لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەنگ لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵی 2025 درا، ئەندامێكی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت: هەمووان چاوەڕێی ئەوە دەكەن قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندیی دارایی و ئابووریی بێتە كایەوە و پەیوەندییەكانیش بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان بن.
غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: وەك چاوەڕوان دەكرا، دوێنێ لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، دەنگ لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای بودجە درا، كە بڕگەی سەرەكیی هەمواركردنەكە پەیوەندیی بە دیاریكردنی تێچوو و خەرجیی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، وتیشی: بەپێی هەمواركردنەكە لەمەودوا هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە، بەوەش قۆناغێكی نوێ دێتە ئاراوە لە پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا، كە هەمووان چاوەڕێی ئەوە دەكەن پەیوەندییەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان بن.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، تەئكیدیشیكردەوە «بێگومان بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم و زیادكردنی داهاتی گشتیی عیراق، هیچ بیانوو و رێگرییەك لەبەردەم ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە نامێنێت و دەبێت مافە داراییەكانی هەرێم بەتەواوی جێگیر بكرێت و بنێردرێت.