خوێندنگەكانی خانەقی كۆنن و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە

01:34 - 2025-02-09
دووتوێ
88 جار خوێندراوەتەوە
یەکێک لە خوێندنگە کوردییەکانی خانەقی

راپۆرتی: کوردستانی نوێی خانەقی

مامۆستا حەسەن تاڵەبانی بۆ  کوردستانی نوێ    ی خانەقی:  نزیكەی 3500 مامۆستا و فەرمانبەرمان هەیە لەسەر میلاکی هەرێم، بەڵام یەك ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاریمان نییە، كە كاروباری ئیدارەی پێ جێبەجێ بكەین، لەم بێ مووچەیی و قەیرانەدا

بەشێكی زۆری بینای خوێندنگەكانی خانەقی كۆنن و پێویستیان بەنۆژەنكردنەوەیە، بەرپرسانی پەروەردە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان و حکومەتی لۆکاڵیی دیالەن بۆئەوەی بتوانن چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لەو بوارە جێبەجێ بکەن.

32 خوێندنگای كوردی هەیە 
مامۆستا حەسەن تاڵەبانی، بەڕێوبەری پەروەردەی خانەقی بە دووتوێی کوردستانی نوێی خانەقی راگەیاند: 32 خوێندنگەی كوردی هەن كە لەسەر پەروەردەی هەرێمی كوردستانن، زیاتر لە چوار هەزار خوێندكاریشمان هەیە لەگەڵ نزیكەی 3500 مامۆستا و فەرمانبەر.
وتیشی: بەداخەوە زۆرینەی بیناكانمان كۆنن، یاخود بیناكانمان سەربە پەروەردەی دیالەن لە سنووری خانەقی، زۆر گرنگە حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لەوە بكاتەوە، زیاتر خزمەتی ئەم خوێندنگە كوردییانە بكات، چونكە ناوچە دابڕێنراوەكان تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، ئەم ناوچانە بۆ ئێمەی كورد ستراتیژین و گرنگیی خۆیان هەیە،  دەبێت ئەوەندە خزمەتی خەڵكی ناوچەكە و بواری پەروەردە بەتایبەتی بكەین، تا هاندەری زیاتر بێت منداڵەكانیان بخەنە خوێندنگە كوردییەكان.

خزمەتگوزارییەكان زیاتر بكرێن
بەڕێوبەری پەروەردەی خانەقی (لەسەر هەرێمی كوردستان) وتیشی: خزمەتگوزارییەكان لە تەختە سپی و كتێب و پێداویستییەكانی تر دەبێت زیاتر بكرێن،  خوێندنگەكان نۆژەن بكرێنەوە بەشێوەیەكی پێشكەوتوو، بۆئەوەی كەسوكاری خوێندكاران دڵنیابن.
بەنیگەرانیشەوە وتی: نموونەیەكی ئاسانتان بۆ دەهێنمەوە، ئێمە نزیكەی 3500 مامۆستا و فەرمانبەرمان هەیە، یەك ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاریمان نییە، یەك ئۆتۆمبێلمان نییە كە كاروباری ئیدارەی پێ جێبەجێ بكەین، لەم بێ مووچەیی و قەیرانەدا.

پڕۆژە پێشكەشكراوە 
هەروەها دەڵێت لە خانەقی دوو پەروەردە هەیە، یەكێکیان هی دیالە و ئەوی تریان هی هەرێم، مامۆستا ئازاد عەبدوڵڵا مراد، بەڕێوبەری پەروەردەی خانەقی لەسەر پارێزگای دیالە بۆ دووتوێی خانەقی جەختیكردەوە: زۆرینەی بیناكانمان كۆنن، پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە یان رووخاندن و سەرلەنوێ دروستكردنەوەیە.
وتیشی: بەردەوام پرۆژە پێشكەش دەكەین، گەشبینین بتوانین بەشێك لەو خوێندنگەیانە نوێ بکەینەوە، راشیگەیاند کە لەگەڵ ئیدارەی شاری خانەقی-دا لەسەر هێڵن و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن.

داوای دروستكردنی 11 خوێندنگە كراوە 
ئەندازیار دڵشاد بەڕێوبەری بەشی پلاندانانیش لە پەروەردەی خانەقی دەڵێت: 11 پڕۆژەمان پێشكەش كردووە، كە بودجەكەی نزیكەی 5 ملیار دینارە، ئەویش بۆ دووبارە دروستكردنەوەی خوێندنگەكان، بودجەكەی لەسەر بودجەی تایبەتی شاری خانەقی بێت.
رونیشیكردەوە: دروستكردنی حەوت خوێندنگەی پێشكەوتوو لەسەر  بودجەی قەرزی كۆمپانیای چینی، ئەوە دەبێت هەوڵی زیاتری بۆ بدرێت.
سەرەڕای ئەو خوێندنگەیانە، ئەندازیارەكەی بەشی پلاندانانی پەروەردەی خانەقی حكومەتی فیدراڵ ئەوە دەخاتەڕوو: حەوت خوێندنگەی تریان كردووەتە پرۆژەكە هەموویان 12 پۆلین و زەویمان بۆ دەستنیشانكردوون بەپێی گرنگیی شوێنەكان، كە لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵ جێبەجێ بكرێن، بەم جۆرەش كێشەی بینامان نامێنێت.

هەوڵەكان بەردەوامن 
هەر لەو رووەشەوە ئەندازیار جواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقی بۆ دووتوێی کوردستانی نوێی خانەقی وتی: بەردەوامین و لە هەوڵداین، لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای دیالە قسەمان كردووە، 30 پرۆژەمان ئامادەكردووە بۆ شاری خانەقی، كە بەشێكی تایبەتە بە لایەنی پەروەردە.
جەختیشیكردەوە: لەگەڵ كۆمپانیای جوجێتی چینی كە كاریان گەڕانە بەدوای بلۆكە نەوتیەكانی دەوروبەری خانەقی قسەمان كردوەو ئەمانەوێت بگەینە رێكەوتن بۆ نۆژەنكردنەوەو دروستكردنی چەند خوێندنگایەك بۆ شاری خانەقی.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان