بۆردی راگەیاندنی یەكێتی رایگەیاند، میدیای ئەودیو دێگەڵە تووشی هیستریا بووە و لە یەك كاتدا پەلاماری یەكێتی و مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرۆك كۆمار دەدەن.
بەشی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، پەلامارەكە بۆ سەر یەكێتی لەبەرئەوەیە گوایە یەكێتی لەپشت خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایانە، واتە پشتگیری لە داواكاری مامۆستایان و مووچەخۆرانی هەرێم دەكات، بەڵێ یەكێتی نەك هەر پشتگیری لە داواكارییە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەكات، بەڵكو پرسی چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەمیشە پرسی سەرەكی و كارنامە و ئەجێندای سەردانەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا و ئەنجامدانی كۆبوونەوە بووە لەگەڵ بەرپرسە حكومی و حزبییەكانی بەغدا و خاڵێكی سەرەكی بەرنامەی یەكێتی بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردن هەمیشەش سورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو پرسە و هەموو رێكارێكی سیاسی، ئیداری، یاسایی گرتووەتەبەر بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، بەڵام ئەوەی كە جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە ئەوەیە كە دەیانەوێ بە یەك تیری ژەهراوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئامانج بگرن، گوایە لەژێر خێمەی مامۆستایانی مانگرتوو لە سلێمانی (پەكەكە)ی لێیە، هەروەها ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی كە هەوڵیانداوە بچنە هەولێر بەشێكیان (pkk) بوون و دەیانەوێ ئارامی شارەكە تێكبدەن و مەترسی لەسەر هەولێر دروست بكەن.
دەشڵێت، ئەم پەیامە چەواشەكارییە هەرچەندە هیچ كەسێك بڕوایان پێ ناكات، چونكە لەلایەكەوە بە هەزاران هاووڵاتی و كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیر و مامۆستا و فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی خێمەی مانگرتووانیان كردوە و لەبەرچاوی میدیا رۆژانە لە ژێر خێمە قسە دەكەن و كەسانی دیاری شاری سلێمانین.
دەشڵێت، هەروەها جەماوەری پارێزگای هەولێریش بڕوا بەو چەواشەكارییانە ناكەن كە كادرانی پەكەكە پێویست بێت لە سلێمانییەوە بچنە پارێزگای هەولێر و ئارامی و ئاسایشی ئەو شارە تێكبدەن، چونكە هێزەكانی (پەكەكە) لە سنووری قەزاكانی مێرگەسور، سیدەكان، سۆران، چۆمان، رەواندوز بنكە و بارەگایان هەیە، واتە لە سنووری (5) قەزای پارێزگای هەولێر (pkk) هەیە و ئیتر بۆچی دەستی تۆمەت بۆ سلێمانی درێژ دەكەن، بەڵام دەیانەوێت ئەو تۆمەتانە بكەن بە بیانوو بۆ ئەوەی رێگری لە خۆپیشاندان بگرن و گووشار لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران دروست بكەن.
ئاماژەی بەوەشدەكەن، ئەوەی لە هەمووی سەیرترە، هێرشكردنە سەر سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەڕێز دكتور لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق بەرەسمی پشتگیری خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستە سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی لەسەر سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی عیراق تۆمار كرد، لەسەر تۆماركردنی ئەو سكاڵایەی سەرۆك كۆمار هەموو خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی ئەوە بوون كە میدیای هەولێر كە ماوەیەكی زۆرە گلەیی لە نوێنەرانی كورد دەكەن لە بەغدا كە لە پرسی مووچە بێ دەنگن، دەكرا سكاڵاكەی سەرۆك كۆمار بۆ دڵنیایی و دڵنەوایی خەڵك بوو چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بایەخیان پێ بدرایە، كەچی بە تانە و پلار و رەخنەی نابەجێ بڵاوی دەكەنەوە، لەسەر ئەو هەموو پەیامە چەواشە، راستییەك هەیە دەڵێن (هەر میدیاكارێك قاڵبووی ئادابی گشتی نەبێت، ناتوانێت پابەندی جێبەجێكردنی ئاداب و ئاكاری كاری میدیایی بێت). ئەگەر نا ناوهێنانی مامۆستایان كە داوای مافی رەوای خۆیان دەكەن، بە ڤایرۆس و پەكەكە و جەماعەتی مقاوەمە و تێكدەری ئاسایشی هەرێم، جگە لە لادان لە ئاكاری میدیایی هیچ رامانێكی دیكە نادات.