پشدەرییەكان باجی ״رێگەی مەرگ״ دەدەن

11:39 - 2025-02-25
دووتوێ
23 جار خوێندراوەتەوە

مەهدی ئەحمەد - ژاراوە

رێگەی نێوان ژاراوە دەربەند لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین لای خەڵكی پشدەر بە رێگەی مەرگ  ناودەبرێت، ئەو رێگەیە یەك سایدە و رۆژانە بەردەوام رووداوی هاتوچۆی تێدا روودەدات، لە نوێترین رووداودا کە لەنێوان ژاراوە و سەنگەسەردا روویدا هاووڵاتییەک بەناوی «فەرهەنگ محەمەد» گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
چەندین ساڵە ئەم رێگەیە نەکراوە بە دوو ساید، ئەمە لەکاتێکدایە کە رێگەکە قەرەباڵغە و رێگەی دەروازەی کێلێی لەسەرە، ماوەکەی زۆریش نییە و دەتوانن بەبڕێک لە داهاتی «دەروازەکە» جێبەجێی بکەن.
 راستە ئەم پرۆژەیە دەرخستەى بۆ کراوە و خراوەتە بەرنامەى كاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچی بۆ نەكراوە. بەداخەوە خەڵكی پشدەر دەبوو خزمەتی زیاتری كرابا نەوەك دوای «8» ساڵ لە دەرخستە و دیزاین، کەچی ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکە نەكراوە.
ئەم حكومەتی هەرێمە بەری رەنجی سەدان شەهید و هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی چەند بارەی خەڵكی سنووری پشدەرە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك هێزێكی سەرەكی و دامەزرێنەری ئەم حكومەتە و بەشدارێكی كاریگەر لەبەڕێوەبردنیدا، هەردەم تێكۆشاوە لەپێناوی باشتركردنی توانای كاراكتەرەكانی لەپێناوی خزمەتکردنی زیاتر بە هاووڵاتیان، لەبەرئەوەیە، کە چاوەکان لەسەر یەکێتی و تیمەکەین، بۆیە داوا لە حكومەت دەكەین، پێویستە ئاوڕی جدی لە قەزای پشدەر و خەڵكە تێكۆشەرەكەی بداتەوە. 
داواكارین وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى راپەڕین گرنگیی زیاتر بە پرۆژەى رێگەى دووسایدى نێوان «ژاراوە -دەربەند» بدات،  كە نزیكەی (55) ملیار دیناری پێویستە بۆ تەواوكردنی. راستە ئەم بودجەیە زۆرە، بەڵام هۆكارەكەی ئەوەیە پێنج پردی «تووەسوران، سەنگەسەر، بەستەستێن، دۆڵەبەفرە و ژاراوە»ی دەكەوێتەسەر، بۆیە بودجەكەی هێندە زۆرە. بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی  بەدووسایدكردنی رێگەکە، خەڵكی سنوورەکە لەم هەموو رووداوی هاتووچۆیە رزگاریان دەبێت.

#کوردستانی نوێ-ی راپەڕین

بابەتە پەیوەندیدارەکان