانی وایکردووە ئێمەی نەوەی دوای ئەویش خۆشمان بوێت.
وتیشی: سەرکردە مەیدانییەکانی شۆڕش هەمیشە خۆشەویستترن لەچاو سەرکردەکانی مەنفا، شەهید ئارام لە بەهاری تەمەنیدا توانی زۆر شتی گەورە بۆ یەکێتی و هێزی پێشمەرگە بکات، کە تائێستاش ناو و ناوبانگی بە نەمری هێشتۆتەوە، پێویست بوو ناوەندێکی توێژینەوە بە ناوی شەهید ئارام بکرێت کە تیایدا سەرجەم ئەو نووسراو و بڵاوکراوانەی شرۆڤە بکرێت، کە لە سەردەمی خۆیدا بوونە هەوێنی مەعریفەی شۆڕش و تێکۆشان.
شەهید ئارام لە سەرەتای لاوێتییەوه تێکەڵ بە كاری سیاسی و رێكخراوەیی قوتابیان بووە، لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا چەند بابەتێكی له رۆژنامەی هاوكاری و برایەتی بڵاوکردووەتەوە.
سوهێل کەڵوڕی لێپرسراوی کۆمیتەی دووی پردێ بە کوردستانی نوێی راگەیاند: شەهید ئارام پاش پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یەکێتییەوە خەڵکی بۆ خەباتی رێکخستن کۆکردووەتەوە، له تشرینی یەكەمی ساڵی 1976 روویكردۆته شاخ و خەباتی چەکداری دژی رژێمی بەعس دەستپێکردووە.


ئەندازیارێكی هەڵكەوتووی شۆڕش
شەهید ئارام لەساڵی 1977 بە ئەندامی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستنیشان كراوە.
پشتیوان مەجید لێپرسراوی لقی شارەزووری کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: وەفای كوردستانی نوێ بۆ یادی شەهیدبوونی ئەو سەركردە قارەمانە بەرز دەنرخێنم، شەهید ئارام سەرکردەیەکی سیاسیی لاوی رۆشنبیری رۆژە سەختەکان بوو، لەناو جەماوەردا سادە و خۆشەویست بوو، خاوەن بیروباوەڕێکی پۆڵایینی بە ورە و تینوی ئازادی خاکی کوردستان بوو.
‎وتیشی: گرنگە ئەم یادە وەك ساتەوەختێك لەبەرچاو بگرین بۆ وەبیرهاتنەوەی ئەرك و كاروبارەكانمان، پێكەوە هەنگاوبنێین بۆ راستكردنەوەی رێڕەی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، پاراستنی خاك و قەوارەی هەرێمی كوردستان كە لە پێناویدا هەزاران شەهیدمان بەخشیوە.
شەهید ئارام وەك كادرێكی باڵای كارا لە ساڵی 1970 لە دامەزراندنی كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستاندا تێكۆشاوە و یەكێك بووە لە كادرە دیارەكانی كۆمەڵە، ساڵی 1974 وەك نوێنەری سكرتاریەتی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بەشداریی كۆنگرەی لاوانی جیهانیی كردووە لە مۆسكۆ.
بەمۆ سەید ئەمین لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی زەڕایەن بە كوردستانی نوێی راگەیاند، شەهید ئارام لە تافی لاویدا تا شەهیدبوونی وەك ئەندازیارێكی هەڵكەوتووی شۆڕش و رووناكبیرێكی سەردەم دەركەوتووە، نووسینەکانی شاهیدن كە چەندە بڕوای بە خەباتی فیكری و هۆشیاریی كۆمەڵگە هەبووە، پێی وابووە هاوشانی خەباتی چەكداری، نووسین و خوێندنەوەش گرنگن بۆ گەلێكی ژێردەستە.

 

سیروان مام سلێمان  بۆ کوردستانی نوێ : شەهید ئارام، بزوێنەری راستەقینەی كوردایەتی بوو، دلێرانە دەنگی هەڵبڕی و سیاسەتی سڕینەوەی كوردی رەتكردەوە


کاریگەریی لەسەر خەباتی نەتەوەیی
لە بیرەوەریی شەهیدبوونی ئارامی سەركردەدا، گێڕانەوە و باسكردنەكان زیاتر كاریگەریی ئەو شەهیدەمان بۆ رووندەكەنەوە لەسەر خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی كوردستان.
سیروان شەهید مام سلێمان كوڕی ئەو پیاوە گەرمیانییەی درێژەی بە رێبازی شەهید ئارامدا بۆ کوردستانی نوێ وتی: شەهید ئارام، بزوێنەری راستەقینەی كوردایەتی بوو، دلێرانە دەنگی هەڵبڕی و سیاسەتی سڕینەوەی كوردی رەتكردەوە، بیری چەپخوازانەی لە نێو ریزەكانی كۆمەڵەی ماركس لینینی كوردستان لە نێو پریاسكەكەیدا هەموو دید و بیر و بۆچوونە جیاوازەكانی خەمڵاندبوو.
وتیشی: شەهید ئارام خوێندەوار و زمانزانێكی باش بووە، چەندین سروودی لە زمانی رووسییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی شیرینی كوردی، سیاسەتمەدارێكی وشیار بووە ناوی لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەكەماندا بە شكۆمەندی دەمێنێتەوە.
لەبارەی رۆڵی شەهید ئارام لە گەشەپێدانی هەمەلایەنەی كۆمەڵەدا كاروان حەسەن كادری یەكێتی دەڵێت: رۆڵی كارا و سەرەكی هەبووە لە رێكخستەكانی كۆمەڵەدا لە سەردەمی نائومێدیدا، لە ناوخۆی كوردستان كاك ئارام و لە دەرەوەی وڵاتیش هەڤاڵ مام جەلال بڕوای تەواویان بە بەرپاكردنەوەی شۆڕش دەبێت، هەربۆیەش بەو بڕوا لەبن نەهاتوەوە رێبازی ئارامەكان هەرگیز لەبیر ناكرێت.
هاوکات عەلی دەروێش وتەبێژی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە یادی شەهید ئارام بۆ کوردستانی نوێ وتی: شەهید ئارام بە تەمەنێكی كەمی سیاسییەوە توانی جێ پەنجەی دیاربێت لە شۆڕشی گەلی كورددا بە گشتیی و خەباتی سیاسی و چەكداریدا ببێتە ئایكۆنێكی دیاری شۆڕشگێڕی لە باشووری كوردستان و ناوچەكەدا. یەكێكە لەو سەركردانەی لە لوتكەی تەوژمی شۆڕشگێڕیدا ئیلهامێك بووە بۆ خەباتی سیاسی گەلی كورد بە سەرجەم پێكهێنەرەكانییەوە، وەك رێبەرێكی چەپی دیموكراتخواز بە نۆرم و ستایلێكی جیاواز كاریكردووە، ئاگاداری هاوكێشەی سیاسی و دۆخی كۆمەڵایەتی كوردستان و عیراق و ناوچەكە بووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان