سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان بۆ کوردستانی نوێ :

مووچەی دوو مانگی وانەبێژانی هەولێر و دهۆك خەرج نەكراوە

12:09 - 2025-02-11
کوردستان
71 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا
یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان زانیاریی لەبارەی كاتی خەرجكردنی مووچەی دوو مانگی مامۆستایانی وانەبێژی هەولێر و دهۆك ئاشكرادەكات و ئەوە دەخاتەڕوو كە پێنەدانی ماف بە مامۆستایانی وانەبێژ، كاریگەریی خراپی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەبێت و پێویستە رێگەنەدرێت دووبارەببێتەوە.
عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی مووچەی دوو مانگی وانەبێژانی هەولێر و دهۆك خەرج نەكراوە، وەك یەكێتیی مامۆستایان بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە كرد و دڵنیامان كردنەوە كە گرفتەكە چارەسەردەكەین، وتیشی: ئەو دوو مووچەیەی مامۆستایانی وانەبێژی هەولێر و دهۆك تایبەتە بە مانگەكانی حەوت و هەشتی ساڵی رابردوو، كە لەكاتی خۆی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە دراوە و تەنیا لەم دوو پارێزگایە نەبێت، كە وەك ئەوەی پێیانڕاگەیاندن لەگەڵ مووچەی مانگی یەك، مووچەی مانگی حەوت بۆ مامۆستایانی ئەو دوو پارێزگایە خەرج دەكرێت و لەگەڵ مانگەكانی دواتریشدا مانگی هەشتیان پێدەدرێت.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، راشیگەیاند: دواكەوتنی مووچەی دوو مانگی مامۆستایانی وانەبێژی هەولێر و دهۆك، پێشێلكاریی مافی مامۆستایانە، بێگومان ئەوەش كاریگەریی لەسەر پرۆسەی پەروەردە و خوێندن دەبێت و نابێت بەو جۆرە بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە، عەلی رەوف نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست، رایگەیاندبوو: «مووچەی مانگەكانی 7 و 8ی مامۆستایانی گرێبەست، كە ئەوكات وانەبێژبووین لە سنووری هەولێر و دهۆك، دابەشنەكراوە و تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دابەشكراوە».

 

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان