د.ئەحمەد باوەڕ
لەسەر ئاستی گەرمیان و ناوچەی خانەقی و تەنانەت هەموو عیراقیش محەمەد ئەمین سەعداوی ناوێكی درەوشاوەی زۆر ناسراوبوو، بەتایبەتی لەبواری وەرزشوانی و هونەری پایسكیلسواریدا، لەم بارەیەشەوە هونەری زۆر خەیاڵی لەبارەیەوە دەگێڕنەوە بەتایبەتی لە پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی رابردوودا، ئەمەیان دەهێڵمەوە بۆ ئەوانەی هاوچەرخی بوون و زۆر لە نزیكەوە دەیانناسی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم كەسایەتییە گەورە و جوانەی شاری خانەقی لە كۆتایی حەفتاكان و تەواوی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا كتێبخانەیەكی گەڕۆكی هەبوو، رۆژانە لە شاری بەعقوبەوە وابزانم لەو ماوەیەدا ماڵەكەشی هەرلەوێ بوو، دەكەوتەڕێ و وردە وردە بەسەر شار و شارۆچكەكانی: شارەبان، خانەقی، جەلەولا و دەمەو عەسرانیش بە كۆمەڵێك كتێبی جۆراوجۆری عەرەبی و كوردی و گۆڤار و رۆژنامەی رۆژانەوە دەگەیشتە سنووری گەرمیان و لەسەر شەقامی سەرەكی (كەلار -جەلەولا) بەرامبەر ماڵی خوالێخۆشبوو ساڵح چەتاڵ دەوەستا و بەردەوام زۆرێك لە خوێنەران و تامەزرۆیانی خوێندنەوە و كتێب چاوەڕێمان دەكرد، گۆڤار و رۆژنامەمان لێ دەكڕی بەتایبەتی گۆڤار و رۆژنامەكانی ئەو دەمانەی شاری بەغدای وەك الثقافة، الطلیعة الادبیة، بەیان، رۆشنبیریی نوێ، هاوكاری و پاشكۆی عێراق-ی كوردی و... هتد. زۆر چاكم لەبیرە پاش نیوەڕوانێكی زۆر گەرمی گەرمیانی مانگی ئابی 1986 خوالێخۆشبوو مامۆستا چالاكی كوڕی مامۆستا عوسمانی مەلا مستەفای تایشەیی، كە ئەوكات هێشتا خوێندكاری ناوەندی كەلاربوو، من چاوەڕوانی كتێبخانە گەڕۆكەی سەعداویم دەكرد، پێی وتم ئەرێ دەزانی لە گۆڤاری (بەیان) دا هۆنراوەیەكت بڵاوكراوەتەوە، منیش بە تامەزرۆیی و خۆشییەكی زۆرەوە، خێرا خۆم گەیاندە سەر شەقامی گشتی (كەلار - جەلەولا ) خوالێخۆشبوو سەعداوی بەخۆی و كتێبخانە گەڕۆكەكەیەوە وەستابوو، خوێنەرێكی زۆر دەوریان لێ دابوو، چواردانەم لە گۆڤاری بەیانی ژماره (119) ساڵی 1986 لێكڕی زۆری پێ سەیربوو، بە شێوازی خانەقیی خۆمان پێی وتم : (ئەیە گشتی ئەراچەدە؟)، منیش وتم : قەسیدەیەكم لەتی نەشر كریاس) زۆری پێخۆشبوو، لەبەرخۆیەوە وتی:(موفق... موفق)، هەرواش دەرچوو لە گۆشەی لاوانی گۆڤاری (بەیان)دا پارچە شیعرێكی بێناونیشانم كە یەك لاپەڕەی تەواوی بۆ تەخانكرابوو و كاتی خۆی لەنێو (كتێبخانەی نیشتمان)ی كاك عەباس سابیری شمشێركوڵەوە، بە خوالێخۆشبوو مامۆستا مستەفا نەریماندا ناردبووم و خۆی لێی وەرگرتم بۆ بڵاوكردنەوە، بەڕاستی سەعداوی بەوكارەی خزمەتێكی یەكجار گەورەی دەكرد و ساڵانێكی زۆریش بەم كارەیەوە سەرقاڵ بوو، خوالێیخۆشبێت و لەبەهەشتی بەرینی خۆیدا جێگای بكاتەوە، بەڕاستی هەر لەم رۆژانەدا سەعداوی وەك سەربازێكی ون و زۆر بەنەداری و كەساسییەكی زۆرەوە سەری نایەوە، نە كەس باسی كرد و نە كەسیش لێی پرسییەوە.
ماڵئاوا سەعداوی ئەی بێنەواكەی شاری خانەقیی.