محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، رایدەگەیەنێت: بڕێكی باش پێداویستی پزیشكی و دەرمانی چارەسەری بریندارانی چەكی كیمیاییان، لەلایەن هندستانەوە بۆ دابینكراوە.
دكتۆر ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا، ئەوەی خستەڕوو كە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بڕێكی باش دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان لە كونسوڵی هیندستان لە هەرێمی كوردستان، وەرگرت كە بەتایبەتی بۆ نەخۆشخانەی چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی دابینكراوە.
ئاماژەی بەوەكرد كە باڵیۆزی هیندستانیش لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا سەردانی هەڵەبجە و نەخۆشخانەی چارەسەركردنی بریندارانی چەكی كیمیایی دەكات، كە ئەوەش هەنگاوێكی زۆر گرنگە و بۆ ئەوە دێت تا لەنزیكەوە نەخۆشخانەكە ببینێت، وتیشی: دابینكردنی دەرمان و پێداویستییەكان لەڕێگەی قائیمقامی هەڵەبجەوە بوو كە داوامان لە كونسوڵی هیندستان كردبوو، بە سوپاسێكی زۆرەوە داواكارییەكەی بۆ جێبەجێكردین.