جەمال ئەكبەر كاكەیی*
وەكو هەموو سیاسییەكان دەزانن، قۆناغی ئێستا بۆ كاری سیاسی لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، یان ״ناوچە كێشە لەسەرەكان״، بۆ کورد، گەلێك هەوراز و نشێو و لەمپەر و پیلانی گەورەی لەبەردەمدا دروستكراوە، بەتایبەتی كە بەرنامەی بەشێك لە شۆڤێنیست و كۆنە بەعسییەكان لەو ناوچانە لە سنووری دیالە و دەڤەری گەرمەسێر و خانەقی بەتایبەتی لە جموجوڵدان و ئەجێندا و بەرنامەی پیلانگێڕییان هەیە و بە وردی كاری لەسەر دەكەن. ئەوەش بۆئەوەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی عیراقدا زۆرترین كورسی بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن و دەرفەت نەهێڵنەوە كورد كورسی بەدەست بهێنێت، تا قۆرغی دەسەڵاتی تەواو لە ناوچەكەدا بكەن.
هەمووان دەزانین كە پێكهاتەی پارێزگای دیالە و ناوچەی گەرمەسێر و خانەقی هاوشێوەی عیراقێكی بچووكە، ناوچە كوردنشینەكانی سەربە پارێزگایەكی پڕلە كێشەی لەو جۆرە هەمەلایەنە، چونكە لەم سنوورەدا پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و عەشایەرییەکانی نێوان پێكهاتەكان، زۆر بەھێز و تۆكمەیە لەگەڵ یەكتریدا، بەڵام عەقڵییەتێکی شۆڤێنیی ناحەزانە و دوژمنکارانە لەپێناوی مەرام و بەرنامەی سیاسیی خۆیاندا لە هەوڵی پیلانگێڕی و دروستكردنی لەمپەڕ و كێشە و گرفتدان لەبەردەم گەشەكردنی ژیانی ئارام و ئاسودەی خەڵكەکەیدا، بۆئەوەی ئەو پەیوەندییە مێژووییانەی نێوان پێكهاتەكان لێكبترازێنن و نائارامی بهێننە كایەوە و ئەجێندا و بەرنامەی سیاسی خۆیان جێبەجێ بكەن، بەڵام خەڵكی ئەم ناوچەیە بەگشتی و جەماوەری شاری خانەقی بەتایبەتی، چاوكراوەن و لێكدانەوەی وردیان بۆ هەموو پێشهات و ئەگەرەكان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوەدای ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیانن و چاوەڕوانی كار و پرۆژەی خزمەتگوزارین لەلایەن حكومەتی خۆجێی پارێزگای دیالەوە جێبەجێ بكرێت، بۆیە هەر هەوڵێك لەو ڕووەوە لەلایەن شۆڤێنییەكانەوە دەدرێت، پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسی و هەموو دابونەریت و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانە لە ناوچەكەدا، ئەوكات رەوشەكە لەگەڵ پێشكەوتن و رەوتی دیموكراسیدا ناگونجێت، كەواتە ھیچ پیلانگێڕییەك ناتوانێت لەمپەر لەبەردەم بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی دیموكراسی و تەبایی و پێكەوەژیان دروست بكات.
بە تێڕوانینی هەمووان، دەكرێت هەموو ھێزە سیاسییەكان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بەرنامە و ئەجێندای جیاجیای خۆیان لەنێو جەماوەردا باسبكەن و داوای دەنگ بكەن، نەك بەپێچەوانەی بنەمای دیموكراسییەوە بجووڵێنەوە كە لە ئەنجامدا دەبێتە مایەی لەباربردن و خراپبوونی رەوشی ئاسایشی هاووڵاتیانی ناوچەكە و بێئومێدبوونی جەماوەر بە چارەنوسی نەوەكانیان لە ئێستاو ئایندەدا.
كەواتە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئایندە لە عیراقدا بۆ ھێزە سیاسییە كوردستانییەكان و ناوچە دابڕێنراوەكان چارەنووسساز دەبێت، كە پێویستە هەموو حزب و لایەنە كوردستانییەكان، بە لیستێكی یەكگرتوو لە پڕۆسەكەدا بەشداری بكەن، چونكە ئەگەر لە پڕۆسەكەدا ئەنجامی باش بەدەست نەھێنرێت، ئەوا ناسنامەی ناوچە دابڕێنراوەكان لە پارێزگای دیالە لەدەست دەردەچێت، كە مێژوو شاھیدە هەزاران رۆڵەی جوامێری گەلەكەمان لەپێناویدا خوێنی خۆیان بەخشیووە و هەزاران خێزانیش تووشی دەربەدەری و ئاوارەیی و نەهامەتی و ئازار و ئەشكەنجە و زیندان بوونەتەوە، ئەوكات مێژوو رەحم بەكەسمان ناكات، بۆیە یەكخستنی نێوماڵی كورد و یەك لیستی هاوبەش لە ناوچە دابڕێنراوەكانی سنووری دیالە، ئایندە و ئەنجامێكی پرشنگدار بۆ ناوچەكە و پاراستنی ناسنامەی خانەقی و گەرمەسێر بەدی دەھێنێت.
*جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقی