هونەرمەند خالید ره‌شید، خه‌ڵكی شاری سلێمانییه و یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده دیار و ده‌نگخۆشه‌كانی كورد و خاوه‌ن ستایلێكی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی له گۆرانی وتندا. ده‌رچووی په‌یمانگە‌ی باڵای هونه‌ره له ڤێسترباری سوید، ده‌رچووی به‌شی شوێنه‌وارناسییشه له زانكۆی ستۆكهۆڵم. ساڵی 1991 ماسته‌ری وه‌رگرتووه و ساڵی 1999 له بواری موزیكدا له روسیا ده‌ستیکردووەتەوە به خوێندن و بڕوانامەی دکتۆرای له‌بواری كەلتور و شوێنه‌واری كوردستان له زانكۆی سانكتپیته‌ربورگ بەدەستهێناوە. ساڵی 1996 وه‌كو سه‌رۆكی كۆنگره‌ی هونه‌رمه‌ندانی كورد له ئه‌وروپا هه‌ڵبژێردراوه و دامه‌زراندنی ئۆركێسترای نه‌ته‌وه‌یی كوردیان پێ سپاردووه. یه‌كه‌مین كورده کە خه‌ڵاتی زێڕینی ماكس ڤیبه‌ری ئه‌ڵمانیی له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیای زانستیی مۆسكۆوه پێ به‌خشراوه بۆ موزیك و نو‌وسین، جگه له ناساندنی ئاواز و ریتم و ئه‌دا و موزیك، یه‌كێکە لەو هونه‌رمه‌ندە دەگمەنانەی كورد کە موزیكی كوردیی و شیعری گۆرانییه‌كانی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزی و له وێشه‌وه بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان. له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ی ئەدەب و هونەری رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ دا، خالید رەشید ئاماژه به راگه‌یاندنه‌كان ده‌كات و پێیوایه زۆرێكیان گوێچكه‌ی گه‌نجانی ئه‌مڕۆیان تێكداوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی گۆرانییه فۆلكلۆری و نوێیەکان، سوكایه‌تیكردنن به رەگەزئ مێینه.
دیمانه‌ی: سه‌هه‌ند كۆیی
*به‌رده‌وام ره‌خنه له گۆرانیی كوردیی ده‌گریت، پێتوانییه ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه هونه‌ری گۆرانیی تێیكه‌وتووه، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به خودی گوێگره‌وه هه‌یه؟
-مه‌سه‌له‌ی گوێگر له هه‌موو دنیادا وه‌كو ئه‌وه وایه تۆ سفره‌یه‌ك راده‌خه‌یت بۆ میوانه‌كانت و هه‌ر شتێك له‌سه‌ر ئه‌و سفره‌یە هه‌بێت، ئه‌وان ده‌یخۆن. گوێگر له‌وه‌دا هیچ گوناهێكی نییه، شته‌كان ته‌نها په‌یوه‌ندییان به راگه‌یاندن و ئه‌وانه‌وە هه‌یه کە ئەو کارە دەکەن. ترسناكییه‌كەش له‌وه‌دایه، ئه‌و گه‌نجانه‌ی ئێستا ته‌مه‌نیان له‌نێوان 13 تا 18 ساڵدایه، تۆ دێیت ئه‌و گۆرانییه ده‌خه‌یته گوێچكه‌یانه‌وه و ده‌یكه‌یت به به‌شێك له یاده‌وه‌رییه‌كانیان، چونكه گۆرانیی به ته‌نها ئاواز و موزیک نییه، به‌ڵكو وشه‌شه، ئه‌م وشانه‌ش ده‌بنه به‌شێك له په‌روه‌رده‌ی ئه‌م گه‌نجانه و دواجار هەر ئه‌وانیش ده‌بنه قوربانیی. هه‌ر بۆیه ئێمه وه‌كو ئه‌و كه‌شتییه‌مان لێهاتووه كه هه‌موومان ده‌زانین ئاو ده‌چێته ناوی و هیچ كه‌سێكیشمان ئاماده‌نین ئاوەکە ده‌ربهێنین، هه‌مووشمان باسی ده‌كه‌ین و ده‌ڵێین ئاوی تێده‌چێت، ئه‌وه ئه‌و كاره‌ساته‌یه كه ئه‌مڕۆ وەک قه‌یرانی هونه‌ری كوردی دەیبینم.
