كتێبی (ئارام لە بناری كەڵەوێدا) كە یەكەمجار لە ساڵی 2015 دا بڵاومكردەوە، كتێبێكی دیكیۆمێنت ئامێزە، لە دووتوێی 250 لاپەڕەدا بڵاوكرایەوە، ئەم كتێبە ئێستا بەهۆی خواست لەسەری، لەلایەن خوێنەرانەوە دووبارە و سەرلەنوێ ئامادەم كردووەتەوە، بەدیزاینێكی نوێوە بابەتەكانی ناوی، چەند بەرهەمێكی شەهیدی نەمر شاسوار جەلالی لەخۆگرتووە، وەك بابەتەكانی لە (رۆژنامەی ئاڵای شۆڕش)دا لە شاخ كە شەهید ئارام یەك ژمارەی ساڵی 1977 ی لێ چاپ و بڵاوكردەوە.
سەرجەم بابەتەكانی شەهید ئارام پێش شەهیدبوونی خۆی نووسیونی و ئامادەی كردوون، بەشی دووەمی كتێبەكە نامیلكەیەكی سەرۆك مام جەلالە بەناوی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟) كە ساڵی 1975 بە زمانی عەرەبیی نووسراوە و شەهید ئارام (شاسوار جەلال) كردوویەتی بە كوردیی و چاپ و بڵاوكراوەتەوە. هەروەها بابەتێكی تری گرنگی تێدایە، كە چاوپێكەوتنێكی شەهید ئازاد مەلا محەمەدە كە هاوڕێ و دۆستی شەهید ئارامە، پێش چوونە شاخ و دەرەوەی شەهید ئارام لەگەڵیدا سازیداوە، لە ساڵی 1976، ئەم هەڤپەیڤینە زۆر بابەتێكی گرنگە وەك مێژوو گەلێك بابەت و گۆڕانكاریی سەردەم و كاتی خۆی روون دەكاتەوە، هەروەها ژیانی شەهید ئارام لەلایەن هاوڕێ ودۆستەكانی لە شاخ و شار لەنێو كتێبەكەدا تا شەهیدبوونی هاوڕێ ئارام بڵاوكراوەتەوە. بۆچاپی نوێی كتێبەكەش، كە دووبارە ئامادەكراوەتەوە لەدووتوێی زیاتر لە 375 لاپەڕەدا، جگەلە بابەتەكانی چاپی پێشتر، روونكردنەوە و پەراوێز بۆ وتارە بڵاوكراوەكانی شەهید ئارام لە شاخ و شاردا لەكاتی بڵاوكردنەوەیدا و دەستكارییكردنی لە كاتی چاپكردنیدا كراوە، هەروەها چاوپێكەوتنێكی نوێ كە لە رۆژنامەی برایەتیدا کە لەگەڵ هاوڕێ ئارام بەزمانی عەرەبیی سازدراوە، د.ئەحمەد باوەڕ دۆزیوییەتییەوە، لەگەڵ كۆپی رۆژنامەكە، بە زمانی كوردیی دانراوە. جگە لەوەش بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەڵگەنامەی بەعس بۆ ساتی شەهیدكردنی هاوڕێ ئارام، لەكتێبەكەدا هەیە، جگە لەوەش بیروڕای نووسەران و رووناكبیران و هەڵوێستە كردن لەسەر بیروڕای شەهید ئارام، وەك كەسایەتییەكی سیاسیی، رۆژنامەنووس، نووسەر، پێشمەرگە، لەم چاپەنوێیەدا زیادكراوە و ریزبەندیی بۆكراوە، جگە لە وێنەی جۆراوجۆری شەهید ئارام لەلاوێتییەوە، تا زانكۆ و پێشمەرگایەتی، لەگەڵ كەسایەتی و خانەوادەكەی لەم كتێبەدا ئامادەكراوە. هیوادارم بۆ ئاسودەیی رۆحی بەرزەفڕی شەهیدی مەزن ئارامی سەركردە و هزرمەند، بە زووترین كات كتێبی (ئارام شەهیدێك لە بناری كەڵەوێ) دا، رووناكی ببینێت. رۆحی شەهید ئارام شادبێت، یادی بەرز و ئارامگەی هەمیشە رووناكبێت.
یوسف محەمەد بەرزنجی