کەرکوک - رزگار شوانی
لقی کەرکوکی یەکێتیی نووسەرانی عیراق، مینبەرێکی رۆشنبیرییە کە نووسەران و رووناکبیرانی شارەکە بە هەموو نەتەوەکانییەوە کۆدەکاتەوە و زیاتر لە بیست ساڵە چالاکیی ئەدەبی و هونەریی جۆراوجۆر رێکدەخات.
چالاکییەکانی لقەکە لە ئێوارە کۆڕی شیعر و واژووکردنی کتێب و میوانداریکردنی نووسەرانی پارێزگا جۆراوجۆرەکانی عیراق و بەڕێوەچوونی چالاکییەکان بە زمانی عەرەبی و کوردی و تورکمانی و ئاشووریی و پێکهاتە جیاوازەکانن.
ئەدیب محەمەد خزر، سەرۆکی لقی کەرکوکی یەکێتیی نووسەرانی عیراق کە لە نەتەوەی عەرەبە، بە دوالاپەڕەی (ئەدەب هونەری کوردستانی نوێ)ی رایگەیاند: چالاکییەکانی لق بەردەوامییان هەیە و تائێستا زیاتر لە 57 ئێوارە کۆڕی ئەدەبیی رێکخستووە، لەوانە واژووکردنی کتێب و میوانداریکردنی نووسەرانی بەغدا و موسڵ و هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کفری و سەلاحەدین، هەروەها ژمارەیەک چالاکیی تایبەتی ئەنجامداوە، دیارترینیان:
فێستیڤاڵی جەماعەت کەرکوکی نێودەوڵەتیی -خولی دووهەم، بە بەشداریی نووسەرانی سەرجەم پارێزگاکان جگە لە شاعیرانی کەرکوک، شاعیرانی دانیشتووی سوید و دانیمارک بەشداربوون، هەروەها کۆڕی شیعریی بەندەر ئوغڵو– خولی دەیەم، کۆڕی ئیسماعیل رۆژبەیانی بۆ کورتە چیرۆک -دانیشتنی یازدەهەم، کۆڕبەندی قەحتان هورمزی-خولی نۆیەم، دیداری جەلیل قەیسی -خولی چواردەهەم، کۆڕی شیعری بەرگریی-دانیشتنی دوانزەهەم، کۆڕی شیعری جان دەمۆ - دانیشتنی سیانزدەهەم، ئاهەنگی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەران له کەرکوک (پێشبڕکێی ئەدەبیی)، پێشبڕکێی شاعیرانی لاو دیداری (عەدنان ئەبو ئەندەلوس)، پێشبڕکێی شاعیر(لەتیف هەڵمەت) بۆ شیعری شاعیرانی گەنج، پێشبڕکێی بەهجەت غەمگین بۆ شاعیرانی لاو، پێشبڕکێی شیعری ئاشووریی بۆ شاعیرانی لاو، پێشبڕکێی شیعری سۆفی سەید بەیرام – خولی دووەم، ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی تورکمانی، ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی، ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی ئاشووری، ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی عەرەبی، پێشانگای کتێبی حەویجە - خولی سێیەم، پێشانگای فۆتۆگرافیی لە حەویجە، یەکەم فێستیڤاڵی شیعری عەرەبی لە حەویجە، خولی نووسینی کورتە چیرۆک -یەک هەفتە، خولی پاراستنی کەلەپووری بەرجەستە- یەک هەفتە، فێستیڤاڵی کەلتوریی نەورۆز، رۆژی جیهانیی شانۆ، نمایشکردنی شانۆگەریی (ئازاری ئافرەتێک) لە تایم مۆڵ، نمایشکردنی شانۆگەریی(ئالوودەبوون) لە هۆڵی تسعين، کۆڕبەندی سەرگۆن پۆلس- دانیشتنی دوانزەهەم، کۆڕی کەلتوریی داقوق، کۆڕی کەلتوریی تازە، بەڕێوچوونی دوو ئێوارەی شیعریی له هەولێر له ماوەی مانگی رەمەزاندا، به شداریکردنی 25 شاعیر له دووەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیریی خورماتوو به شداریکردنی 21 شاعیر و رەخنەگر له چوارەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیریی تورکمانیی له هەولێر، ئەنجامدانی چالاکیی رۆشنبیریی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە شاری کەرکوک.
هەورەها رێکخستنی یەکەمین کۆبوونەوەی پێکەوەژیان بە بەشداریی رێکخراوه رۆشنبیریی و هونەریی و راگەیاندنەکان، بەشدارییکردن له خولی فێستیڤاڵی شانۆی کەرکوک- خولی فەلەکەدین کاکەیی، سەردانیکردنی ماڵی نووسەرانی بەتەمەن و نەخۆش، بەشداریکردن له رێوڕەسمی به خاکسپاردنی
نووسەرانی کۆچکردووی کەرکوک، ئاهەنگگێڕانی رۆژی جیهانیی زمانی عەرەبی، پێشبڕکێی کورتە چیرۆکی کەرکوک -خولی چیرۆکنووس نوسرەت مەردان، پێشەنگای کتێب لە قوتابخانەی ئامادەیی کچان، پاڵپشتیکردنی قوتابخانەکانی کەرکوک بۆ بڵاوکراوەی نووسەرانی عیراقی.
ئەدیب محەمەد خزر روونیشیکردەوە: کۆی چالاکییە رۆشنبیری و ئەدەبییەکانی یەکێتیی نووسەران و نووسەرانی کەرکوک، گەیشتونەتە زیاتر لە 83 چالاکیی و لقەکە بووە بە یەکێک لە چالاکترین یەکێتییە ئەدەبییەکان لە عیراق لە ساڵی 2024دا، وتیشی: یەکێتییەکە یادی 20 ساڵەی دامەزراندنی کردەوە کە لە ساڵی 2005 دامەزراوە و یەکەم هەڵبژاردنی لە ساڵی 2010 ئەنجامداوە، دوایین هەڵبژاردن (خولی پێنجەم) لە ساڵی 2023 ئەنجامدرا و هەڵبژاردنی داهاتوو (خولی شەشەم) لە کۆتایی ساڵی 2025 بەڕێوەدەچێت. وتیشی: سەرەڕای نەبوونی پشتیوانیی حکومەت، یەکێتیی نووسەرانی کەرکوک، بەردەوامە لە چالاکیی و جەخت لەسەر رۆڵی خۆی دەکاتەوە لە بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتوریی شاری کەرکوک و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیان و هەمەچەشنەیی ئەدەبیی و هونەریی لەنێو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیدا.