دەستدرێژییکردنە سەر عەقڵ:

دەروونناسیی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە، شێواندنی عەقڵ و شۆردنی مێشک

11:14 - 2025-02-10
کەلتور
209 جار خوێندراوەتەوە

د. جۆست ئەبراهام ماوریتز مێرلۆ
وەرگێڕانی بە دەستکارییەوە: هێمن عەزیز محەمەد*

 


ئەم کتێبە بە یەکێک لە بەرهەمە پێشەنگەکان دادەنرێت لە بواری لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لەسەر دەروونی مرۆڤ. کتێبەکە شیکارییەکی ورد و هەمەلایەنە بۆ چەمکی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە دەخاتەڕوو

کتێبی «دەستدرێژییکردنە سەر عەقڵ: دەروونناسی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە، شێواندنی ئەقڵ و شۆردنی مێشک» لە نووسینی د. جۆست ئەبراهام ماوریتز مێرلۆیە. کارێکی ئەکادیمیی قوڵە کە بەدواداچوون دەکات، لە کاریگەرییەکانی سیستەمی سیاسیی تاکڕەوەکان لەسەر دەروونی مرۆڤ. بۆیەکەمجار لە ساڵی 1956 ئەم بابەتەی بووە ئاماژەیەکی گرنگ لە لێکۆڵینەوەی دەروونناسیی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا. ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیرە، باس لەڕێگە تەکنیکییەکانی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵە و کاریگەریی رژێمە تاکڕەوەکان دەکات لەسەر دەروونی مرۆڤ. هەروەها باس لەوە دەکات کە چۆن دەسەڵاتە ستەمکارەکان میکانیزمە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەقۆزنەوە بۆ ئاراستەکردن و ملکەچکردنی بیرکردنەوەی تاک لە کۆمەڵگەدا و دەبێتەهۆی شێواندنی ناسنامەی تاک و لەدەستدانی سەربەخۆیی فکریی و تاکێتی تاکدا.
 مێرلۆ سەرنج دەخاتە سەر چەمکی کۆنترۆڵی فکری وەک ئامرازێکی سەرەکی کە رژێمە تۆتالیتارییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکاریدەهێنن. باس لەوە دەکات کە چۆن تەکنیکەکانی وەک شۆردنی مێشک(غسل دماغ) بۆ دەستکارییکردنی لایەنی دەروونی بەکاردەهێنرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی تاکەکان. ئەم بابەتە باس لەڕۆڵی ترس و فشاری کۆمەڵایەتی دەکات لە بەهێزکردنی ئەم کۆنترۆڵەدا، روونی دەکاتەوە کە چۆن ئەم فشارانە دەتوانن ببنە هۆی قبوڵکردنی بیرۆکە باڵادەستەکان بەبێ بیرکردنەوەی رەخنەگرانە. لێرەوە باس لەشێواندنی دەروون دەکرێت و چەمکی شێواندنی عەقڵ دێتە پێش، باس لەوە دەکات  کە چۆن فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە و رەفتارکردن هەیە. مێرلۆ نیشانی دەدات کە چۆن بەرکەوتنی بەردەوام بە بیرۆکەی باڵادەست دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و فکریی، ئەمەش بەشدارە لە بەهێزبوونی رژێمە پاوانخوازەکان.  
مێرلۆ باس لە چەمکێکی تر دەکات کە ئەویش مێشک شۆردنە (غسل دماغ) ئەو میکانیزمەیە، کە رژێمە ستەمکارەکان بۆ گۆڕینی بیروباوەڕی تاکەکان بەکاریدەهێنن. ئەو پێوایە ئەو شێوازانەی، کە بۆ دووبارە داڕشتنی ناسنامەی خودی مرۆڤەکان بەکاردەهێنرێن، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەستی خود و سەربەخۆیی. وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پرۆسە دەروونیانە. شیکارییەکانی مێرلۆ درێژدەبێتەوە بۆ رەهەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆنترۆڵی فکری، پراکتیزە دەروونییەکان بە دەرئەنجامە سیاسییەکانەوە دەبەستێتەوە. ئەوە نیشان دەدات کە چۆن کۆنترۆڵی بیرکردنەوە دەتوانێت دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕین بشێوێنێت، ئەمەش وا دەکات پاراستنی ناسنامەی مرۆڤ و ئازادیی تاک لە بەرامبەر تەحەددیاتی سیاسییدا گرنگتر بێت.
بە گشتی، دەستدرێژیی عەقڵ تێڕوانینێکی قوڵ لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و عەقڵی مرۆڤدا هەیە، لێرەوە پێویستە بڵێن کە چۆن رژێمە تاکڕەوەکان تەکنیکەکانی کۆنترۆڵکردنی دەروونی بەکاردەهێنن بۆ داڕشتنی رەفتار و بیرکردنەوەکان. پێویستە تاک کار لەسەر گرنگی هۆشیاریی رەخنەیی وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوەی فکریی و پاراستنی ناسنامەی مرۆڤ بکات.
ئەزموونە کەسییەکانی مێرلۆ وەک پەنابەرێکی هۆڵەندی لە ژێر داگیرکاریی نازییەکاندا، پاشخانی فکرییەکەی لە قاڵب دا. وەک پزیشکی دەروونی کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدانی دەروونی و کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە لەسەر تاکەکان ئەزموون کردووە، ئەمەش وای لێکردووە لێکۆڵینەوە بکات کە چۆن رژێمە ستەمکارەکان تەکنیکەکانی مێشک شۆردن بەکاردەهێنن بۆ پێکهێنانی کاریگەریی خستنە سەر دەروون.
لەسەردەمی شەڕی سارد دا، پەرەسەندنێکی بەرچاو لەبەکارهێنانی تەکنیکەکانی کۆنترۆڵکردنی دەروونی لەلایەن دەوڵەتە تۆتالیتارییەکانەوە روویدا. ئەم قۆناغە رەنگدانەوەی نیگەرانییەکی جیهانی بوو سەبارەت بەوەی کە چۆن رژێمەکان زانست و دەروونناسییان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان دەقۆزییەوە. لێرەوە دەکرێت بڵێن، کە چۆن فشارە دەروونییەکان دەتوانن ناسنامەی تاک و دەستەجەمعی بشێوێنن.
لەکتێبەکەدا رەنگدانەوەی کاریگەریی کەلتوریی باو لەسەر داڕشتنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی هەیە. لە سەردەمێکدا کە میدیا بە خێرایی پەرەی سەندبوو، مێرلۆ باسی لەوە کرد کە چۆن دەتوانرێت میدیا، وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستکارییکردنی عەقڵەکان بەکاربهێنرێت. ئەم چەمکە تا ئەمڕۆش لەگەڵ هاتنی سۆشیال میدیا پەیوەندییدارە و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر دەروونی و بیر و رەفتاری تاک بەجێبهڵێت.  ئەگەر ئەمە ناوبنرێت دەروونناسی سیاسی و بەئاماژەیەک دادەنرێت، بەو پێیەی تیۆریی دەروونناسی، بە پراکتیکی سیاسییەوە دەبەستێتەوە. نیشانی دەدات کە چۆن هۆکارە دەروونییەکان دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لەسەر رەفتارە سیاسییەکان و دروستبوونی ناسنامەی نەتەوەیی.
ئەم کتێبە بە یەکێک لە بەرهەمە پێشەنگەکان دادەنرێت لە بواری لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لەسەر دەروونی مرۆڤ. کتێبەکە شیکارییەکی ورد و هەمەلایەنە بۆ چەمکی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە دەخاتەڕوو، پێداچوونەوە بەو شێوازە دەروونییانە دەکات، کە رژێمە ستەمکارەکان بۆ ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی تاکەکان و ملکەچکردنیان بەکاریدەهێنن. ئەم شیکارییە بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی کاریگەریی سیستەمی سیاسی لەسەر هۆشیاری تاک و دەستەجەمعی زۆر پێویستە، ئەمەش گرنگی توێژینەوە لە بوارەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەرز دەکاتەوە. لە پەیوەندی بە پراکتیزە مۆدێرنەکانەوە، هەرچەندە ئەم کتێبە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا نووسراوە، بەڵام چەمکەکانی لە سەردەمی مۆدێرندا هێشتا پەیوەندییدارن. لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان و سەرهەڵدانی سۆشیال میدیا، کتێبەکە نیشانی دەدات کە چۆن دەتوانرێت ئەم ئامرازانە وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستکارییکردنی مێشک بەکاربهێنرێت. ئەم پەیوەندییە رەنگدانەوەی گرنگی شیکردنەوەی رەخنەگرانەیە بۆ ئەو بیرۆکە و زانیارییانەی کە رۆژانە بەرکەوتوو دەبین. بەرزکردنەوەی ئاستی خۆئاگاداریی مێرلۆ، تیشک دەخاتە سەر گرنگیی خۆئاگاداری وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆنترۆڵی فکری. تاکەکان بە تێگەیشتن لەو میکانیزمە دەروونییانەی کە دەبنە هۆی شۆردنی مێشک و شێواندنی ناسنامە، دەتوانن توانای بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بەرز بکەنەوە و لەڕووی فکرییەوە سەربەخۆ بن. ئەمەش بۆ پاراستنی ناسنامەی مرۆڤ و ئازادیی تاک لە بەرامبەر ستەمکارییدا زۆر گرنگە.  ئاماژەیەکی ئەکادیمی گرنگ بۆ توێژەران و ئەوانەی ئارەزووی دەروونناسی و کۆمەڵناسی و یاسا تێڕوانینێکی بەنرخ دەدات سەبارەت بە چۆنێتی کارلێکی تاکەکان لەگەڵ سیستەمی سیاسی و چۆن فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر رەفتارە سیاسییەکان و دروستبوونی شوناسە نەتەوەییەکان هەبێت. کتێبەکە بە پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و عەقڵ، بانگهێشتی گفتوگۆ و مشتومڕی بەردەوام دەکات لەسەر چۆنێتی پاراستنی ئازادیی فکریی و ناسنامەی مرۆڤ. 
مێرلۆ دەیەوێت تاک هان بدات کە بە شێوەیەکی رەخنەگرانە بیربکەنەوە و سەربەخۆ لەگەڵ بیرۆکەکاندا بەشداریی بکەن، ئەمەش پەرەپێدانی کەلتوریی دیموکراسی و ئازادیی رادەربڕینە. دەستدرێژییکردنە سەر عەقڵ کارێکی ئەکادیمی قووڵ و جوڵاوە کە تیشک دەخاتە سەر ئەو تەحەددایانەی کە تاکەکان لە ژێر دەسەڵاتە پاوانخوازەکاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە. گرنگییەکەی کات تێدەپەڕێنێت، ئامرازیی شیکاری بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی پاراستنی ناسنامەی مرۆڤ و ئازادیی فکری لە جیهانێکی گۆڕاو و ئاڵۆزدا دابین دەکات.

پەیوەندیی بە سەردەمی مۆدێرن 
ئەم بابەتە پەیوەندییەکی زۆری بە سەردەمی مۆدێرنەوە هەیە، بەو پێیەی بیرۆکە و چەمکەکانی لە زۆرێک لە دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هاوچەرخەکاندا دیارە. هەرچەندە کتێبەکە لە ساڵی 1950دا نووسراوە، بەڵام ئەو کۆنتێکستانەی کە باسیان لێدەکات، هێشتا رەنگدانەوەی ئەو ئاستەنگە بەردەوامانەیە کە ڕووبەڕووی تاک و کۆمەڵگا دەبێتەوە لە جیهانی ئەمڕۆدا لەوانە:

-1 کاریگەریی میدیا
 لە سەردەمی زانیاریی دیجیتاڵی و سۆشیال میدیادا، تەکنیکەکانی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە ئاڵۆزتر و کاریگەرتر بوون. دەتوانرێت میدیا وەک ئامرازێک بۆ دەستکارییکردنی دەروون و ئاراستەکردنی بیرۆکەکان بەکاربهێنرێت. ئەمڕۆ جەماوەر بەرەوڕووی لێشاوی بەردەوامی زانیارییە، ئەمەش مەترسیی شۆردنی مێشک و کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتی زیاتر دەکات. تێگەیشتن لەم دینامیکیانە لە چوارچێوەی هەواڵی ساختە و زانیاری هەڵەدا گرنگە کە دەتوانێت ببێتە هۆی تێڕوانینێکی درۆینە بۆ واقیع.
-2 سەرکوتی سیاسی
 چەمکەکانی کۆنترۆڵکردنی بیرکردنەوە و شێواندنی ناسنامە لە زۆرێک لە سیستەمە سیاسییە هاوچەرخەکاندا دیارە، کە هەوڵی سەرکوتکردنی ناکۆکی و ئاراستەکردنی رای گشتی دەدەن. لێرەوە دەکرێت ئاماژە بەوە بکەین کە چۆن رژێمە تاکڕەوەکان بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتی خۆیان شێوازەکانی وەک سانسۆر و زانیاری ناڕاست بەکاردەهێنن. ئەم دیاردانە هێشتا لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا بوونیان هەیە، ئەمەش وایکردووە لێکۆڵینەوەکەی مێرلۆ بە تایبەتی گرنگ بێت بۆ تێگەیشتن لە چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕژێمانە.
-3 پێشخستنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە
 لە ژێر رۆشنایی تەحەددیاتی هاوچەرخی پەیوەست بە شوناس و کۆنترۆڵی فکرییەوە، گرنگی بیرکردنەوەی رەخنەیی وەک ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکان. مێرلۆ هانی تاکەکان دەدات بۆ پەرەپێدانی خۆئاگاداری، کە وایان لێدەکات جیاوازی بکەن لە نێوان زانیاری راست و درۆدا، کە ئەمەش لە سەردەمی زیادبوونی فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان زۆر گرنگە.
-4 ناسنامە و سەربەخۆیی
لە تەوەری ناسنامە و سەربەخۆییدا، کە بابەتێکە لە سەردەمی مۆدێرندا پەیوەندییەکی زۆری هەیە، چونکە تاکەکان لە جیهانێکی هەمەچەشن و ئاڵۆزدا رووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە ناسنامەی کەلتوریی و سیاسی دەبنەوە. لێرەوە دەردەکەوێت کە چۆن رژێمە ستەمکارەکان، دەتوانن ئەم تەحەددایانە بقۆزنەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ناسنامە بەکۆمەڵەکان و پەروەردەکردنی دابەشکاریی کۆمەڵایەتی.
لەکۆتایدا، دەستدرێژییکردنە سەر عەقڵ  لەسەردەمی مۆدێرندا، ئەوە نیشان دەدات کە چۆن ئەو بیرۆکە و چەمکانەی کە مێرلۆ خستوونیەتەڕوو، هێشتا رەنگدانەوەی واقیعێکی هاوچەرخن کە بە زیادبوونی ئاڵۆزیی و تەحەدیەکان دیارییکراوە. تێگەیشتن لەم دینامیکیانە یارمەتیی تاک و کۆمەڵگە دەدات بۆ بەرزکردنەوەی ئازادیی فکری خۆیان و پاراستنی ناسنامەی مرۆیی خۆیان لە بەرامبەر فشارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. مێرلۆ بە لێکۆڵینەوە لە تەکنیکەکانی کۆنترۆڵکردن و دەستکارییکردنی دەروونی، بەشداری دەکات، لە تێگەیشتنێکی قوڵتر لە چۆنێتی پاراستنی ناسنامەی مرۆڤ و ئازادیی فکری لە بەرامبەر تەحەدای سیاسی و کۆمەڵایەتییدا.

دەربارەی جوست ئەبراهام ماوریتس میرلو
 پزیشکی دەروونی و نووسەری هۆڵەندییە، لە 24ی 1ی 1903 لە لاهای هۆڵەندا لەدایک بووە. ناوبراو بە کارەکانی لە بوارەکانی دەروونناسی کۆمەڵایەتی و سیاسییدا ناسراوە، بەتایبەتی لە شیکردنەوەی کاریگەریی دەسەڵاتە پاوانخوازەکان لەسەر دەروونی مرۆڤ . لە ساڵی 1975 کۆچی دوایی کرد و میراتێکی ئەکادیمی گرنگی بەجێهێشت کە تا ئێستاش کاریگەریی لەسەر توێژینەوە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە. کارەکانی بە ئاماژەیەکی بنەڕەتی بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و عەقڵی مرۆڤ دادەنرێت، کە رەنگدانەوەی گرنگی خۆئاگابوون و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
*ماستەر لە کۆمەڵناسی/ ئەنپرۆپۆلۆجیا

#کەلتور

بابەتە پەیوەندیدارەکان