خەلیل عەبدوڵڵا
دهبا فاشییهكان بزانن
وا ئێستاکە لە کوردستانی ئاراما
لە كوردستانی قەتماغە و كێڵگەی زاما
هەر دهوهنه و بن تاشەبەردی چیایە
سەنگەرێکە و قوتابخانەی دروستبوونی ئارامێكی تری تیایە
(هەڤاڵ كوێستانی)
شەهید ئارام سەركردەیەكی دیار و رووناكبیری كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو، رۆڵی دیاری لە بواری سیاسیو رووناكبیردا هەبووە. لەغیابی سەركردایەتیی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا، وەك رابەری كۆمەڵە و سەرۆكی كۆمیتەی هەرێمەكان رەفتاری كرد و هیمەتێكی گەورەی شۆڕشگێڕانەی نواند بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و بەئەندازیاری جێبهجێكردنی ئەو دەستپێشخەرییە مێژووییە دادەنرێ.
شاسوار جەلال سەعید غەنی كە لە خەباتی شار و شاخدا بەئارام ناسراوە، ساڵی 1947 لە گەڕەكی مەڵكەندیی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی لەسلێمانیو بەغدا تەواو كردووەو ساڵی 1970 بڕوانامهی بهكالۆریۆسی له كۆلیجی بازرگانیی زانكۆی بهغدا بهدهست هێنا.
ئارام لە سەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە پەیوەندی كردووەو رۆڵی دیاری لەگەشەپێدانو بڵاوكردنەوەی بیرو باوەڕەكانیدا هەبووەو بایەخێكی زۆریشی بە رێكخراوەكانی خوێندكارانو لاوان داوەو یەكێك لە كادیرە دیارو هەڵسوڕاوەكانیان بووە.
ئارام تێكۆشەرێكی ئازاو بەهەڵویست بووەو ساڵی 1974 بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووەو لەدوای شكستی ئەو شۆڕشە، لە تێكۆشان لە كۆمەڵەدا بەردەوام بووەو رۆڵێكی دیاری لە ئامادەكارییەكانی دەستپێكردنەوەو هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا هەبووەو بۆ ئهو مهبهسته چووه شاخ و لەو پێناوەشدا گیانی خۆی بەخشی.
بێ لە بواری سیاسی، ئارام بایەخێكی زۆریشی بەبواری فكریو رۆشنبیری داوە، لەساڵی 1972ەوە وتارەكانی لە رۆژنامەی هاوكاری بڵاو دەكردەوەو لە وتارەكانیدا بایەخی بەبیروباوەڕی چەپو ئەزمونی خەباتی گەلان داوەو بەشێكی ئەو وتارانەی كە ساڵانی 1972و 1973 لەو رۆژنامەیەدا بڵاوی كردونەتەوە، ساڵی 1982 لە شاخو لەدووتوێی كتێبێكدا بەناوی (ئارامو بزووتنەوەی ئینتەرناسیونالیستی) كە مەلا بەختیار پێشەكی بۆ نووسیوە، چاپو بڵاوکراوەتەوە.
بەشێكی تری نووسینەكانی بەناوی (هەڵبژاردەیەك لە نوسینەكانی شەهید ئارام) كە نەجمەدین عەزیز (سالار) پێشەكی بۆ نووسیوە، لەساڵی 1980 لەچاپخانەی شەھید برایم عەزۆ لە گوندی زەڵێ چاپو بڵاو كراوەتەوە.
محەمەد عەبدولكەریم سۆڵەیی لەساڵی 2007 بەشێكی نووسینەكانی شەهید ئارامی لە دووتوێی كتێبیكی دوو بەرگیدا چاپ و بڵاوكردۆتەوە.
هەروەها ئەكادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی كادیرانیش لە چوارچێوەی چاپكردنەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشى نوێدا بەشێك لە بەرهەمەكانی ئارامی چاپو بڵاوكرۆدتەوە.
ساڵی 2012 فەرید ئەسەسەرد نامیلكەیەكی بەناوی (ئارامو رۆڵی لە بزووتنەوەی سیاسیدا) بڵاو كرۆدتەوەو نامیلكەكە لێكۆڵینەوەیەكی وردە تیشك ئەخاتە سەر بیرو تێڕوانینە سیاسییەكانی ئارام.
لە رۆژی 31ی كانوونی دووەمی 1978 ئەم سەركردەو رووناكبیرە گەورەیە بەدەستی خائینانی كورد لە گوندی تەنگیسەری ناوچەی قەرەداخ شەھید کراو ھەر لەوێ بەخاك سپێردرا.
درودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكو پیرۆزی كاك ئارامی سەركردەو روناكبیر.
سەرچاوە: ئینسكۆپیدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای هۆشیاریو پێگەیاندنی كادیران-2016.