لێکەوتەکانی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی

11:21 - 2025-02-03
دیدار
59 جار خوێندراوەتەوە

میهرەبان حسێن*

یاسای باری کەسێتی عیراقی ژمارە188ی ساڵی 1959، بە یەکێک لەو یاسایانە دادەنرێت کە رێکخستنی خێزان و باری تاکەکان لەخۆدەگرێت، کەبەسەر94 مادەدا دابەشبووە و لە عیراقدا کاری پێدەکرێت بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە ساڵی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری عیراقی شیعە مەزهەبەوە لە پەرلەمانی عیراق هەموارێکیان بۆ یاساکە ئامادەکرد تا خوێندنەوەی لەسەر بکرێت، هەر زوو دەنگی دایەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام رێگریی لێکرا، بەداخەوە لەم سەروبەندەدا بەزۆرینەی دەنگ پەسەند کراو دەنگی لەسەر درا، ئەگەرچی چەند گۆڕانکارییەک لە بڕگەکانیدا کراوە، وەک ئەوەی تەمەنی بەشودانی کچانی 9 ساڵ بەرزکراوەتەوە بۆ 15 ساڵ و بە خواستی دایک و باوکەکە دەبێت، بەڵام لە هەموو بارێکدا بە زیانێکی گەورەی خێزان و کۆمەڵگە دەشکێتەوە و یاساکان رۆڵیان نابێت و کاریان پێناکرێت، جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە کاتێکدایە کە لە ناوچە عەرەب نشینەکانی عیراق کچان لە تەمەنێکی زووتردا باڵق دەبن بەو پێیەی کەشوهەوایەکی گەرمیان هەیە، ئەوەش کاردەکاتە سەر لایەنی بایۆلۆژی تاکەکان، بەڵام ئەگەر بێینەوە بۆ کوردستان کە بە هەمان جۆر لێرەش ناوچەی گەرمەسێرمان هەیە و هەمان دۆخی تێدا روودەدات و سەرباری ئەوەی گۆڕانی کەشوهەواو هاوردەکردنی خواردنی خراپ و بەکارهێنانی خواردنە خێراکان و دوکان و مارکێتەکان کە بوون بە ژەمی سەرەکی خواردنی منداڵان و بەوەش کاریگەریی گەورە دەکاتە سەر خێراکردنی گەشەیان و هۆرمۆنیان تێکدەدات و وایان لێدەکات زووتر باڵق ببن، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی چوونی منداڵ بۆ قۆناغی هەرزەکاریی، زیاتر هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە پیتزا و جپس و هەندێک لەو خواردنانەی کە منداڵ رۆژانە دەیانخوات رێژەیەکی زۆری بە شیر و پەنیریی دەستکرد دروستکراون و رێژەیەکی زۆری پرۆجیسترۆنیان تێدایە کە هۆرمۆنێکی مێینەیە و بەوەش رێژەی ئەو هۆرمۆنە زیاتر دەبێت و وایان لێدەکات زووتر لە تەمەنی خۆیان باڵق ببن، هەربۆیە ئەوە مانای ئەوە نییە ئەم منداڵە ئیتر گەورە بووە و دەبێ بەشوو بدرێت، لە کاتێکدا هێشتا منداڵە و سەرەتای تەمەنی هەرزەکارییەتی، هەربۆیە کچێک لەو تەمەنە کە بەشوو بدرێت ئایا لە رووی بایۆلۆژییەوە توانای هەڵگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی دەبێت کە هاوسەرگیرییە؟ لەو پرۆسەیەدا منداڵ بوون دێتە کایەوە کە ئەو کچە منداڵە منداڵدانی گەشەی نەکردووە و دواتر رێژەی منداڵبوونی نەبەکام و خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ کۆمەڵگە زیاد دەبێت، سەرباری ئەوەی دەبێتە هۆی شپرزەیی گەورەی خێزان و کۆمەڵگە تا زیانی گەورەی بۆ سەر دادگاکان و ناوەندە پەروەردەییەکانیش دەبێت، چونکە خێزانەکان دەبێ ئیتر وەک کچێکی گەورە حەزەری منداڵە کچەکەیان بکەن نەوەک لەلایەن کوڕێکەوە فریو بدرێت، بۆ یاساش ئیتر کاریان وەک جاران نییە گرنگیی نابێت، چونکە لە دەرەوەی دادگا پرۆسەکە بە ئەنجام دەگەیەنرێت و ئەگەر ئێستا چاوێک بە دادگاکاندا بخشێنینەوە دەبینین رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە هەڵکشاندایە، ئەوەش بەهۆی بەشوودانی کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵ و هاوسەرگیریی پێشوەختە، سەبارەت بە ناوەندەکانی تریش وەک پەروەردە دەبێت هاوشێوەی قۆناغی ئامادەیی خوێندکارانی کوڕ و کچ لە یەکتر جیابکەنەوە، چونکە بەو پێیە بێت قوتابی پۆلی 10 دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا رۆڵی پەرەوەردەکار و دەروونناس و کۆمەڵناسان دەبێ گۆڕانی بەسەردا بێت، لەبری ئەوەی بەپێی تەمەنەکانی منداڵێتی یاسا و رێنمایی پەرەوەردەیی بدەن بە دایبابان ئیتر دەگۆڕێت بۆ ئەوەی چۆن کچە منداڵەکەیان ئامادە بکەن بۆ وەها پرۆسەیەک، ئەوەش لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا هیچ یەکناگرێتەوە، بۆیە پێویستە لەژێر فشارەکاندا پەرلەمانی کوردستان ئەو یاسایە رەتبکەنەوە و نەخرێتە دانیشتنەکانیاوە، چونکە ئەگەر بمانەوێ دیوێکی پێشکەوتن نیشانی جیهانی دەرەوە بدەین، دەبێ رێگە نەدرێت ئەو یاسایە لە کوردستان جێبەجێبکرێت، چونکە پێچەوانەی یاساکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤە و پێشێلکارییەکی گەورەی پاراستنی تەمەنی منداڵێتییە و تاک لە مرۆڤبوون دادەماڵێت.

*مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی دەروونی

بابەتە پەیوەندیدارەکان