*فۆلكلۆرمان ده‌وڵه‌مه‌نده و كاری باش و خراپی تێدایه بۆ گوێچكه‌ی ئێمه، هێندەی چێژ له گۆرانیی فۆلكلۆر وه‌رده‌گرین، چێژ له گۆرانیی ئه‌م سه‌رده‌مه وه‌رناگرین، رای به‌ڕێزتان چییە؟
-ئێمه زۆر گۆرانیمان هه‌ن كه فلته‌ریان له‌سه‌ر نییه و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان دروستكردووه، یاخود خه‌ڵكیان هانداوه بۆ بیركردنه‌وه له شتی خراپ.
هونه‌رمه‌ندی گه‌ورەمان هەن، کە هه‌ڵه‌ی مێژوویی گه‌وره‌یان كردووه، ئه‌وه‌ش به هه‌مانشێوه بۆته به‌شێك له بیركردنه‌وه و یاد و یادگاریی ئه‌و نه‌وه نوێیەی كه له‌دوای یه‌ك دێن، ئه‌مه‌ش له كەلتور و فه‌رهه‌نگی هیچ نه‌ته‌وه‌یەكدا نادۆزیته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م گۆرانییانە بۆ سه‌ر زمانه‌كانی تر وەربگێڕدرێن، ئه‌و رێكخراوانه‌ی به‌رگریی له مافی ژنان ده‌كه‌ن، دوور نییه كێشه بۆ ئه‌و كه‌سانه دروستبکەن کە ئه‌مجۆره بەرهەمە هونەرییانه پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ وێنه محەمەد عارف جەزیری كه یه‌كێكه له هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی باکوور و باشووری كوردستان، تێكستێكی شیعریی هه‌یه ده‌ڵێت: «ئه‌ز عاشقا ژنا به مێرم»، واتا من عاشقی ژنی مێردارم، كه كچێك گه‌وره ده‌بێت له 14ساڵیدا نازانێت ئەمە ریگە راستەکەیە یان نا، ده‌ڵێت ئه‌مه ده‌بێت سیحرێكی تێدابێ، یاخود هونه‌رمه‌ندی ترمان هەیە، ده‌ڵێت: «ئه‌گه‌ر بۆ خۆت رازیبی، خۆم گوله‌ی ده‌رمانخوارد ده‌كه‌م»، ئەمە به ژنێک ده‌ڵێت كه مێردی هه‌یه!
*ئه‌وه گۆرانیی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك نییە؟
-نازانم هی كێیه، ئه‌و وتویه‌تی یان نا، به‌ڵام گۆرانییه‌كه فۆلكلۆره، لێره‌دا سه‌یر ده‌كه‌یت هه‌م كابرای كردووه به گول، هه‌م داوا له ژنه‌كه‌ی کابرا ده‌كات ئه‌گه‌ر رازیی بێت، ئەوا مێردەکەی ده‌رمانخوارد ده‌كات! لێره‌دا کەسێک ده‌كوژێت و داوای خیانه‌تیش لە ژنەکە ده‌كات! هەروەها كاك مه‌زهه‌ری خالقی ده‌ڵێت: «هه‌ر ده‌ڵێی نه‌و بووكی، زاوا لێی داوی» ئه‌مه به‌شێك له بیركردنه‌وەی خه‌ڵك وا لێده‌كات كه هه‌رچی بووك بوو، لێدان ده‌خوات به ده‌ستی زاوا، یان گۆرانیمان هه‌یه سوكایه‌تی به‌و بنه‌ماڵانە دەکات کە كوڕیان نییه، ئه‌وه زۆر شتێكی خراپه و بێ رێزیی كردنه به ره‌گه‌زی مێینه، بۆ وێنه ده‌ڵێت: «باغی بێ په‌رژین حه‌زینه‌ی نییه، كچی بێ برا قیمه‌تی نییه» واتا ئه‌گه‌ر ماڵێک كوڕی نه‌بێت، ئیتر ئه‌م كچانه قیمه‌تیان نییه و كه‌س نابێ زه‌واجیان له‌گه‌ڵدا بكات، چونكه په‌رژینیان نه‌بووه، ئه‌مه‌ش عه‌قڵییه‌تێكی خراپه و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه نابێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌وپه‌ڕی توانامانه‌وه هه‌وڵ بده‌ین فلته‌ر بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی پێشتر و ئێستاش ده‌وترێن.
ئه‌و تێكسته كۆنانه‌ی هه‌ن، وا باشە خه‌ڵك خۆی له‌ماڵه‌وه گوێیان لێ بگرێت، یاخود تابتوانێت هەر گوێیان لێنه‌گرێت، نه‌ك له كه‌ناڵه‌كانه‌وه ئاراسته بكرێن، ئەمەش بۆئەوەی نەبن به بیره‌وه‌ریی لای گه‌نجه‌كانمان.
*به‌ڵام چۆن به هه‌موومان چاره‌سه‌رێك بدۆزینه‌وه؟
-پەندێکی ئه‌وروپی هه‌یه ده‌ڵێت: «زۆر له تاریكیی مه‌گرن، ئه‌گه‌ر توانیتان مۆمێك دابگیرسێنن»، بۆئه‌وه‌ی ئێمه‌ش هه‌ر له تاریكی‌دا نه‌مێنینه‌وه، ده‌بێت چی بكه‌ین؟ له چه‌ند كه‌ناڵ و رۆژنامه و گۆڤاردا پێشنیازی ئه‌وه‌م كردووه، ده‌كرێت کۆنتڕۆڵ بکرێت و ئاماده‌یی خۆشم ده‌ربڕیوه، هه‌رچی به من بكرێت بیكه‌م، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌مڕۆ بڕیاردان لەسەر هونه‌ر كه‌وتۆته ده‌ستی چه‌ند كه‌سێك، بۆیه تائێستا نه‌مانتوانیوه جامێك ئاو له‌و كه‌شتییه ده‌ربهێنین کە رۆژ به‌ڕۆژ له نقومبوون نزیك ده‌بێته‌وه. تائێستا هیچ ره‌خنه‌یه‌كی بنیادنه‌رم له هیچ كه‌ناڵێك نه‌بینیووه، زۆرجار ئه‌و شتانه‌ی باسی ده‌كه‌م، هه‌ندێك "هونه‌رمه‌ندۆكه"، ده‌چن وه‌ك خۆی ده‌یگێڕنه‌وه و به خه‌ڵكی ده‌فرۆشنەوە. لەبەرئەوە ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م مه‌سه‌له گه‌وره‌یه بدۆزینه‌وه، گه‌لێك رێگه‌چاره هه‌یه كه له‌وانه‌یه من و ده‌یانی وه‌ك من تێیدا به‌شداربن.
یه‌كه‌م خاڵ دەبیت راگه‌یاندنه‌كان كاتێك كه گۆرانیبێژێك گۆرانی ده‌ڵێت، ئەوانەی نەگونجاون رایانبگرێت، ئه‌و كه‌سه هیچ تاوانی نییه حه‌ز ده‌كات خۆی بناسێنێ، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌ركی راگه‌یاندنه مەرج دابنێت، ئه‌وانه‌ی له راگەیاندنیشدا كارده‌كه‌ن، ده‌بێت خه‌ڵكی پڕۆفیشناڵ بن.
*وه‌ك ده‌ڵێن ده‌نگخۆشمان زۆره، به‌ڵام گرفتمان نه‌بوونی ئاواز و هۆنراوه‌ی جوانه، ئەمە راسته؟
-گرفتمان ئه‌وه‌یه، به پێنج خوولەک كه‌سێكت بۆ ده‌هێننه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و ده‌ڵێن تۆ هونه‌رمه‌ندیت! كاكه گیان (عەبدولحەلیم حافز) دوانزه ساڵ هاتوچۆی رادیۆی كرد، ئینجا رێگه‌یان پێدا گۆرانیی بڵێت، ئه‌مه‌ش له نه‌زانینه‌وه نه‌بووه، به‌ڵكو میسر وڵاتێكی زۆر پێشكه‌وتووه له‌م بواره‌دا، به‌ڵام كێشه‌مان ئه‌وه‌یه له‌شكرێكمان لە گۆرانیبێژ دروستكردووه. له وڵاتێكی وه‌ك چین كه ملیار و نیوێک دانیشتووانی هه‌یه، پێنج هه‌زار گۆرانیبێژی نییه! شارێكی گه‌وره‌ی وه‌كو هه‌ولێر كه پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه و به‌ناوبانگه به ماست، كه‌چی ماستی هه‌ولێرت ده‌ستناكه‌وێت له‌به‌ر ماستی توركی و ئێرانی، هونه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌م ماسته‌ی لێهاتووە، رووی له وڵاته‌كه‌مان كردووه و ئه‌م كێشه‌یه له سه‌رده‌می گۆرانی شاعیردا هه‌بووه كه كۆمه‌ڵێك گه‌نجی ئه‌وكاته خویان به گۆرانیی عه‌ره‌بییەوە گرتووە، وا لە گۆران دەکەن بڵێت "مەزاجی کوردەواریم تێکچووە دەروێش" ئه‌مه له مێژووی كورددا شتێكی نوێ نییه، له هه‌ولێر تا ساڵانی هەفتاکان كه‌سێك به زمانی توركمانی قسه‌ی كردبا، ده‌یانوت رۆشنبیره، خه‌ڵك هه‌بوو ده‌چوو لاسایی توركمانه‌كانی ده‌كرده‌وه تا بڵین رۆشنبیره! خه‌ڵكیش هه‌بووه له سلێمانی تا سه‌عات سێ و چواری شه‌و دانیشتووه كفته و سه‌روپێی لێناوه به‌دیار كۆنسێرتێكی ئوم كه‌لسومه‌وه كه له رادیۆی به‌غدا په‌خش دەکرا. هه‌مان هاواری گۆران دووباره ده‌كه‌مه‌وه و ده‌ڵێم: به‌سه میزاجی كورده‌واریمان تێك مه‌ده‌ن، ساڵه‌های ساڵه باوك و باپیرانمان ئه‌م فه‌رهه‌نگه جوانه‌یان بۆ به‌جێهێشتووین با به‌ده‌ستی خۆمان گۆرانیی و ئاوازی کوردیی ئه‌نفال نه‌كه‌ین.
*ئه‌و له‌شكره گۆرانیبێژه‌ی باستكرد توانیویانه له‌شكری دوژمن تێكبشكێنن؟
-ئه‌وانه نه‌ك نه‌یانتوانیوه دوژمن تێكبشكێن، به‌ڵكو بوونه‌ته قه‌ڵغانێك بۆ ئه‌و هێرشه فراوانه‌ی له وڵاتانی ده‌ورووبه‌رەوە دەکرێنە سەر ئەم پارچه نیشتمانه‌ی كه نیمچه ئازادییه‌كی هه‌یه! له هه‌مانكاتیشدا به پاره‌ی ئه‌م خه‌ڵكه ده‌چنه وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و بەرهەم تۆمار ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت به ئاواز و مۆسیقا و شیعری ئه‌وان، بۆیه ئه‌مه زوڵمێكی زۆر گه‌وره‌یه، ئه‌م له‌شكره رێگه‌یان بۆ دوژمن خۆشكردووه لە رێی هونه‌رەوە بێنه ناو وڵاته‌كه‌مانه‌وه.
*كردنه‌وه‌ی ده‌یان كه‌ناڵی ئاسمانیی ته‌رفیهی تا چه‌ند خزمه‌تیان به هونه‌ری كوردیی كردووه؟
-له‌ساڵی دوو هه‌زار و چواردا، پێشنیازم كرد ئه‌گه‌ر ئه‌وانه هه‌ر حه‌زده‌كه‌ن گۆرانیی توركی و عه‌ره‌بی په‌خش بكه‌ن كه دووره له فه‌رهه‌نگی كوردییەوە، ده‌توانن كه‌ناڵێك بكه‌نه‌وه، توركی یان عه‌ره‌بیی بێت، كێشه‌كه له‌وه‌دایه ئه‌وانه وەرگێڕانێکی زۆر كوێرانه ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیان سەرقاڵ كردووه به هه‌ندێك شتی لابه‌لاوه، ئایا له‌و وڵاته‌ی تێیدا دەژین له باتی ئه‌وه‌ی هه‌ر چــــوارده‌ورمــان ئاو بێت دوژمنه، ئه‌وانه نان لەو رۆژگاره ده‌خۆن و خۆیان سه‌رقاڵ كردووه به‌م كـــــاره‌وه. یه‌كێك لـــه‌م ســـوودانه‌ی كه ئه‌م كه‌ناڵانه هه‌یانبێت ئه‌وه‌یه، هه‌زاران گه‌نجیان به لاڕێدا بردووه.
ساڵه‌های ساڵه باوك و باپیرانمان ئه‌م فه‌رهه‌نگه جوانه‌یان بۆ به‌جێهێشتووین با به‌ده‌ستی خۆمان گۆرانی و ئاوازی کوردی ئه‌نفال نه‌كه‌ین
*به‌ده‌گمه‌ن لـــه هـــه‌ر چـــوار پارچه‌ی كوردستان هـــونـــه‌رمه‌ندمان هه‌ن، تا دوا ئاستی باڵای خوێندن چووبن، له كاتێكدا به‌ڕێزتان خوێندنی دكتۆراتان ته‌واوكردووه، پرسیاره‌كه‌ی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه، بۆ پێشگری «د» یاخود دكتۆر له نو‌وسین و له چاوپێكه‌وتنه‌كانتدا بەکارناهێنی؟
-له راستیدا من وشه‌یه‌ی دكتۆر به‌كارناهێنم له حاڵه‌تی مه‌ده‌نیدا، مه‌به‌ستم ئه‌و شتانه‌یە كه تۆ له ژیانی رۆژانەتدا ده‌یانكه‌یت، بەڵام ئەگەر تۆ وتارێكی زانستیی له گۆڤارێكی زانستییدا بنووسیت، دەبێت ئاماژه به‌وه بكه‌یت كه تۆ چیت خوێندووه و له چ بوارێكیشدا پسپۆڕیت، نه‌ك بێی به سیفه‌تێك و نازناوێك خۆت بناسێنی وه‌ك ئه‌وه‌ی له كوردستاندا به‌كاردێت، له‌دەرەوە شتیی وا نییه، پاشان من به‌ناوی خۆم رازیم، ئه‌و ناوه بۆ من بەسە، چونكه له هه‌موو ژیانمدا ئەو ناوه‌ی هه‌مه نه گۆڕیومه و نه ده‌شیگۆڕم. پێموایه هونه‌ر گه‌وره‌تره له ناو و نازناو و زۆر له تایتڵی دكتۆراش بەلامەوە گرنگتره. جیاوازییه‌كه ته‌نها ئه‌وه‌یه له ناوه‌كه‌مدا «د» كه‌وتۆته كۆتاییه‌وه. وای ده‌بینم ئاستی زانستیی هی ئه‌وه نییه تۆ به‌كاری بهێنیت بۆ به‌هێزكردنی گۆرانییه‌ك یاخود ئه‌و قسانه‌ی دەیانکەیت یان بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی.
*وه‌ك ده‌زانین جگه له كاری هونه‌ریی، بایه‌خێكی زۆریشتان به شوێنه‌وار داوه، دەتوانن باس له پرۆژه‌یه‌كتان بكه‌ن له‌و بواره‌دا؟
-یه‌كێك له‌و كارانه‌ی مایه‌ی گرنگیپێدانه لەلام، پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی كوردستانه، یەکێک لە کارەکانیش ناردنی یونسكۆ بوو بۆ كوردستان له رێگه‌ی منه‌وه، ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی قه‌ڵای دێرینی هه‌ولێر بوو کە خرایه ناو لیستی شوێنه‌واره جیهانییه‌كان و له هه‌مانكاتیشدا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به هه‌مان دیزاین و جوانتریش و...هتد، هەروەها ئاماده‌كردنی مارشی نیشتیمانیی بوو بۆ په‌رله‌مانی كوردستان.
*بۆچی زۆر به ده‌گمه‌ن له میدیاكان ده‌رده‌كه‌ون و چاوپێكه‌وتن ناکەن، هۆكارەکە کەناڵ و میدیاکانن یان خۆتان دووره‌په‌رێزن؟
-نزیكه‌ی 35 كه‌ناڵی سه‌ته‌لایتمان هه‌یه، ئه‌هلییان تێدا نییه و به‌ناو ئه‌هلیشن، دواتر ره‌نگه به‌پێی ئه‌و رێسا و یاسایانه‌ی ئه‌وان نه‌جوڵێمه‌وه و به‌دڵی ئەوانیش قسه نه‌كه‌م، یاخود نه‌وێرن مایكه‌كه بخه‌نه به‌رده‌مم، چونكه پێیانوایه من شتێك دەڵێم بۆ چوارچێوه‌ی ئه‌و دیموكراسییه‌ی ئه‌وان هه‌یانە بڕ ناكات كه خۆیان دایناوه.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه من سیفه‌تی حەزکردن بە خۆدەرخستنم نییه تا وێنه و ڤیدیۆی خۆم بگرم و بڵاویبكه‌مه‌وه، بۆ كارێکی هونه‌ریی شایسته نەبێت، نه‌ك وه‌ك ئه‌م گۆرانیبێژانه‌ی ئێستا له هه‌موو كه‌ناڵێكدا تۆ ده‌یانبینی، یان هەندێک لەو نووسه‌ر و شاعیرانه‌ی له رۆژنامه و گۆڤاره‌كاندا دەیانبینیت، هیچ شتێكی نوێیان پێ نییه، جگه له كاری ده‌باره و سواو.
لە کۆتاییدا، زۆر سوپاس بۆ ئێوەی خۆشه‌ویست كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك ته‌وه‌ر، به‌شێوه‌كی زانستیی و دوور له پرسیاری ته‌قلیدی، پلانێكی باشتان بۆ ئه‌م دیداره هونه‌رییه داڕشتبوو، ده‌توانم بڵێم یه‌كه‌مین دیمانه‌ی منه بۆ رۆژنامه‌ی ره‌نگینی كوردستانی نوێ، كه خاوه‌ن مێژوویه‌كی دێرینە و سه‌رمه‌شقە له ئه‌ده‌ب و نوێگه‌رییدا، جێگای شانازین و خۆشحاڵتان کردم.