بوكی مەندەلی، چیرۆكێك لە چوارچێوەی واقعێكی خەمناكدا

01:40 - 2025-02-09
دووتوێ
113 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: کوردستانی نوێی خانەقی

جەنگ هەمیشە كارەسات و بەدبەختی بەدوای خۆیدا هێناوە، وەك دەڵێن» جەنگ براوەی نییە»، دواجار خوێن وئازارو مەینەتی دوو لایەنەی هەیە بۆ یارو نەیار، جەنگی ئێران- عیراق-یش یەكێكە لەكارەساتبارترین جەنگەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بەتایبەت مەینەتییەكی گەورەی بەدوای خۆیدا بۆ گەلی عیراق و ئێران بەتایبەت گەلی كورد هێنا.
چیرۆكی راستەقینەی بوكی مەندەلی، یەكێكە لە چیرۆكە ناخ هەژێنەرەكانی ئەو جەنگە، بەتایبەتی كاتێك شاییەك دەكات بەشیوەن و بەئازارترین شێوە بووكەكەی مەندەلی شەهید دەبێت.
مانگی هەنگوینی
بورهان جەلال كە زاوای ئاهەنگە خەمناكەكەی بووكی مەندەلی-یە، چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە و  دەڵێت: سەرباز بووم، ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتم پێدرا، تا بگەڕێمەوە بۆ ئاهەنگی ژن گواستنەوە هاتمەوە و دەستبەجێ ئامادەكارییەكانم تەواوكرد،  وتیشی: ئەوکات لە گەڕەكی بەكری مەندەلی نیشتەجێبووین، دراوسێی ماڵی شەهید لەمیعە بووین کە پێشتر پەیوەندییەكی خۆشەویستیمان هەبوو، خێزانی هەردوولا رازی بوون و ئەوەبوو لە11/2/1983 دوای ئەوەی ئاهەنگمان گێڕا، بۆ مانگی هەنگوێنی چووینە بەغدا و دوای سێ رۆژ گەڕامەوە بۆ بەرەکانی جەنگ، وتیشی: پێشتر ئێمە دراوسێ بووین و هەردووکیشمان لە عەشیرەتی قەرەوڵوسی بووین.

چۆن رووداوەكە روویدا؟
ئەبو حەمزە لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت: دوای ئەوەی چوومەوە بۆ بەرەكانی جەنگ، لەو كاتەدا مەندەلی كە دەكەوێتە بەر بۆردومانێكی خەست و توند، تەواوی ناحیەكە لەترسدا دەچنە ناو حەشارگەوە، كە ئەوكات زۆربەی ماڵەکان دروستیان دەكرد بۆ خۆحەشاردان، لەكاتی بۆردومانەکەدا لەمیعە لەگەڵ كەسوكارەكەیدا هەوڵدەدەن بچنە ناو حەشارگەیەکەوە بەڵام قەدەری خوا وادەبێت گوللە تۆپێك بەر حەشارگەکە دەكەوێت و جگە لەخۆی چوار كەسی تریش دەبنە قوربانی كە یەكێكیان برای بوو، چەند کەسێکی تریش بریندار دەبن.
لەبارەی لەمیعەی هاوسەرییەوە کە پێشتر بەخەستی بریندار دەبێت و بەهۆیەوە هەردوو دەستی دەبڕێتەوە، سەرەتا دەبرێتە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی بەعقوبە، بۆیە لەبەر سەختیی برینەکەی رەوانەی بەغدا دەكرێت.
تووشی شۆك بووم ..!!
لەبارەی ئەوەشەوە کە چۆن هەواڵەکەی بیستووە، بورهان دەڵێت: من لەبەرەكانی جەنگ بووم، لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە بە بروسکە ئاگاداركرامەوە، كە هاوسەرەكەم  بریندارە و رەوانەی بەغدا كراوە، دەبێت دەستبەجێ بگاتە بەغدا بۆ نەخۆشخانە، بۆیە ئەویش خێرا خۆی دەگەیەنێتە نەخۆشخانە، پاشان دەڵێت: كاتێك چاوم پێی كەوت، تووشی شۆك بووم و بڕوام بە چاوەكانی خۆم نەدەكرد.
ئاماژەشی بەوە دا کە زۆر نەدار بووە و تەنها 50 دیناری پێ بووە و خەمی گەیاندنەوەی تەرمەکە و مەسرەفی پرسە و بەخاکسپاردنی بووە.
پێش شەهیدبوونی چی وت؟ 
ئەبو حەمزە دەڵێت: شەهید لەمیعە بەر لەگیان سپاردنی، تەماشایەكی كردم و زۆر ماندوو بوو، ئازاری دەچەشت و هێشتا ئەو دەیوت: ئیتر كێ ئاگای لێتبێت؟، كێ جلەكانت بۆ بشوات؟، كێ خواردنت بۆ دروست بكات؟، پاشان تەماشای دەستی كرد، كە هەردووكیان بڕدربووەوە، وتی: دەستەكانیشم نەماون، چۆن دەتوانم بژیم؟ منیش وتم: خوا گەورەیە، رەحم لای خوایە، هەموو شتێک باش دەبێت، من هەم خەمت نەبێت.
بەڵام بەداخەوە دوای 15 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی سپارد.
چۆن بەخاك سپێردرا؟
بورهان جەلال  وتی: لەبەرئەوەی زۆر هەژاربووین، لەخەمی بردنەوەی تەرمەکەی و بەخاکسپاردن و پرسەکەیدا بووم بەڵام كەسانی ریش سپی و خاوەن هەڵوێست لە عەشیرەتەكەمان لە بەغدا و لە مەندەلیش هاتن بەدەنگمانەوە و هەموو تێچووەکەیان لەئەستۆ گرت.
ئەو زاوا مەینەتبارە هێشتا دوای 42 ساڵ  وەک یادگارییەكی تاڵ  لەو رووداوە دەڕوانێت و بەو خەمەوە دەتلێتەوە.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان