بەدواداچوونی؛ جێگر خدر
پرۆژەیەک، 13 ساڵ لەمەوبەر و کەمێکیش بەدرەنگەوە بە گرنگییەکەی زانرا و بڕیاری جێبەجێکردنی درا، بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە و تەواوکردنی 60 ٪ی کارەکانی، پرۆژەکە لە هەیکەلدا وەستا. ئێستا هەیکەلەکەش پێویستی بە نوێکردنەوەیە.
بینای نەخۆشخانەکە بووەتە شوێنی باڵندە و سەگی بێلانە
زۆرن ئەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی دانیشتووانی ئیدارەی راپەڕین چاوەڕێی دەکەن، بەشێکیان لایان لێنەکراونەتەوە و بەشێکی گرنگیشیان دوای دەستپێکردنی وەستاون و راگیراون، نەخۆشخانەی 291 قەرەوێڵەیی لە رانیە، ساڵی 2012 بەردی بناغەکەی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانرا، بڕیاربوو لە 730 رۆژدا و لە ساڵی 2014دا بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە، ئەگەرچی تاساڵی 2015، 60 ٪ی کارەکانی تەواوکرا، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە قەیرانی دارایی کارکردنی لە پرۆژەکەدا راگرت، دوای چەند جارێک ناردنی لیژنەی پەیوەندیدار بۆ دەستپێکردنەوە و هەوڵەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام تائێستا هیچ هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ کارکردنەوە تێیدا رانەگەیەنراوە.
لە دامێنی چیای حاجیلەی رانیە، بینایەکی گەورە دەبینرێت، لە دوورەوە هەست بە کۆنبوونی دەکرێت.
هاووڵاتی هیوا عەزیز کە ماڵی لە نزیک پرۆژەکەوەیە بە تەنزەوە دەڵێت: «حکومەتی هەرێم شێڵتەرێکی گەورەی بۆ باڵندە و سەگی بێلانەی شارەکە دروستکردووە»
ئاماژە بە بوونی باڵندەیەکی زۆر لە شوێنە بەرزەکان و سەگێکی زۆری سنوورەکە دەکات کە چۆڵیی بیناکەیان قۆستووەتەوە و تێیدا دەژین، هەروەها دەشڵێت: حکومەت ئەگەر بیەوێت دەستبەکاربێتەوە لێی، پێویستی بەوەیە بیناکە سەرلەنوێ نوێ بکاتەوە، چونکە بەشێکی زۆری داڕزیوە و گۆڕانکاریی کەشوهەواش بەشێکی دیکەی وێران کردووە.
هەوڵی دەستپێکردنەوەی لە بەغداوە دەدرێت
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، کە هاوکات نوێنەرایەتیی دەڤەرەکەش دەکات، بە کوردستانی نوێ-ی راپەڕین دەڵێت: ئەوە پرسێکی جدی بوو، ئێمە وەکو نوێنەری ئیدارەی راپەڕین و قەزای دوکان، هەوڵەکانمان بۆ کاراکردنەوەی پرۆژەکە دەستپێکرد، تا بە نووسراوی رەسمی وەڵامم بۆ وەرنەگرتەوە دەستبەرداری نەبووم، رەزامەندیی سەرۆک وەزیرانی عیراقم وەرگرت، بەڵام لە هەرێم پرۆژەکە ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم کراوە، ئەوانیش رازی نین پارەی تایبەتی لە بەغداوە بۆ تەرخان بکرێت، دیسانەوە من نووسراوم بۆ سەرۆک وەزیران کردووەتەوە؛ سەبارەت بە گرنگیی پرۆژەکە بۆ ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی سنوورەکە، داوام کردووە، ئەو پرۆژەیە نەبەسترێتەوە بە بڕیاری وەزیر یاخود وەزارەتێکەوە، بۆ ئەمەش چاوەڕێی وەڵامی بەڕێزیانم. وتیشی: دەستبەرداری ئەو پرۆژەیە نابم و تا جێبەجێکردنی ناوەستم.
رێگەی نەخۆش نزیک دەکاتەوە
هەر لەوبارەیەوە دکتۆر سەفەر حەسەن بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین، ئاماژەی بەوەدا کە دیزاینی نەخۆشخانەکە بەجۆرێکە زۆرێک لە نەخۆشخانەکانی دەڤەرەکەی تێدا جێدەبێتەوە، بەتەواوکردنیشی لەدوای نەخۆشخانەی (شار)ی سلێمانی، دەبێتە دووەم پرۆژە لە سنوورەکە و گرفتێکی زۆری تەندروستی لە ئیدارەی راپەڕین چارەسەر دەکات، بەتایبەتی کە ئیدارەی ناوچەیەکە دانیشتوانی زۆرە و وەک هەڵکەوتەی جوگرافیش دوورە لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەولێرەوە، ئێمە نەخۆش لەکاتی پێویستدا رەوانەی ئەو شارانە دەکەین، زۆرێک لە کەیسەکانمان بەداخەوە بە گیانلەدەستدان لەو رێگەیە کۆتایی پێهاتووە، یان نەخۆش تووشی گرفتی دیکە دەکات، بەتایبەتیش بەهۆی خراپی ئەو رێگە دوورە. باسی لەوەشکرد، تا ئێستا پرۆژەکە سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بووە، چەند جارێک داوایان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی کردووە کە دەستبکرێتەوە بە جێبەجێکردنی، بەڵام پەسەند نەکراوە، وتیشی: ئێستا دواهەمین هەوڵە، بڕیار دراوە پرۆژەکە لەو کۆمپانیایە وەربگیرێتەوە و بدرێتە کۆمپانیایەکی دیکە.
راشیگەیاند نزیکیی جوگرافی وایکردووە بەشێک لە شارۆچکە و گوندەکانی دەوروبەری بۆ چارەسەری پزیشکیی رووی تێبکەن، بۆیە پێویستە حکومەت هەرچی زووە ئاوڕ لە کەرتی تەندروستی سنوورەکەیان بداتەوە، چونکە بیناکانی ئەو سێکتەرە زۆربەیان کۆنن و لەگەڵ ئەو بەشەی نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکەش کە تەواوبووە، پێویستییان بە نوێکردنەوەیە.
تەندروستی راپەڕین .. خزمەتی زیاتر
تەها محەمەد وتەبێژی تەندروستیی راپەڕین لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستانی نوێ-ی راپەڕین روونیکردەوە، لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی راپەریندا حەوت نەخۆشخانە و 18 مەڵبەندی تەندروستی و 78 بنکەی تەندروستی و حەوت سەنتەری پزیشکی و یەک تاقیگەی ناوەندی و کۆگای سەرەکیی دەرمان و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی و تاقیگەی خۆراکی راپەرین خراونەتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە سنوورەکە چەندین گرفت هەن لە سەرووی هەموویانەوە تەواونەکردنی ئەو پرۆژە گرنگەیە کە بە نەخۆشخانە 291 قەرەوێڵەییەکە ناوی دەرکردووە.
هەروەها نوێنەکردنەوەی نەخۆشخانەی کۆنی پشدەر و کەمیی بودجەی تەرخانکراو بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەرین و دانەمەزراندنی پزیشک و کارمەند لەسنوورەکەدا، گرفتی زۆری دروستکردووە، ئەمساڵیش 103 کەسی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە خانەنشین بوون و دیسان گرفتی میلاکمان بۆ دروستبووە، ئەوەش وایکردووە بە کارمەندی خۆبەخش ئەم بۆشاییانە پربکەینەوە، خۆبەخشانیش بۆخۆیان لە کێشەدان و داوای دامەزراندن دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە کەمیی ئۆتۆمبێل و کۆنی و خراپییان و کەمیی بودجەی دیاریکراو بۆ دەرمان و پێداویستییە پزیشکیی و تاقیگەییەکان، بەشێکی دیکەن لەکەموکوڕییەکانی سێکتەری تەندروستی لەسنووری ئیدارەی راپەڕین.