حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی رۆژی بەرگی نەتەوەییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا جەختی لە گرنگی پاراستن و برەودان بە بەرگی نەتەوەیی وەک ئەرکێکی نیشتمانی کردەوە.
وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتی: "بەرگ و پۆشاکی نەتەوەییمان، بە درێژایی مێژوو بوونەتە بەشێک لە سیمبوڵی مانەوە، خۆڕاگری، ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان."
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان رۆژی 10ی ئازاری وەک رۆژی پۆشینی بەرگی نەتەوەیی دیاریکردووە، بەڵام ئەمە بەس نییە و پێویستە هەڵوەستەیەکی جددی بکرێت بۆ پاراستنی ناسنامەی کولتووری و رۆشنبیری.
حەمەی حەمەسەعید هۆشداری دا لەبارەی "شاڵاوی کولتووری و فەرهەنگیی دەرەکی" و ئەو هەوڵانەی کە ئاراستەی تواندنەوەی مۆرکە کولتوورییەکانمانن. ئەو پێی وایە ئەمە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی کولتووری کورد و پێویستە هەموو لایەک بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری رۆشنبیری و لاوان پیرۆزبایی رۆژی پۆشاکی نەتەوەیی لە هەموو خەڵکی کوردستان کرد و هیوای خواست هەمووان پێکەوە پارێزگاری لە ناسنامەی کولتووری و فەرهەنگیی نەتەوە و نیشتمان بکەن.