كێ شوێنی ستیفانی ولیامز دەگرێتەوە؟

10:16 - 2022-08-02
جیهان
489 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر
دوای تەواوبوونی ئەركەكەی وەك راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری لیبیا، چەند كەسێك بۆ شوێنگرتنەوەی ستیفانی ولیامز كاندیدن.

بە شێوەیەكی كاتی
لە تویتێكیشدا بەبۆنەی بەجێهێشتنی پۆستەكەیەوە، ستیفانی ولیامز رایگەیاندووە: ئەو چەقبەستووییە سیاسییەی ئێستای لیبیا، تەنها لە رێی پەسەندكردنی چوارچێوەیەكی دەستووریی تەوافوقییەوە چارەسەر دەكرێت، لەپێناوی دانانی میكانیزمێك بۆ كۆتاییهێنان بە ماوەی راگوزەر لە رێی هەڵبژاردنێكی نیشتمانییەوە.
رۆژی هەینی رابردوو، نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، كە ستیفانی ولیامز راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری لیبیا، لە كۆتایی ئەم مانگەدا ماوەی ئەركەكەی تەواو دەبێت ‌و پۆستەكەی بەجێدەهێڵێت.
ئاماژەی بەوەش دابوو، كە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پشتیوانیكردنی لیبیا دەمێنێتەوە ‌و ریسدۆن زنینگا بە شێوەیەكی كاتی، وەك رێكخەری تایبەتی نێردەكە دەستبەكار دەبێت، تا ئەو كاتەی كەسێكی دیكە لە شوێنی ستیفانی ولیامز دادەنرێت.

دیارترین كاندیدەكان
 پێشبینی دەكرێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان پەلە بكات لە دانانی نێردەیەكی نێودەوڵەتیی نوێ لە لیبیا، بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی بە رۆیشتنی ستیفانی ولیامز دروست دەبێت، بۆ درێژەدان بە هەوڵەكانی نێوەندگیریی لە نێوان لایەنەكانی لیبیادا، لەپێناوی بەرگرتن لە رۆچوونی ئەو وڵاتە بەرەو جەنگێكی نوێ. 
لە دیارترین كاندیدەكانیش بۆ پڕكردنەوەی پۆستی راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری لیبیا، كریستیان بوك دیپلۆماتكاری ئەڵمانیا ‌و نێردەی تایبەت بۆ لیبیا، كە لە ساڵانی 2016 بۆ 2017 وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لەوێ كاریكردووە ‌و پێشینی دەكرێت كە ئەڵمانیا ‌و چەند وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا پشتیوانیی بكەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.     
لای خۆشیەوە، یەكێتیی ئەفریقا هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە، بۆ ئەوەی كەسایەتییەكی ئەفریقی، شوێنی ستیفان ولیامز بگرێتەوە. لەوانە، محەمەد بن شەمباس دیپلۆماتكاری غانا ‌و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ خۆرئاوای ئەفریقا لە ساڵانی 2014 بۆ 2021، لەگەڵ مستەفا عوسمان ئیسماعیل وەزیری پێشووتری دەرەوەی سودان. 

ئاستەنگی دۆزینەوەی پلان
یەكێك لە كاندیدەكانی دیكەی پۆستی راوێژكاری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری لیبیا، سەبری بوقادوم وەزیری پێشووتری دەرەوەی جەزائیر ‌و نوێنەری پێشووی وڵاتەكەی لە نەتەوە یەكگرتووەكانە، كە بە دۆسێی لیبیا ئاشنایە ‌و پەیوەندیی باشی لەگەڵ لایەنەكانی ئەو وڵاتەدا هەیە ‌و ئەو كاتەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بووە، سەردانی تەرابلوسی پایتەخت ‌و هەردوو شاری بنغازی لە خۆرهەڵات ‌و شاری غات-ی لە باشووری لیبیا كردووە. 
نێردەی نوێی نێودەوڵەتیی بۆ لیبیا، ئاستەنگی لەبەردەمدایە بۆ دەربازكردنی لیبیا لەو تەنگژە سیاسی ‌و ئەمنییەی تێیكەوتووە، ئەوەش لە سایەی دابەشبوونی دەسەڵات ‌و دامەزراوەكان لەسەر بنەمای جوگرافیا، ئەركێكی سەختە. 
رۆژی شەشی كانونی یەكەمی 2021، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ستیفانی ولیامز-ی وەك راوێژكاری تایبەتی خۆی بۆ كاروباری لیبیا دامەزراند.    

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

بابەتە پەیوەندیدارەکان