عەلی قادر*
ماڵی کەلەپوری و رۆشنبیریی قەڵادزێ وەک ناوەندێکى رۆشنبیری بە دیاریکراوى لە»21/2/2021» کرایەوە و دامەزرا، کە دامەزراندنەکەی لە ناکاو و لەخۆڕا نەبوو، بەڵکو ساڵێک زیاتر بوو کارمان بۆ کردبوو و هەوڵەکانمان چڕکردەوە بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی، تا سەرەنجام «دکتۆر تەها رسوڵ» تێچووەکەی لە ئەستۆگرت .
ماڵی کەلەپوری لە ماوەیەکی کەمدا بۆ ئاستێک گەشەی کرد، کە بووە پێگە و سەیوانی کۆکەرەوەی رۆشنبیران و هونەرمەندان و گەنجان و ژنان لە شاری قەڵادزێدا. سەرەتای کارکردنمان گرنگیی زۆرمان بە رۆڵی ژنان دا تا لە بنیاتنانی ئابووریی سەربەخۆدا جێ نەخشیان هەبێت و پلانەکەشمان سەرکەوت، بۆیە لە ساڵی «2023»دا گروپێکمان بەناوی «گروپی خانمانی پەری» دامەزراند کە لەسەرەتای دامەزراندندا گروپەکە لە «30» خانم پێکهات، بەڵام ئێستا زیاتر «70» خانم تیایدا ئەندامی چالاکن، دوای ئەوانیش گروپێکی گەنجانمان بەناوی «گروپی گەنجانی مەشخەڵ» پێکهێنا کە ئێستا نزیکەی «38» گەنج خۆیان تێدا رێکخستووە و پلانی سێهەمیشمان گرنگیدان بوو بە ئەرشیفکردنی مێژووی قەڵادزێ و یادە نەتەوەیی و ناوچەییەکان، لەو پلانەشدا تا راددەیەکی زۆر باش سەرکەوتووبووین و توانیمان لە ماوەی چوار ساڵی لەسەریەک، ئاهەنگی جەژنی نەورۆز بەشێویەکی جیاواز رێکبخەین، بۆ یەکەمین جاریش بوو هونەرمەندانی رۆژهەڵاتی کوردستان و باکوور و باشوور تێکەڵ بە یەکتری بکەین، هەروەها لەڕووی ئەرشیف و مێژووەوە «1300»وێنەی ژنانی تێکۆشەر، شەهیدان و کەسایەتییەکان و رووداوەکان بەڕێکوپێکی پۆلێن و ئەرشیف بکەین، هەروەک گرنگیی زۆریشمان بە ژینگە و زیادکردنی سەوزایی داوە، بۆ ئەوەش لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چەند جارێک ژینگەپارێزانمان بانگهێشتکرد بۆ شاری قەڵادزێ و چەند رۆژێک لەگەڵماندا مانەوە.
لەلایەکی تریشەوە ناساندنی کتێبی نووسەران و سیمینار و یادەکانی شەوی یەڵدا و یادە ناوچەییەکان هەمووی لە رێگەی ئەو ماڵە رۆشنبیرییەوە کۆکراونەتەوە.
ئێستا ماڵی کەلەپووری کە بەشێوەیەکی رەسمی خراوەتە سەر ناوەندی رێکخراوە دیموکراتییەکانی راپەڕین، پێکهاتووە لە پێنج بەش، ئەوانیش «کتێبخانە، هونەر ، ئەرشیف و مێژوو بە وێنە. کەرەستەی کەلەپووریی کە 600 پارچەیە، تابلۆ. بەشی خانمان و گەنجان.
کۆی گشتیی چالاکییەکانی ماڵی کەلەپووریی «140» چالاکییە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا، بەو هیوایەین لە پێنجەمین ساڵدا چالاکی و بزاوتە رۆشنبیرییەکانمان زیاتر پەرەپێبدەین.
*لێپرسراوی ماڵی کەلەبوری و رۆشنبیریی قەڵادزێ