فەوزیە مەنمی: (ناڵەی گەرمیانییەکی وێڵ) هاواری ژنە گەرمیانییەکە

رۆمانێکی مێژووییە و بە ستایلێکی تایبەت بە خۆم نووسیومە

10:36 - 2025-02-06
ئەدەب و هونەر
166 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: نەرمین عوسمان محەمەد

 فەوزیە مەنمی یەکێکە لە قەڵەمە چالاکەکانی بواری ئەدەبی کوردی، ساڵانێکە لە بواری ئەدەبیاتدا دەنووسێت و لە بوارەکانی چیرۆک و ئەدەبی منداڵان و رۆماندا چەندین نووسینی هەن، دواین بەرهەمی ئەم خانمە، رۆمانێکە بە ناونیشانی (ناڵەی گەرمیانییەکی وێڵ)، بە مەبەستی ئاشنا بوون بەم رۆمانە و ناوەڕۆکەکەی و شێوازی نووسینی، ئەم دیدارەمان لەگەڵ بەڕێزیدا سازکرد:
* ناونیشانی رۆمانەکەت لە خەیاڵی خۆتەوە هاتووە یاخود لە ئازارەکانی گەرمیانەوە؟
(ناڵەی گەرمیانییەکی وێڵ) هاواری ژنە گەرمیانییەکە لە شەوێکی باراناویی بەهاردا کە لە نێو حەوشەی تەوارییەکەوە، دوای دروستبوونی غەڵبە غەڵب و زایەڵەیەک لە نێو خەڵکەکەدا بە دەنگی بەرز وتی: ئەمەتان بەسەرەوە ناچێت، پێشمەرگە وەکو شیری بەری دایکتان لێتان دەردەهێنێتەوە.
* ئایا بیرۆکەی ئەم رۆمانە وابەستەی مەسەلەی ئەنفالە؟
بەرلەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، دەبێت باس لە شیوازی نووسینی رۆمانەکە بکەم کە لە نۆ بەش پێکهاتووە. لە فەنتازیای فلاشباگی گێڕانەوەدا، پێکهاتەکانی ئەفسانەی کوردیم بەکارهێناوە کە لە کۆمەڵێک سوژە پێکهاتووە، وەک (پیری بە ئەزموون، دایکە چل جوانو، پردی پەیوەندی خوا بە مرۆوە لە داڵاهۆ، کانیی جوندیان ، کڵاوی سەخرەجن و ئەسپەمرۆ) ئیدی لە میانەی ئەو دەرکەوتنەوە ناوبەناوانەی کە پیری بە ئەزموون لە منداڵییەوە دیتە لای تەیمور و هەرجارە و پێشنیاز یان وتەیەکی پێ دەڵێت، دواجار کە تەیمور دەگەڕێتەوە بۆ دێیەکەی خۆیان و داروپەردووی کاولاشی رووخاو و کەونەلانی وێرانە دەبینێت، لەنێو ئەو ویرانە قاقڕ و چۆڵەدا بە چۆکا دێت، مامەی فریادڕەس پەلی دەگرێت و پێی دەڵێت: هەستەوە کوڕم هەستە، وادەی بەشەکەی تری ژیانتە. لەودەمەدا تەیمور پێی دەڵێت: مەگەر بڕستی ژیانم ماوە؟ کوا دایبابم؟ کوا باوەلێ و دایەلێـم؟ کوان خوشک و براکانم؟ پێشنیازی چی دیکەم بۆ دەکەیت پیری کەوڵۆس، ئێستاش من لە دوورکەوتنەوە ناو بە ناوەکانت تێناگەم؟ مامە من یەک پرسیارت لێدەکەم: ئێمەی نەتەوەی کورد، خۆمان ئایین یان پەیامبەرمان نەبوو؟ لەمیانەی ئەم پرسیارەوە بەسواری حەوت جوانوی ئەسپەمەڕۆ دەیگێڕنەوە بۆ نێو قووڵایی مێژوو، لەوێوە لە پانوڕامای گەشەکردنی بیری مرۆڤ بۆ دۆزی ئایین و سەردەمەکانی میترایی و سروشتپەرستی و ئێزدی و زەردەشتیان و مانی و مەزدەک و بودا و یارسان دەڕوانێت و ئاشنای دەکەم بە دابونەریتی کوردانێکی بەرلە تێکەڵبوون بە داگیرکەر و بیانیی و کەلتوری داگیرکەران.
* بە چ جۆرە ستایلێکی ئەدەبی ئەم رۆمانەت نووسیوە؟
ئەم رۆمانە رۆمانێکی مێژووییە و بە ستایلێکی تایبەت بە خۆم نووسیومە، کە سەر بە قوتابخانەی رۆمانسیزمە، گەڕاومەتەوە نێو  قووڵایی مێژوو.
* رۆڵی ژن لەم رۆمانەدا چۆن بەرجەستە کراوە؟
یەکێک لە شاکەس یان گوتیاری نێو رۆمانەکەم دایکە چل جوانوە و رۆڵێکی زۆر کاریگەر دەبینێت لە چەن شوێنێکدا، سەرباری دەرخستنی رۆڵی ئەو ژنانەی لەنێو رۆمانەکەدان کە جەندەها چیرۆک لەخۆ دەگرێت و زۆر بە وردیی باس لە بوێریی و ئازارەکانیان دەکەم.
* دوای ئەم رۆمانە بە نیازیت رۆمانێکی دیکە بنووسیت؟
بێگومان دەینووسم، ئێستا سەرقاڵی نووسینی رۆمانێکی دیکەم بەناوی (ئاهـ لە بیرم چوو بژیم) کە یادەوەریی ژنە ئەندازیارێکی نێو یەکێک لە پارکەکانە و لەم رۆمانەدا شاکەس یان گوتیار لە کۆتایی رۆمانەکەدا کاتێک دێتەوە نێو ژیان و لە نووسینەوەی سەربوردەی گەشتەکان تەواو دەبێت، بەسەر هەموو ئەو دەنگانەدا هاوار دەکات کە دەیانویست زەوتی بکەن و دەڵێت: بەسە.. بەس، ئێوە بێدەنگبن، ئیدی دەمەوێت بەبێ ئێوە بیربکەمەوە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان