راپۆرتی: حسێن عەزیز
دووەمین دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگاتە گەرمیان و رۆژی پێنجشەممە 6-3-2025 پێنجەمین كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ دووەمین دیدار بە بەشداریی كادیر و مامۆستایان و ژنانی گەرمیان لە شاری كەلار بەڕێوەدەچێت و تیایدا بەشداربووان پێشنیازیان بۆ پێشخستنی یەكێتی و سەرخستنی دیدارەكە هەیە.
د. فەرهاد قادر ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیدارەكە فۆڕمێكی نوێی كاری حیزبییە و جۆرێكە لە ئامادەكاریی بۆ هەر ریفۆڕمێك كە حزب لە هەنگاوەكانی ئایندەیدا جێبەجێی بكات، لەو رێگەیەوە جۆرێك لە راگۆڕینەوە دروست دەبێت و پێشنیاز و پرۆژە لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكاندا بۆ ئەو مەبەستە كۆ دەكرێتەوە، پاشان لە رێگەی مەڵبەندەكانەوە گەڵاڵە دەكرێت، لە کۆتاییشدا حزب پرۆژە و پێشنیازەکان تاوتوێ دەکات و سوودیان لێ وەردەگرێت بۆ پێشخستنی هەنگاوەکانی لە ناوخۆ حزبەکەدا تا بتوانێ لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی سەردەم خۆی بگونجێنێت و هەروەها پەرەپێدانی کارەکانیشی لە حکومەتدا.
د. فەرهاد قادر دەڵێ: پێویستە ئەو كەم و كورتییانەی لە دیداری یەكەمدا هەبوون لەم دیدارەدا چارەسەر بكرێن و بایەخ بە هەنگاوە سەركەوتووەكانی دیداری یەكەم بدرێت و تا دواقۆناغی سەركەوتن ببرێت.
د. فەرهاد قادر بۆ کوردستانی نوێ : دیدار رێگایەكە بۆ گەیاندنی بۆچوونی ئەندامێكی ئاسایی تا سەرۆكی حزبەكەش و هەمووان بەشدار دەبن لە دروستكردنی بڕیاردا
چالاکییەکی سیاسی و ئابوورییە
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی دیدار یەكێكە لە رێگا نوێیەكان كە سەركردایەتی بیری لێكردۆتەوە، ئەویش لە قۆناغێكی هەستاری یەكێتیدا، كە خەڵكانێك پێیانوابوو یەكێتی لە خەڵكی كوردستان و جەماوەرەكەی دادەبڕێت، بەڵام ئێستا دیدار رێگایەكە بۆ تۆكمەتركردنی ئەو پەیوەندییانە و گەیاندنی بۆچوونی ئەندامێكی ئاسایی تا سەرۆكی حزبەكەش و هەمووان بەشدار دەبن لە دروستكردنی بڕیار و پێشكەشكردنی پێشنیازەكان، بەوەش دەیسەلمێنن وەك هەمیشە، یەكێتی حیزبی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە.
محەمەد ئەحمەد كە پیشەی مامۆستایە و دانیشتووی ناحیەی رزگارییە بۆ كوردستانی نوێ وتی: دیداری یەكێتی، چالاكییەكی سیاسیی، ئابووریی و ئیداری نوێیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شێوازێكی نوێی ئاڵوگۆڕی بیروڕای جەماوەرە، لە دیداری یەکێتیدا خەڵك دەتوانن گفتوگۆ و مشتومڕ لەسەر هەموو بابەتە گرنگەكان بكەن، دیدار دابینكردنی فەزایەکە بۆ تاكەكان بۆ ئەوەی بیروڕای خۆیان لەسەر بابەتگەلی جۆراوجۆر بەیەكەوە باس بكەن و لەگەڵ ئەوانی دیكەدا كە خاوەنی بۆچوونی جیاوازن خاڵ بە خاڵ لەسەری بوەستن و هەڵە و ناتەواوییەكان بە جۆرێكی دروست و واقیعی دابڕێژنەوە، چونكە لە دیداردا جگە لە نوخبەی سیاسی و ئەندامان تەنانەت خەڵكانی ئاسایی و رۆشنبیر و خاوەن بیرۆكە باشەكانیش بەشدار دەبن.
محەمەد ئەحمەد بۆ کوردستانی نوێ :
دیداری یەكێتی، چالاكییەكی سیاسیی، ئابووریی و ئیداری نوێیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، شێوازێكی نوێی ئاڵوگۆڕی بیروڕای جەماوەرە
بایەخدان بە پێگەی ژن
نیان یاسین بەڕێوەبەری باخچەی ساوایانە لە كەلار، لەبارەی پرسی ژنان و كەرتی پەروەردەوە لە دیداری یەكێتیدا دەڵێ: دیداری یەكێتی لەبەر ئەوەی لە هەموو ئاستەكانی حیزبدا كادیران و هەڤاڵان بەشداریی تێدا دەكەن بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێم باشە دیداری یەكێتی بایەخ بە پێگەی ژن بدات لە ناو ئۆرگانەكاندا، چونكە بە ژمارە و رێژە لە ئۆرگانەكاندا لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە، داواكارم ئەم گرفتە لە دیداردا گفتوگۆی جدی لەبارەوە بكرێت، بە تایبەتی کە ژنان لە چالاكییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن و بانگەشەكاندا رۆڵی زۆریان هەیە، هەروەها ژنانی زۆر باش هەن بەرپرسیارێتی وەربگرن، بەڵام دەرفەتی پێویستییان بۆ نەڕەخساوە. جگە لەوەش پێویستە دیداری یەكێتی ئاماژە بە كێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان بكرێت، پێویستە هەوڵی چارەسەركردنی جددیی بدرێت، بۆ ئەوەی مامۆستایان مافی رەوای خۆیان بەدەست بهێنن.
نیان یاسین بۆ کوردستانی نوێ :
لە بواری پەروەردە و فێرکردندا پێویستە هەوڵی چارەسەركردنی جددیی بۆ کێشەکانی مامۆستایان و کەرتی پەروەردە بدرێت
خزمەت بە خەڵكی كوردستان
سارا حسێن لێپرسراوی كۆمیتەی ژنانی كفری بە كوردستانی نوێی وت: لە دیدارەكەدا پێویستە جەخت لەسەر خاڵە هەنوكەییەكان بكەینەوە، لە نەخشە و داڕشتنی سیاسەتێكی دروست بۆ بنیاتنانی یەكێتی و برەودان بە پەیوەندییەكان و رێكخستن و كارە جەماوەرییەكان، هەروەها داڕشتنی بەرنامە بۆ چۆنێتی بەشداریكردنی یەکێتی لە حكومەتدا، بە جۆرێك خزمەت بە خەڵكی كوردستان بكات. هەروەها پێویستە لە دیدارەكانماندا بایەخ بە رۆڵی ژنان بدرێت، بایەخپێدانەکەش تەنها لە رووكەش نەبێت و رەنگدانەوەی هەبێت لە ناو هەموو هەموو جومگەكانی حیزبدا.
باسی لەوەشكرد: دیدار دەبێتە هۆی ئەوەی كادیر كەسانی زیاتر بناسێت و راوبۆچوون بگۆڕنەوە و بیری خۆی زیاتر فراوان بكات بۆ كاری سیاسی و بە بیری فراوانترەوە بڕوانێتە ئەمڕۆی كایەی سیاسی و ئازادانەتر رای خۆی بە سەركردایەتی بگەیەنێت. پیشنیازیش دەكەم گرنگی بە ئەزموونی ژنان و كچان بدرێت و دەرفەتی هاتنەپێشەوەی ژنان لە كایەی سیاسیدا زیاتر بكرێت و ئەرك و بەر پرسیارێتییان لە كاری حزبیدا زیاتر پێ بدرێت.
سارا حسێن بۆ کوردستانی نوێ :
لە دیدارەكەدا پێویستە جەخت لەسەر خاڵە هەنوكەییەكان بكەینەوە، هەروەها کار بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی دروست بکەین
بڕیاری هەرەوەزیی
عەباس محەمەد حەسەن لیپرسراوای بەشی راگەیاندنی مەڵبەندی گەرمیان بە كوردستانی نوێی وت: دیداری یەكێتی وەك هەنگاوێكی نوێی خێرا و سەردەمیانە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەشەسەندنی چەمكەكانی سیاسەت و متمانەی سیاسی دەبێت و بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكراوی كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكە، ئەم دیدارە چالاكییەكی رەسمی گەڕۆك دەبێت و بەشێكی گرنگی هەنگاوەكانی خەباتی فراوانی ئۆرگانانە و هەڤاڵانە دەبێت.
راشیگەیاند: دیدار هەنگاوێكی گرنگی لێكنزیكبوونەوە و راگۆڕینەوەیە، بڕیاری هەرەوەزیی حیزبی دەبێت لە نێوان هەموو ئەندامانی حیزبەکە و سەرجەم خاوەن پێگە و پۆستەكانی، چونكە كۆی ئەو پرس و بابەتە گرنگانەی لە رێگەی ئەم دیدارانەوە تاوتوێ دەكرێن و دەخرێنە روو، زادەی بۆچونێكی هاوبەش و گشتگیری هەڤاڵانە دەبێت لەوپەڕی ئازادی و دیموكراسیانەدا، چونكە دیدار بۆتە مینبەرێكی رەهای ئازاد كە تێیدا دەتوانرێت تیشك بخرێتە سەرجەم ئەو گرفت و خاڵانە، كە پێویستییان بە راو و بۆچوون و کۆدەنگیی حزبییانە هەیە.
عەباس محەمەد حەسەن بۆ کوردستانی نوێ :
دیداری یەكێتی كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر گەشەسەندنی چەمكەكانی سیاسەت و متمانەی سیاسی دەبێت و چالاكییەكی رەسمی و خەباتی جەماوەرییە
وەرچەرخانێكی مێژوویی
سۆران حسێن بەڕێوەبەری سەنتەری چالاكی ئاران لە ناحیەی رزگاری لەو بارەیەوە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دیداری یەكێتی پرۆسەیەكی گرنگ و پڕ بایەخە لەم قۆناغەدا، بۆ ئەوەی بە ئاراستەی پێشكەوتن و نوێبوونەوە و بەخۆداچوونەوە و خۆڕێكخستن هەنگاو هەڵبنێت، دەبێتە وەرچەرخانێكی مێژوویی گرنگ بۆ یەكێتی، دەكرێت وەك فریادڕەسی پرۆسەی سیاسی حزبكە و هەرێم وعیراق و ناوچەكەش وێنای بكەین لە داهاتوودا.
بەڕێوەبەری سەنتەری چالاكی ئاران وتیشی: لە دیداردا پێویستە گرنگیی بە توانا و لێهاتووییەكانی گەنجان بدرێت و ئەركیان پێ بسپێردرێت، پێوستە دیداری یەكێتی وەڵامی ئەو پرسیار و رەخنە و دۆخە ناهەموارە بێت كە تاكی كوردی دووچاری نائومێدی و سەختی و ئاڵۆزیی كردووە.
سۆران حسێن پێشنیازیش دەكات: كردنەوەی دەرگایەكی نوێی بیركردنەوەی مۆدێرن پێویستە، ئەویش لە رێگەی پەروەردەكردن و پێگەیاندنی كادیری نەوعی لە بوارە جیاجیاكاندا، هەروەها پێویستە لە دیداردا هەموو پرسێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پەرەوەردەیی و ..هتد تەتەڵە و پێژنگ بكرێت.
سۆران حسێن بۆ کوردستانی نوێ :
لە دیداردا پێویستە گرنگیی بە توانا و لێهاتووییەكانی گەنجان بدرێت و ئەرك و بەرپرسیارێتییان پێ بدرێت