لەبارەی گرفت و چارەسەرەکانی قەزای خانەقییەوە

جواد فەیزوڵڵا: كێشەی كارەبای خانەقی چارەسەر دەبێت سۆزان مەنسور: سكاڵا تۆمار دەكەم

01:18 - 2025-02-09
دووتوێ
71 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی:  تەها نەجم  

جواد فەیزوڵڵا، قایمقامی خانەقی

سۆزان مەنسور، پەرلەمانتار

 

 یەکێک لە کێشەکانی خانەقی كێشەی كارەبایە، لە وەرزی زستاندا بچرانی كارەبا و لە هاوینیشدا، زۆرترین جار كارەبای شارەكە تووشی بڕان و پچڕان دەبێتەوە، بەوپێیەی پلەی گەرمیی ناوچەكە گەیشتووەتە ئاستی ریزبەندیی یەكەمی شارەكانی جیهان، جگە لەوەش زۆریی پارەی كارەبا، هاووڵاتیانی هەراسان كردووە، ئیدارەی قەزاکەش جەخت لە هەوڵەكانیان دەكەنەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

گەورەترین پڕۆژە لەبەرنامەدایە
جواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقی لەو بارەیەوە رایگەیاند: پلانمان هەیە كێشەی كارەبای خانەقی بەتەواوی چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەش دەرخستەی پڕۆژەیەکمان داوە بە پارێزگای دیالە، ئێستاش پڕۆژەیەكی گەورە بۆ شارەكە دەرچووە، كە پڕۆژەی بەرهەمهێنانە بە وزەی خۆر و ئاستی بەرهەمهێنانی 126 كەی ڤی-ەیەو بەوەش بە تەواوی كێشەی كەمی  و پچڕانی كارەبا چارەسەر دەبێت.
وتیشی: لەسەر ئاستی دیالە، گەورەترین پڕۆژەی وزەی خۆر بۆ تەواوی قەزاو ناحیەكان جێبەجێ دەکرێت، پشكی ئێمە لەو پڕۆژەیە كە لەگەڵ ئەو كارەبایەی لە ئێرانەوە دێت و ئەوەشی پێشتر هەبووە، بەهیچ شێوەیەك كێشەیەك نامێنێت بەناوی کێشەی كارەبا، بەڵام ئەوە كاتی دەوێت.
خەڵكەكە توانای دارایی لاوازە 
هەر لەو رووەشەوە هاووڵاتی: محەمەد عەبدولڕەحمان دەڵێت: من عەرەبانەم هەیە لەناو شاردا، كاری دەستگێڕی دەكەم، چۆن بتوانم هەموو مانگێك 50 هەزار بدەم بە کرێی كارەبا؟، لەكاتێكدا لە شوێنەكانی تر 25 هەزار دینار دەدەن، ئێمە داهاتمان دیاریكراوە، ناتوانین هەموو مانگێک ئەو پارەیە بدەم و ئەوە بە ئێمە كۆناكرێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە هاووڵاتی شیرین حسێن، روونیدەكاتەوە کە خانەقی دوو جۆر مووچەی تێدایە، بەشێكی فەرمانبەران لەسەر هەرێمن، بەشەكەی تریان مووچە لە عیراق وەردەگرن، ئەمە كاریگەریی هەیە، هەركات مووچە دوادەكەوێت، دۆخی ئابووریی شارەكە لاواز دەبێت، كار و كاسپی كزدەبێت، بۆیە داهاتی خەڵكەكە بەرز و نزم دەكات، ئاسان نییە مووچەخۆر، یان كاسبکار بتوانێت ئەو پارە زۆر بدات، لەکاتێکدا بەشێك لە هاووڵاتیان كرێچین.
سكاڵا تۆمار دەكەم 
هەر لەوبارەیەشەوە سۆزان مەنسور ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بۆ كوردستانی نوێی خانەقی وتی: دوو جۆر ستەم لە خانەقی دەكرێت، یەكەم پارەی باجی كارەبا دوو هێندەی ناوچەكانی تری دیالەیە، هەروەها خانەقی بەو مێژووە دێرینەوە فەرمانگەی كارەبای تێدایە، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەكەی براوەتە جەلەولا.
وتیشی:  سكاڵا تۆمار دەكەم، لەهەر كەمتەرخەمییەك لەو بارەیەوە، وەزیریشم لەو رووەوە ئاگادار كردووەتەوە. 

رامانگرتووە
قایمقامییش لەوبارەیەوە دەڵێت: خانەقی نزیكەی 10 ملیار دینار پارەی كارەبا قەرزارە، ئێستا ئەوەمان راگرتووە، كێشەكە گەیەنراوەتە ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕوانی چارەسەرین.
جەختیكردەوە لەوەی دەیانەوێت وەك هەموو شوێنەكانی تری دیالە هاووڵاتیانی خانەقی-یش باجی كارەبا بدەن، بۆیە لەسەر هێڵین و دەیانەوێت  چارەسەری بكەن.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان