سەعدیە پێویستی بە پرۆژەی زیاترە

01:37 - 2025-02-09
دووتوێ
90 جار خوێندراوەتەوە
ناحیەی سەعدیە

راپۆرتی: کوردستانی نوێی خانەقی


بەڕێوبەری ناحیەی سەعدیە
ناحیەی سەعدیەی سەربە قەزای خانەقی یەكێكە لەو  ناوچانەی كە لەشەڕی گروپی تیرۆرستیی داعش زیانی گەورەی بەركەوت، جگەلەوەی خەڵكەكەی ئاوارەبوون، هاوكات بەشی زۆری بینا و ماڵی هاووڵاتیان رووخێنران و تاڵانكران، ئێستاش ئیدارەی ناحیەكە ژمارەیەك پڕۆژەی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
شێخ ئەحمەد زەرگۆشی بەڕێوبەری ناحیەی سەعدیە بۆ دوو توێی کوردستانی نوێی خانەقی وتی: خۆشبەختانە لەدوای كۆتایهاتنی شەڕی داعشەوە ژمارەیەك پڕۆژەی گرنگ لەسەر بودجە جۆراوجۆرەكانی وەزارەتەكان و پارێزگای دیالە و سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە بەركەوتەكانی شەڕی داعش چوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە.
وتیشی: نۆژەنكردنەوەی بینای شارەوانی و بینای بەڕێوبەرایەتیی ناحیەكە و بینای رەگەزنامە و دادگای شارەكە و هاوكات دووبارە دروستكردنەوەی بنكەی تەندروستی و بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شارەكە، گرنگترین ئەو پڕۆژانەن كە جێبەجێکراون.
زەرگۆشی وتیشی: بەرنامە و پلانی تۆكمەمان داناوە، بەهاوكاریی و هاوئاهەنگیی فەرمانگەكانی شارەكە دەرخستەی ئەو پڕۆژانەمان كردووە كە دەكرێت جێبەجێ بکرێن،  دواتر رەوانەی پارێزگارمان كردووە بۆ ئەوەی بودجەیان بۆ تەرخان بكرێت.
ئاماژەشی بەوەدا کە رێگەوبانی ناو ناحیەكە هیچ كێشەیەكیان نییە، هەمووی نوێکراونەتەوە و ئەوەش رۆڵی گەورەی بووە لە بەرەوپێشبردنی شارەكەدا. ئەمەش مایەی دڵخۆشییە، وتیشی: ئێمە ناوەستین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان، چونكە ناحیەكە پێویستی بە پڕۆژەی زیاترە تا زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە.
لەبارەی كردنەوەی پردی حەمرینیشەوە كە لەسەر رووباری حەمرینە وتی: بەشی زۆری كارەكانی تەواوبووە، درێژترین پردی عیراقە و بەشێوەیەكی نوێ و مۆدێرن دروستكراوە، رێگەكە كورت و پارێزراو دەكات و مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان كەم دەكاتەوە و وابڕیارە بەمزوانە بەڕووی شۆفێراندا بكرێتەوە.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان