نامەی سیمۆن دی بۆڤوار بۆ ژان پۆڵ سارتەر

10:16 - 2025-03-06
ئەدەب و هونەر
110 جار خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: رزگار سەعید

 

ژن و مێردێکی بوونگەرایی و دوو فەیلەسوف و نووسەری نائاسایی فەرەنسی، لە پاشخانێکی چینی ناوەندەوە سەرچاوەیان گرتبوو، دەستەواژەی بۆرژوازییان رەتدەکردەوە. بۆڤوار، ژنێتی نەریتیی رەتدەکردەوە و هەوڵیدەدا ببێتە نووسەر، سارتەر کاتێک پێشنیاری(پەیمانی خۆشەویستیی) بۆ دەکات و دەڵێت: دەبێت ژمارە یەک بین بۆ یەکتر و درۆ لەگەڵ خۆمان نەکەین.
نادڵنیایی و بەرپرسیارێتی کەسیی تەوەری جەوهەریی بوو لای هەردووکیان. هیچ شتێکی پێشوەختەیان دیاریی نەدەکرد، بەڵکو باوەڕیان بەوەبوو مرۆڤ بوونی خۆی لە رێگەی ئەزموونی خۆیەوە دیاریی دەکات و لێی تێدەگات. 
شوێن پێی کەسانی دی نەدەکەوتن، هەوڵیاندەدا داهێنەربن، لە رووی فیکرییەوە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبوو، نووسینەکانی یەکتریان دەخوێندەوە و دەستکارییان دەکرد. بە درێژایی ژیانیان بەڕێزەوە قسەیان لەگەڵ یەکتر دەکرد. لە نێوانیاندا نامە گۆڕینەوە و زانیاریی بەخشینی رۆژانە بەشێکی گرنگ بووە، ئەم نامەیەی خوارەوە هەرچەندە بەزمانێکی سادە نووسراوە، بەڵام هەست بەبوونی پەیوەندییەکی رۆحیی و رۆمانتیکی تێدا دەکرێت.
 لۆس ئەنجلۆس
پێنجشەممە 13ی مارت1947


 خۆشەویستەکەم
ئەم دوا نیوەڕۆیە لە ماڵە جوانەکەی مۆفات بەتەنهام، جگەرە و مارتینی و کتێبی باشم لایە، ئاسمان روونە. لەسەر تەراسەیەک پاڵکەوتووم، دەریا و داری کالیپتوسەکان دەبینم، وەک شاژنێکی راستەقینە دەردەکەوم، تەنها شتێک دڵتەنگم دەکات ئەوەیە نازانم تۆ لە کوێیت، پێ دەچێت لە شەمەندەفەردا بیت بەرەو ئیتاڵیا بچیت، تۆش نازانیت من لە کوێم ئایا دواجار نامە و تەلەگرامەکانمت وەرگرتووە؟ ئەو ئاماژانەی لە تۆوە سەرچاوەیان گرتبوو ئەوەندە نزیکبوون لێمەوە بەتەواوی  کۆنترۆڵیان کردم. دوا نامەت تەنها چوار رۆژ لەمەوبەربوو، سەیرە چەند هەفتەیەکە زۆر دڵخۆش و بێخەمم، سەرەڕای ئەوەش نازانم ژیانم بۆچی لە دەستی خۆمدا نییە و لە پاریس جێم هێشتووە، هەر بە تەواوی پشت بە تۆ دەبەستم. 
خۆشەویستە ئازیزەکەم ... ئەگەر هەستێکی هێندە بەهێزم نەبووایە ئازارم زۆر دەچەشت، ئێمە وەک یەکین و هەر وەک ئەوەی من جێم هێشتیت لە سەرەتای مانگی ئایاردا. 
لێرە بەم ژیانە راهاتووم، ژیانێکی پاک و پڕ چێژە، هەربۆیە بە هەموو چڕییەکەیەوە دەمهەژێنێت تا بتدۆزمەوە؛ بەڕاستی بیرت لێدەکەمەوە، بیرکردنەوە لە مردن، لە سەردانێکی چێژبەخش، وەک ئەوەی یەکشەممەی رابردوو هەستم پێکرد و رووی نەدا.
ئەو گەشتەم کە بە ئۆتۆمبێل ئەنجاممدا، بەڕاستی سەرسوڕهێنەر بوو. هەموو وێستگە خزمەتگوزارییەکان و فرۆشگاکانی ماددە هۆشبەرەکان، تۆمارەکان، وەستانە کورتەکان، گوندەکانیشم زۆر خۆشویست. دیمەنەکانی کاکتوس و بەرد و شاخ و بیابانی بەفراوی بە شێوەیەکی شایستە زەبەلاحبوون، دڵشکاو دەبیت حەزت لێی نەبێت وەک ئەوەی ئارەزووی ئەو کەسانە بکەیت کە لەم بەشە جوانەی هەسارەکەماندا نیشتەجێن.
پێرێ تروومەن دژی کۆمۆنیستەکان پێشنیاری جەنگێکی راگەیاند، فڕۆکەی نارد بۆ یۆنان و هتد.. زیاتر و زیاتر هەست دەکەیت لەم وڵاتە لە ژێر دەسەڵاتێکی فاشیدا دەژیت، لە دوێنێوە هەست دەکەم بوومەتە ئەندامێکی تری خێزان ئەمەش مایەی دڵخۆشیمە، لەگەڵ(سۆرۆکین) پێکەوە بازاڕکردنێکمان ئەنجامدا، لەو دوکانە نایابانەی لێرە هەن. پاشان بلینیس و ئەناناسمان ئامادە کرد، کاتێک مۆفات لە ستۆدیۆکەی گەڕایەوە، ماوەیەکی زۆرمان بەسەر برد و کۆکتێل و خواردنمان پێکەوە خوارد و باسی (فیلمی پیاوی نەمر)مان کرد، ئەو پاڵەوانەی کە بێوچان خەریکی چاکەکارییە. مەبەستمە هەموو شتێکتان بۆ باس بکەم، ئەو وەک ئەمریکییەک لە ئینگلتەرا دژە ئەمریکییە و لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک رووەوە زۆر ئەمریکییە، بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر پێکەوە دەژین، جارێک چووینە یانەیەکی شەوانەی قەرەباڵغ کە جل و بەرگی ژنانەیان پۆشیبوو، پاشان بەرەو یانەیەکی شەوانەی زۆر خۆشی هەنگاری بەڕێکەوتین. لەبەرئەوەی هەموو شتێک لە هۆلیوود لە نیوە شەو دادەخرێت ئیتر ژیانی تێدا نامێنێت زوو گەڕاینەوە.
ئەم بەیانییە لە زانکۆ وانەیەکم بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش کرد، سەرکەوتن زۆر دڵخۆشم دەکات، دەتوانم بە ئینگلیزی وتار بدەم و بڕێک پارە بەدەست بخەم تا ئاسانکاریم بۆ بکات بۆ گەڕانەوە.
دەمەوێت لەگەڵ تۆی خۆشەویست بگەڕێمەوە بۆ ئەمریکا، تازە لەگەڵ سۆرۆکینی هاوڕێم چوومە گوندێک بۆ قژبڕین، کە هاتمەوە زانیم چووەتە شار. مۆفات لە ستۆدیۆکەی کاردەکات و منیش بەم تەنهاییەم ئاسوودەم، حەزم لەو شێوازە ژیانەی ئێرەیە کە خەڵکی ماڵەکانیان بەکراوەیی جێدەهێڵن. شێوازی لێخوڕینی راستەوخۆی ڤانەکانی گەیاندن بۆ ناو باخچەکان، وەک دەبینیت هەموو شتێک ئاسان و ئارامە. ئێواران بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بێدەگن، دوو رۆژی تر دەمێنمەوە، پاشان رۆژی یەکشەممە بە پاس لەگەڵ سۆرۆکین دەڕۆین بۆگراند کانیۆن، سانتافی، هیوستن و نیو ئۆرلینز، کە وتارم هەیە و دەبێت پێشکەشیان بکەم. 
ئێستا بۆ 27ی ئازار بنووسە (ئەگەر هێشتا کات ماوە) لەگەڵ مارسێل مۆراند، سەرۆکی بەشی زمانە رۆمانتیکییەکان لە پەیمانگای رایسی هیوستن، تەکساس، ئەگەرنا بۆ 5 نیسان ئامادەی بکە. 
خۆشەویستەکەم، زۆر حەزم لە نامە نووسینە بۆت، تکایە نامەکانم بۆ هەڵبگرە، مەبەستمە بمێنێتەوە، ئەوەش بزانە هەموو ئەم ماوەیەی لێرەم بە هێمنیی بیرت لێدەکەمەوە. 
ئازیزەکەم، هەرچییەکت پێ باشە بە باشترین شێوە ئەنجامی بدە، بەڵام لە سەروو هەموو شتێکەوە هەست بەبوونی من بکە، کە لەوێ لەگەڵتدابم. 
بە هەموو ئەڤینمەوە ماچت دەکەم.
دڵسۆزت بۆڤوار

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان