بەشداریی سەرۆكی(ی.ن.ك) وەك سەركردەیەكی كورد و عیراق لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، تەنها پەیوەندیی بە پرەنسیپی بەشداریپێكردنی كاراكتەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە، كە وڵاتەكانیان كێشەی سەقامگیریی و قەیرانی ئاسایش و ئارامییان هەیە. ئەگەر پرسەكە ئەمە بوایە، دەبوو هەزاران كاراكتەر بانگهێشت بكرێن.
دیاریكردنی دەستەبژێرێك لە كەسایەتیی سیاسی و بواری تری پەیوەندیدار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی لەو شارە ئەوروپییە زیندووەدا بەشداریی گفتوگۆ و دیدارەكان بن، لە پاشخانی زانیارییەوە دێت لەسەر لایەنی چۆنایەتیی كەسایەتییەكان، ئەوانەی بەهۆی ئەزموون و شارەزاییەوە رۆڵیان هەبووە و هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزە ئەمنییەكاندا.
كاتێك لە عیراق و هەرێم، بافڵ تاڵەبانی لە ریزی پێشەوەی كەسایەتییە دیارەكاندا بەشداردەبێت، دەزانرێت كە لە وڵاتێكەوە دێت دۆسێكانی ئاسایش و ئارامیی تێیدا بە كراوەیی ماونەتەوە، رەهەندی هەرێمایەتی و جیهانیشیان وەرگرتووە، بەتایبەتی كە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم خۆی بازنەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی فراوانتركردووە، جەنگە ناوچەیی و هەرێمایەتی و ململانێ و شەڕە ناوخۆییەكانی دنیا، دۆسێی ئاسایشیان كردۆتە خەمێكی نێودەوڵەتیی هاوبەش و كارنامەی نمرە یەك، بۆیە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی مامەڵەی سەركردە قاڵبووەكانی بواری كۆنترۆڵكردنی ئاسایش لە ناوچە گڕگرتووەكاندا، پێویستییەكی مرۆیی و مەرجێكی پیشەییانەیە بۆ سەرخستنی كۆنفرانسی میونشن. هاوكات بۆ بەشدارانیش لە هەرێم، بێگومان لەپێشەوەیان، بۆ سەرۆك بافڵ، دەرفەتی كۆكردنەوەی دۆستی زیاترە بۆ دۆزی كورد لە ناوچەكە و پاڵپشتییش لە قەوارەی هەرێم. تاڵەبانی لە میونشن هانی زۆر سەركردەی وڵاتانی داوە كە دۆزی كورد لە ناوچەكەدا تەنها وەك پرسێكی ئەمنیی سەیرنەكرێت، بەڵكو وەك كێشەیەكی سیاسیی رەوا كە بەبێ چارەسەركردنی، ئەستەمە ئاسایشی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێتەدی.
کوردستانی نوێ