كەشتییەكەی سیسیۆس

گەشتێك بەناو دەریای فەلسەفەدا

10:56 - 2025-02-06
ئەدەب و هونەر
2536 جار خوێندراوەتەوە

ئاوات ئەحمەد سوڵتان

دەربارەی سیسیوس و کەشتییەکەی

(17)


زۆرجار لەبارەی سیسیوس و کەشتییەکەیەوە پرسیارم لێدەکەن، بۆچی ئەو ناوەم لێناوە؟ لێرەدا باسی ئەوە دەکەم. بەڵام سیسیوس کێیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر درێژە دەکێشێت، بەڵام بەکورتی دەڵێم: پاڵەوانێکی ئەفسانەییە، بە خۆی و کەشتییەکەیەوە چووە بۆ دورگەی کریت تا میناتۆرەکە بکوژێت. ئەمە درنجێک بوو کە کەللەی گا بوو، بەڵام جەستەی مرۆڤ بوو. شا مینۆس ئەم میناتۆرەی لە ناو لایبرینسێکدا زیندانیکردبوو، زۆری لە ئەسیناییەکان کردبوو کە هەر نۆ ساڵ جارێک کەشتییەک بە چەند کوڕ و کچێکەوە بنێرن تا بیانکات بە خۆراکی میناتۆرەکە، تا دواجار سیسیوس میناتۆرەکە دەکوژێت و ئەسیناییەکان لەو بارەگرانە رزگار دەکات. چیرۆکەکە درێژە، با ئەمە پوختەیەکی بیت.
دوای گەڕانەوەی سیسیوس بە سەرکەوتوویی، کەشتییەکەی لەسەر کەنار جێهێشت و ئەسیناییەکان کردیان بە ئاهەنگ و رێزیان لە سیسیوس نا و دوای مردنی وەک یادەوەرییەک کەشتییەکەیان پاراست. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا هەر پارچەیەکی کەشتییەکە بڕزییایە، پارچەیەکی رێک وەک خۆییان دروست دەکرد و دەیانخستەوە جێگای رزیوەکە، تا وای لێهات وردە وردە هەموو پارچەکانیان گۆڕی. ئێستا پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا ئەو کەشتییەی کە هیچ پارچەیەکی کەشتییە ئەسڵییەکەی تێدا نەماوە، هەر هەمان کەشتییەکەی سیسیوسە؟
با ئاسانتری بکەمەوە: ئەگەر کەشتییەکە لە 100 پارچە پێکهاتبێت و ساڵانە دوو پارچەی لێ گۆڕابێت؛ بێگومان ساڵی یەکەم و دووهەم و تا چەند ساڵێک ئەوە هەر کەشتییەکەی سیسیوسە (گەرچی گوزارشتەکە زۆریش ورد نییە، بەڵام با ئەمە فەرامۆش بکەین. دوای نیو سەدە کەشتییەک لە بەندەری پیرایەسی ئەسینا راوەستاوە کە هیچ پارچەیەکی کەشتییەکەی سیسیوسی تێدا نەماوە! 
هەر بە راست، ئایا ئەم کەشتییە هەمان ئەوەی پێشووە؟

هیراکلیتۆس و پارمێنیدیس ״دوو نیوەپەیکەری یۆنانی״

 

مەتەڵەکە هەر ئەوەندە نیە؛ لە سەدەی حەڤدەدا فەیلەسوفی ئینگلیزی (تۆماس هۆبز)، سیناریۆیەکی دیکەی بۆ مەتەڵەکە زیاد کرد: بە راست ئەگەر یۆنانییەکان هەرجارەی پارچەیەکیان گۆڕیبێت، پارچەکەی تریان نۆژەن کردبێتەوە و هەڵیان گرتبێت، کاتێک هەموو پارچەکانیان عەمبار کرد، ئینجا دەست بکەن بە پێکەوەنانی پارچەکان و دروستکردنەوەی کەشتییەکە. ئێستا دوو کەشتیمان هەیە کە دەقاودەق لەیەک دەچن، ئەم دووانە کامیان کەشتییەکەی سیسیوسن؟ ئاخر خۆ ناشێت هەردووکیان هەر هەمان کەشتی بن، وایە؟
لە حاڵەتی یەکەمدا کەشتییەکمان هەبوو کە هیچکام لە پارچەکانی کەشتییە ئەسڵییەکەی تێدا نیە، لە حاڵەتی دووهەمدا کەشتییەکی دووهەممان هەیە کە رێک لە پارچە ئەسڵییەکە پێکهاتووە، بەڵام لەسەر کەناری دەریا کەشتییەکی دیکەمان هەیە، بەویان دەڵێین کەشتییەکەی سیسیوس. مەسەلە چیە؟ ئاگاداربە، ئێمە گەمە ناکەین، ئەمە پرسێکی زۆر جدییە! چۆن؟ لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ هەیە: ئایا ئەو شتەی هەموو پارچەکانی دەگۆڕێن، وەک خۆی دەمێنێتەوە یان نا؟ بە شێوەیەکی دیکە پرسیارەکە دادەڕێژم: ئایا شوناسی شتێک لە پارچەکانیدایە؟ واتە شتێکی ئاوێتە بە تەنها کۆکراوەی پارچەکانێتی، یان شتێکی دیکەیە؟
لەو قسانەی سەرەوە دەتوانین گریمانەیەک بکەین، تۆ بڕوانە ئەم گوزارشتە: شتە ئاساییەکان گەرچی هێواش هێواش دەگۆڕێن، بەڵام هەر دەمێننەوە و هەر هەمان شتە ئاساییەکەی ئەوسان! 

 

 

دوای گەڕانەوەی سیسیوس بە سەرکەوتوویی، کەشتییەکەی لەسەر کەنار جێهێشت و ئەسیناییەکان کردیان بە ئاهەنگ و رێزیان لە سیسیوس نا و دوای مردنی وەک یادەوەرییەک کەشتییەکەیان پاراست

یانی، ساڵی پار پاڵتۆیەکی جوانم کڕی، ئەمساڵ کە ویستم لەبەری بکەم، بینیم یەکێک لە قۆپچەکانی کەوتووە، بردم بۆ بازاڕ و قۆپچەیەکی رێک وەک ئەوانیترم بۆ دانایەوە. باشە، ئەمە هێشتا پاڵتۆکەی خۆمە، دەتوانم وا بڵێم؟! بەڵام ئەی کەوڵەکۆنەکەی قەڵتاغەفەنی ناو تەمسیلی پاڵتۆ؟ ئەگەر خەیاتەکە رازی ببێت یەک یەک هەموو پارچە پواوەکانی بۆ بگۆڕێت و لەبەری بکات و بچێت لەبەر ئاوێنەکە سەیری خۆی بکات، ئایا سەیری هەمان پاڵتۆکەی خۆی دەکات؟ بە راست، لە رووی زانستییەوە ئەوە سەلمێنراوە، کە هەر شەش ساڵ جارێک، تەواوی خانەکانی لەشی مرۆڤ دەگۆڕێن و خانەی دیکە دێنە جێگایان، واتە رێک وەک کەشتییەکەی سیسیوس، گۆشت و خوێن و ئێسک و دەمار و هەموو شتێکت دەگۆڕێت. ئایا تۆ هەر ئەوەیت کە شەش ساڵ پێش ئێستا هەبوویت؟ دەبینیت، مەسەلەکە ئەوەندەش ئاسان نیە.

میناتۆر ״نەخشی سەر گۆزەیەکی یۆنانی״

 ئایا دەتوانین گریمانەکەی سەرەوە بگۆڕین بۆ پڕنسیپێک و کاری لەسەر بکەین؟ لەبەرئەوەی گۆڕانکارییە هێواشەکان نابنە هۆی لەناوچوونی شتە ئاساییەکان، کەواتە ئەو کەشتییەی لەسەر کەنارەکە راوەستاوە، هەر هەمان کەشتییەکەی سیسیوسە، قەڵتاغەفەنی هەر پاڵتۆکەی خۆی لەبەردایە، گەرچی شەش ساڵیش تێپەڕیوە، بەڵام تۆ هەر هەویت. بێگومان تۆش هەست دەکەیت کێشەیەک لێرەدا هەیە. بۆ زیاتر روونکردنەوە با گریمانەکەمان پێچەوانە بکەینەوە: ئەگەر پارچەکانی شتێک نەمان، ئەوە شتەکەش نامێنێت؛ واتە دوای تێپەڕینی شەش ساڵ تۆ چیتر ئەوە نیت کە هەبوویت!  با روونتری بکەمەوە: بەڕاست منداڵەکەی سی ساڵ لەمەوبەر تۆ بوویت؟
با بچینەوە بۆ لای کەشتییەکە، کە پارچەیەکی لێ دەگۆڕین، هەر کەشتییەکەی سیسیوسە، دوو پارچە، سێ پارچە  و... هتد لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا کەشتییەکمان دەبێت کە هەر کەشتییەکەی سیسیوسە. یانی هەر بەڕاستی کەشتییەکەی سیسیوسە، گەرچی هەموو پارچەکانیشی گۆڕاون؟
بەڵام بۆ حاڵەتی دووهەمیان چی؟ چارەسەری گرفتەکەی هۆبز چیە؟ چونکە لێرەدا دوو کەشتیمان هەیە؟ یانی ئەگەر لە یەک کاتدا منداڵەکەی سی ساڵ لەمەوبەر و تۆی ئێستا بێنە بەردەمی من، بڕوا بە کامتان بکەم، کامتان هەون؟ دەزانم ئەمیان هێندەی کەشتییەکە ئاسان نیە، بەڵام تۆ واز لە پرسە تەکنیکییەکان بهێنەو خەریکی ئەرگومێنتە فەلسەفییەکە ببە. سەیری هەردوو گریمانەکە بکە: دەبینیت هەریەکەیان لە روویەکەوە ماقووڵیی خۆی هەیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناشێت هەردووکیان راست بن. با هەردووکیان پێکەوە دابنێمەوە، بەڵام بۆ ئاسانکاریی گۆڕانکاریی لە داڕشتەکەیاندا دەکەم، بێ ئەوەی دەسکاریی ماناکانیان بکەم.:
1. شتەکان لەگەڵ گۆڕانی هێواشدا وەک خۆیان دەمێننەوە.
2. شتێک هەموو پارچەکانی گۆڕا، ئیتر ئەو شتە نیە.

 

عومەری کەریم ئاغا و ئەحمەد سالار - شانۆیی پاڵتۆ

 
چارەسەر چیە؟
دەتوانین بیر لە چەند شتێک بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، لە لایەکەوە دەتوانین بڵێین: شوناسی شتەکان، بوونی شتەکان، پەیوەندیی بە بەشەکانییەوە نییە. ئەوەی لە کۆمەڵێک پارچە دروست بووە بە تەنها کۆکراوەی پارچەکان نییە، بەڵکو خۆی وەک گشت و بەجیا، بوونی هەیە. بەمجۆرە ئەو کەشتییەی دوای پەنجا ساڵ هەمانە، هەمان کەشتییەکەی سیسیوس نییە، گەرچی پارچەکانیشی بە هەمانشێوە ریزکراون. ئەمە چۆن؟ کرێکارەکەی دراوسێم پیکێکی هەیە چیمەنتۆی پێ دەشکێنێت، لە دەسکێکی دار و سەرێکی قورسی ئاسن پێکهاتووە، بەیانییەک دەچم دەسکەکەی دەگۆڕم و رۆژی دواتریش سەرە ئاسنەکەی بۆ دەگۆڕم، ئەو گەرچی کاری خۆی پێ دەکات، بەڵام ئایا ئەوە هەر پیکەکەی ئەوە؟
یان چۆنە هەر لە بنەڕەتەوە نکۆڵی لە بنەمای گۆڕان بکەین: لەگەڵ گۆڕانی هێواش و پلە بەپلەدا، شتەکان هەر دەمێنن. دەبینیت، لێرەوە دیسان دەچینەوە سەر کێشەکەی نێوان هێراکلیتوس و پارمێنیدیس، یانی ئەگەر لەگەڵ هێراکلیتوسدا بڕۆین دەبینین لەگەڵ گۆڕینی هەر پارچەیەکدا، کەشتییەکی نوێمان دەبێت، واتە تۆ هەر شەش ساڵ جارێک مرۆڤێکی دیکەیت؛ یان پارمێنیدیس کە گۆڕانی بەلاوە وەهمە و پێمان دەڵێت: تۆ هەر ئەوەیت کە لەسەرەتادا هەبوویت و هەر وەهاش دەمێنیتەوە، هەموو گۆڕانەکان وەهمن. واتە پارمێنیدیس بە قسەکەی هێراکلیتوس رازیی نیە و جار لەدوای جار لە هەمان رووباردا مەلە دەکات. کەواتە مەسەلەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە سەرەتا هەستت پێکرد، ئەمە پرسی گۆڕان و گەشەکردنە، پرسیارێکی گەورەی بۆ فەیلەسوف و بیرمەندان دروست کردووە؛ پرسیارێکی هەتا بڵێی لۆجیکی: ئایا ئەو شتانەی دەگۆڕێن؛ وەک خۆیان دەمێننەوە؟ بۆ نموونە: ئاغای جۆن لۆک جووتێک گۆرەوی هەبوو زۆر بەلایەوە پەسەند بوو، رۆژێکیان سەیری کرد پاژنەکەی دڕاوە، پینەیەکی لێدا و بیری کردەوە «ئەگەر جار لەدوای جار لە شوێنی ترەوە بدڕێت و منیش پینەی بکەم، تا دەگاتە ئەوەی هیچ بەشێکی گۆرەوەییە ئەسڵییەکە نامێنێت؛ ئایا هەر هەمان گۆرەوییەکەی خۆمە؟»
با بچینەوە بۆ یۆنان، ئەرەستۆ دەڵێت: «چوار هۆی سەرەکی هەن بۆ ئەوەی شتێک هەبێت»، لە رێگای ئەمەوە دیسان بیر لە مەسەلەکە بکەرەوە. کەواتە لەکۆتاییدا ئەوەی هەمانە کەشتییە، بەڵام ئایا کەشتییەکەی سیسیوسە؟

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان