خانەقی و کوردستانی نوێ

01:22 - 2025-02-09
دووتوێ
101 جار خوێندراوەتەوە

هەر  نزیك دەروازەی شارەكە دەبیتەوە، یان گوزەرێك بەناو خانووە كۆن و بەرگ قوڕاوییەكانی جەلەوەدا دەكەیت، شوێن پێیەكانی سەر پردی ئەڵوەن دەبینی، تەنها تۆزێك رامانی پێویستە بۆئەوەی بزانیت، خانەقی چ بەرگێكی جوانی شارستانی و سیمایەكی رەسەنی كوردایەتیی هەیە، لە مێژوودا خەرمانێک رووداو و قارەمانییەتی دەخوێنیتەوە، لە هونەر و رۆشنبیری، دەست لە كوێی بدەیت، رەنگاڵە و هەنگامەی جوانی لێ هەڵدەتۆقێ. تەڕ، ئەوەتەی خانەقی عیشق و عاشقی و پڕچی جوان و چیرۆكی ناو كوچە باخەكانی هەیە، هەر خەیاڵی شاعیر و دەستی وێنەكێشە دەتوانێت وەسفی بكات. ئەو هەموو ماراسۆنی كوشتار و تەعریب و تەعزیبە، ئەو  هەموو شەڕە رەش و خوێناوییەی لە خەنجەر و تیرۆر و داعش بەوێدا تێپەڕین، نەیانتوانی بۆ ساتێك لە كوردایەتی كاڵی بكەنەوە، ئەم بەرگی كوردایەتی خانەقی-یە هەزار و یەك چیرۆك و داستانی لەیلا و جوامێری هەیە، هێندە ئەستوورە كوردایەتییەكەی، ئەو هەموو چاوی نەزۆك و خەیاڵی گولـلەیە  ناگاتە ورد و خاش و خۆڵی بەرزەوەبووی پێڵاوی پێشمەرگەیەكی، بەڵام حەیف تەمەنێكە تەنها خەڵكەكەی و قارەمانە چاونەترسەكانی بەدەستی بازووگرتوو مێژووەكەی دەپارێزن. نەتوانراوە وەك پێویست هەموو داستان و نەبەزینەكانی بنووسنەوە، رەسەنی و شارستانییەتەكەی كەزێی كچانی شۆخ و ئاواتی گەنجانی رۆح سووكی بنووسنەوە.
كوردستانی نوێ پەنجەرەیەكی بەڕوودا كردووەتەوە، وەك هەمیشە لەوپەڕی نیشتمانەوە لە سلێمانی هەڵمەت و قوربانییەوە هاتوون و لە مرواری بەرزتر چاوی ئومێدی خانەقی-یەكان و برینی چەندین ساڵەی لە كۆش دەگرن و چیتر شنەبای ئەم پەنجەرەیە بەسەر مەراقی دایكی شەهیدەكانیدا دەشەكێتەوە و خانەقی- خانەقیانە دەنووسنەوە.
كتومت ئەم شارە لەناوجەرگەی شوێنێكی ستراتیژی و كاریگەر و لەنێوان دوو چاخی داكوتاوی سەختدا ماوەتەوە، هێندەی شەڕو ئەسپی سوپای جۆراوجۆری تێدا غاردراوە، هێندەی داستان و رووداوی جۆراوجۆری بەخۆیەوە بینیووە، پڕە لە بابەتی مێژوویی و ئابووری و كۆشك و تەلار و شارستانیی مەزن، هەر بەوەشەوە نەوەستاوە چەندین كەڵەپیاو و نووسەر و سیاسەتمەدار و وەرزشكاری گەورەی تێدا هەڵكەوتووە، هەر خودی سەروسیمای شارەكە چەندین ئاماژەی روونی تێدایە كە كەیفیان بە كاری رۆژنامەوانی دێت. مخابن نەتوانراوە وەك پێویست لەڕووی كاری راگەیاندن و رۆژنامەوانییەوە گرنگیی زیاتری پێبدرێت، ناتوانم پیاهەڵدان بە پێشنیاز و داهێنان و خۆڕاگریی سەرنووسەر و ستافی رۆژنامەكەدا بكەم، بەڵام هاتنیان بۆ خانەقی و گوێگرتنیان و خەمخۆرییان، گەلێك خۆشحاڵی كردین،  هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی رۆشنبیریی بەرامبەر بە خانەقی كارێكی پیرۆزە،  ئیدامەدانی ئەم بیرۆكەیە لەئەستۆی قەڵەم بەدەست و رۆژنامەنووسانی خانەقییە، كە كەلتور و شارستانیی و رووداوەكان وەك خۆی و بەپێی كاریگەریی پێشكەوتنی ژیانی هاووڵاتیان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بخەنەڕوو، ئیدی وا هەنگاوی یەکەم دەستیپێکرد و بەهیوای بەردەوامیی کاروانەکە.  

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان