بۆچی گرنگە پشكنینی هەناویی بكەین؟

پشكنینی پێشوەختەی هەناوی و خۆپارێزیی لە شێرپەنجە

12:39 - 2025-02-03
ڕاپۆرت
33 جار خوێندراوەتەوە
# دکتۆر هیوا ئەبوبەكر

پێویستە هەموو كەسێك ساڵانە پشكنینی هەناوی بكات بەبێ جیاوازیی رەگەز و تەمەن، لەو بارەیەشەوە دکتۆر هیوا ئەبوبەكر پزیشكیی راوێژكاریی هەرس و جگەر بە كوردستانی نوێی وت: لەكاتیی هەبوونی ئازاردا، پێویستە بەزووی هەناوبینی بكرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی تەمەنیان لە سەروو 45 ساڵەوەیە، بۆ كەسانی ئاسایی، پێویستە چەند ساڵ جارێك پشكنین بكرێت لەپێناوی رێگریی لە نەخۆشیی درێژخایەن و بەتایبەتی شێرپەنجە.
ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت: پشكنینی هەناوی بۆ كەسانی ئاسایی سەروو تەمەن 45 ساڵ پێویستە، چونكە 25 % پیاوان و ژنان لەو تەمەندا گۆشتی زیادە لەناو گەدەیاندا دروست دەبێت و بەمەش دەوترێت قۆناغی پێش نیشانەی شێرپەنجەكە  7 % ئەو حاڵەتانە دەبنەهۆی سەرهەڵدانی نەخۆشیی شێرپەنجە، پێویستیان بە چارەسەرە، بەمەش مردن بەهۆی شێرپەنجەوە كەم دەبێتەوە.
 دکتۆر هیوا ئەبوبەكر جەختیشیكردەوە لەوەی پێویستە هاووڵاتیان زۆر هۆشیاربن، چونكە زیادبوونی شێرپەنجە لە كۆئەندامیی هەرسدا روو لە زیادبوونە، بەتایبەتی شێرپەنجەی كۆڵۆن و گەدە و شێرپەنجەی بۆریی زراو. وتیشی: گەورەترین مەترسیی ئەوەیە نیشانەكانی ئەم نەخۆشییە لە قۆناغەكانی كۆتایی و زۆر پێشكەوتوودایە لە كەسە تووشبووەکەدا، بەوهۆیەوە زۆربەی رێكخراوە تەندروستیەكانی جیهان داوا دەكەن كەسانیی  ئاسایی كاری هەناوبینی دوانەخەن و زوو زوو پشكنین بكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان