چەند راستییەک دەربارەی راپەڕین، بۆ مێژوو

وەڵامێک بۆ قەڵەمە دزێوەکان . . .!

10:38 - 2025-03-09
کوردستان
128 جار خوێندراوەتەوە
پارتیزانەکان بەرەو راپەڕینی کۆیە - رێگای نێوان سونێ و قەڵادزێ 6/3/1991

پ.ی.د عەبدولواحید ئیدریس شەریف

ئەرکی پارتیزانەکانی یەکێتی، بردنی سەدان نامە بوو بۆ سەرۆک جاش و کەسایەتییەکان، کە لە کاتی هەڵگیرساندنی راپەڕین یان بێنە بەرەی خەڵک، یان بێ لایەن بن و تەقە لە خەڵک نەکەن

بۆ ئەوانەی هەموو ساڵێ لەم یادەدا  ئازارمان دەدەن
دوای 34  ساڵ لە راپەڕین، دەبا ئێستا قسە لەسەر بەرهەمی راپەڕین بکەین، تاوتوێی ئەنجامی راپەڕین بکەین، نەک کێ کردی و کێ نەیکرد، لە یەکەم ساڵیاد و دووەم ساڵیادی راپەڕیندا ئەو باسە بڕاوە، بەڵام بە داخەوە  قەڵەمە چەواشەکارەکان هێندە دەبەنگن، زوڕنایەک لێدەدەن خۆشیان پێی هەڵناپەڕن..! بەڵام قسەکانیان بەردیش بە دەنگ دێنێت.
منیش یەک لەو بەردانەم بە دەنگ هاتووم، وەک شایەد حاڵێک هەندێ راستی دەخەمەڕوو، کە حاشاهەڵنەگرن، بەو (قەڵەم  هەرزان بازاڕانەش) دەڵێم، راستە ئێوە قوڕمیش کراون مێژوو بشێوێنن، بەڵام پەتی درۆکانتان زۆر کورتە. 

راپەڕینی مانگی سێی  1991 هۆکاری دەرەکی و ناوەخۆیی پاڵنەری بوون
هۆکاری دەرەکی: دوای گرتنی وڵاتی کوێت لەلایەن عیراقەوە و  بە دەنگهاتنی هاوپەیمانان و تێکشکاندنی هێزی سەربازی عیراق و پاشەکشەیەکی زەلیلانە لە کوێت، سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایی  لەناو خەلک و هێزی سەربازی  رێخۆشکەربوو، بۆ  راپەڕین لە باشووری عیراق.
هۆکاری ناوخۆیی: خەڵکی بەش مەینەتی کوردستان، لەناو ئازاری ستەمی بەعس و ئەنفال و کیمیاباران و سوتماک کردنی کوردستان دەتلایەوە، چاوەڕێی تروسکەیەک بوو،  لەو شەوەزەنگه رزگاری بکات، هێزی پێشمەرگەی حزبەکان لەسەر سنوور و  ناو ئێران بوون، زۆربەی حزبەکان لە بەرەیەکدا بوون بەناوی بەرەی کوردستانی، پاش شکانی  عیراق لە کوێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای ئەوەی ویستی لەڕێگەی بەرەی کوردستانیەوە  ئامادەکاری بکەن بۆ سازدانی جەماوەر و هێزی پێشمەرگە، بەڵام بەداخەوە حزبەکانی تر وەک پێویست نەهاتنە ژێر باریی ئەو ئامادەسازییە، بۆیە یەکێتی  وەک خۆی هێزی  پێشمەرگەی بۆ شەڕی پارتیزانی رێکخستەوە، جگە لەو پارتیزانانەی لە دوای ئەنفال کوردستانیان چۆڵ نەکردبوو، بۆ نموونە (داستانی شەمامک) چەند کیلۆمەترێ لە خوار هەولێر،  لەڕێگەی شارۆچکەی گوێڕ لە 1990/9/19 شەهیدبوونی فەرماندە هاشم شەمامکی و ئیسماعیل خورشید بەڵگەی زیندوون.

ئەمانە هەوێنی راپەڕین بوون :
-1 پێشمەرگە پارتیزانەکانی یەکێتی، ئەو پارتیزانانەی بەتایبەت بۆ راپەڕین  گەڕانەوە شار و شارۆچکە و ئۆردوگاکان لە  1991/2/13، ئەوانەی هەولێر زیاتر لە 100 پێشمەرگە دەبوون، بە مەفرەزەی 6  پێشمەرگەیی لەبەرچاوی هەموو حزبەکان لە گوندی زەڵێ بەڕێکەوتن،  بە ماوەی هەفتەیەک هەموو گەیشتنە شوێنی خۆیان و ناو جەماوەر، ئەرکی ئەوان بردنی  سەدان نامە بوو بۆ  سەرۆک جاش و کەسایەتییەکان، کە لە کاتی هەڵگیرساندنی راپەڕین  یان بێنە بەرەی خەڵک یان بێ لایەن بن و تەقە لە خەڵک نەکەن.
-2 ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان،  کە ببووە ئێزگەی راپەڕین، لە سەرەتای مانگی دووەوە، ئەو ئێزگەیە بوو بە دوو بەش  75 مەتری و 41 مەتری، ئەوەی دووەمیان هێنایە گوندی زەڵێ، ئەو دوو ئێزگەیە، شەو و رۆژ بە چەند زمانێ پەیامی راپەڕین و بروسکە و جۆش و خرۆشیان دەبەخشیەوە، و ببوونە هاودەمی هەموو ماڵێکی شۆڕشگێڕ و لایەنگری هەموو حزبەکان، چونکە سەرچاوەی  سەرەکی هەواڵ بوو.
-3 جەماوەری داخ لە دڵ و شۆڕشگێڕ، کە داینەمۆی راپەڕین بوون، شان بە شانی پێشمەرگە پارتیزانەکان، کە هەموویان  ئێزگەی گەلی کوردستان پێشەنگیان بوو، (جەماوەریش زۆربەی رێکخستنەکانی  یەکێتی و شیوعی و سۆشیالیست  بوون، رۆڵی بەرچاویان هەبوو، وەک  شانەکانی بروسک و سرک و  ئەو پێشمەرگانەی بەهۆی ئەنفالەوە دابڕابوون ).
-4 پێشمەرگەی سەر سنوور، هەموو پێشمەرگەی یەکێتی  و چەند مەفرەزیەکی  حزبی شیوعی و سۆشیالیست، هاوشانی پێشمەرگەکانی  یەکێتی  لەگەڵ هەڵگیرسانی راپەڕین لە شاری رانیە، لەسەر سنوور بە رێکەوتن بگەنە جەماوەر و پارتیزانەکان، کە 20 رۆژ پێشتر چووبوونە ناوخەلکەوە، راستە بەشێکی پێشمەرگەی حزبەکان بە ماشێن لە هەولێر دابەزین، بەڵام زۆربەیان لە رانیەوە هەنگاو  بە هەنگاو، هێزی پێشمەرگە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی بە پشتیوانی جەماوەر ئازاد کرد، دوای ئازادکردنی شاری کەرکوک، بێ هەڵوێستی هاوپەیمانان و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ سوپای عیراق و رژێمی بەعس، بە داخەوە شکستێکی گەورە رووی لە هێزی پێشمەرگە و جەماوەری کوردستان کرد و کۆڕەوی بەدوادا هات، هەموو ئەوانەی باسم کرد، تەواوکەری یەکتربوون، هیچ یەکێکیان بە تەنیا نەیدەتوانی راپەڕین بکات، کاتیش رۆڵی خۆی بینیوە لەم راپەڕینەدا.

هەوڵی دروستکردنی دیوار لە نێوان پێشمەرگە و جەماوەر  
ئەو قەڵەمە دزێوانەی، دەیانەوێ دیوارێک لە نێوان پێشمەرگە وجەماوەر دروست بکەن،  دوو مەرامیان هەیە، یەک: رقیان لە پێشمەرگەیە، دوو: قەڵەمی حزبێک یان کەسانێکن لە راپەڕین بێ هەڵوێست بوونە، دەیانەوەی بەو پەیامە ناخی رەشی خۆیان بخەنەڕوو، چونکە هێندە دەبەنگن، نازانن پێشمەرگەش کوڕی ئەو جەماوەرەیە، کە ئاوێتەی یەک ببوون لە راپەڕیندا.
ئەوەی باسم کرد، چەند راستییەک بوو، سەبارەت بە راپەڕین، گەرچی ئەو راستیانە  لە ساڵیادی یەکەمی راپەڕیندا خراونەتە روو، بەڵام قسەیەک هەیە، دەڵێ  هەر درۆ بکە هەر درۆبکە، تا باوەڕت پێدەکەن، ئەو قەڵەم فرۆشانەش، دەیانەوێ  بەوشێوەیە خوێنی شەهیدانی راپەڕین بدزن و چەواشەی بکەن، دەرهەق بەوەش شاباشی خۆیان وەربگرن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان