راپۆرتی/ ئه‌یاز هه‌ركی
شرۆڤەکارانی سیاسی لە پارێزگای دهۆک لە یادی 34ه‌مین ساڵەی راپەڕینی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی کوردستاندا داوای دادپەروەری كۆمه‌ڵایه‌ی و پاراستنی كیانی هه‌رێمی کوردستان دەکەن.
سامی رێكانی شرۆڤه‌كاری سیاسی کوردستان له دهۆك به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: هەر گۆڕانکاری و راپەڕینێک لە جیهاندا دەرئەنجامی چەوساندنەوەیەکی بەردەوامە بە درێژایی مێژوو، گۆڕانكاری و راپەڕین لە دژی ستەمكاری، مایەی خۆشی و خواستی گەلانی چەوساوەیه بۆ رزگاربوون لە ستەمێکی گەورە.
وتیشی: له 5ی ئازاری ساڵی 1991دا نەتەوەی کورد ناوچه‌كانی خۆیان لە دەستی رژێمی بەعس رزگارکرد، كه بووە هۆی زامنكردنی چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی بۆ گەلی کورد و رزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت، جگە لەوەش پشتیوانییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی بۆ نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان گەره‌نتی كرا.
سامی رێكانی بۆ کوردستانی نوێ : راپەڕین بووە هۆی رزگاربوون لە دیکتاتۆرییەت و بە دەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ کورد
دەستپێکی راپەڕینی بادینان
دوای راپەڕینی بەشێک لە شارەکانی هەرێم، رۆژانی 12 و 13ی مانگ له شارەکانی دەڤەری بادینان ئاكرێ، به‌رده‌ڕه‌ش، ده‌ركار عه‌جه‌م، زاخۆ، ئامێدی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری دهۆك راپه‌ڕین ده‌ستیپێكرد و ئه‌و ناوچانەش ئازادكران.
بژار شێخ عوبه‌ید دۆسكی جێگری یه‌كه‌می لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چواری دهۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به كوردستانی نوێی راگه‌یاند: دوای كۆبوونه‌وه‌ی زه‌ڵێ، چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی پارتیزانی یه‌كێتی له بادینان له مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی 1990دا گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌ی بادینان به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی نامه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال و ئاماده‌كاری بۆ راپه‌ڕینی سه‌رتاسه‌ری له ده‌ڤه‌ری بادینان، لە یەکەم رۆژی راپەڕینەکەی بادینان لە 12ی ئازاردا، مه‌فره‌زه پارتیزانه‌كانی یه‌كێتی و رێکخستنه دێرین و نهێنییەکانی سه‌ر به یەکێتی لە سنووری شێلادزێ و قه‌زای ئامێدی دەستیان کرد بە هاندانی خەڵکی ناوچەکە دژی دامودەزگاکانی رژێمی بەعس بۆ راپەڕین، پاشان هێزەکانی یەکێتی بەرە و سه‌نته‌ری پارێزگای دهۆک بەڕێکەوتن بۆ رزگارکردنی تەواوی شارەکە، هەروەها بۆ مێژوو پێشمەرگە و رێکخستنەکانی یەکێتی رۆڵێكی سه‌ره‌كی و رۆحیه‌تێكی فیداكاریی به‌رچاویان هه‌بوو له راپه‌رینه‌كه‌ی بادیناندا.
ژمارەیەک لە شەهید و دەستکەوتەکانی راپەڕین
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له راپه‌ڕینی بادیناندا، ژماره‌یه‌ك شه‌هیدی بۆ رزگاركردنی ناوچه‌ی بادینان بەخشی، له نموونه‌ی ساڵم تۆبیان حاجی عه‌بدی ئێزدی پێشمه‌رگه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی و عه‌بدولڕه‌حمان محه‌مه‌د عه‌لی كه له شه‌ڕی ناحیه‌ی فه‌هیدییه‌دا شه‌هید بوون، هه‌روه‌ها حه‌سه‌ن سه‌لیم نێروه‌یی فه‌رمانده‌ی دیاری مه‌فره‌زه‌ی پارتیزانی یه‌كێتی له بادینان، حاجی ئه‌حمه‌د نێروه‌یی كادیری سه‌ربازیی كه له‌كاتی به‌رگریكردن له خه‌ڵكی بادینان له كۆڕه‌وی ملیۆنی له گه‌لی (بێسرێ) شه‌هید بوو، هه‌روه‌ها جومعه ئه‌حمه‌د و خالید عه‌لی عه‌بدی و جه‌رجیس خزر جبو و سەدان پێشمەرگەی دیکەی پارتیزان و رێكخستنه نهێنییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له راپه‌رینی ده‌ڤه‌ری بادیناندا شه‌هیدبوون.
بژار شێخ عوبه‌ید دۆسكی دەڵێت: میللەتی کورد لە راپەڕیندا کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی بە دەستهێنا، وەک گەرەنتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی گەلی کورد، وەک بڕیارنامەی 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بووە هۆی دانانی بەردی بناغەی هێڵی 36، به مه‌به‌ستی سنووردارکردنی جموجوڵی سوپای بەعس لە دژی خه‌ڵكی کوردستان، هاوكات دەرفەتێکی مێژوویی هاته‌پێش بۆ دامەزراندنی كیانی هەرێمی کوردستان.
له دوای راپەڕینی ساڵی 1991 خه‌ڵكی كوردستان هه‌ستیان به ئارامیی كرد و چاوەڕوانی بەدیهاتنی خواستەکانیانن.
سامی رێكانی ده‌ڵێت: دوای 34 ساڵ به‌سه‌ر راپەڕینی خه‌ڵكی کوردستان، هێشتا بەشێک لە خەون و خواستەکانی گەلی کورد بەدینەهاتووە، وەک لایەنی ئابووریی و ئارامیی تاکی کورد، كه ئەم خاڵانە سه‌ره‌كین و دەبێتە هۆی دڵخۆشکردنی خەڵک و وادەکات زیاتر ئامادەیی قوربانیدان ده‌بێت لە پێناو دەستکەوتەکاندا.
بژار شێخ عوبه‌ید دۆسكی بۆ کوردستانی نوێ : هیوادارین لە یادی راپەڕیندا حکومەتی هەرێم متمانە و خزمه‌تگوزاریی بکاتە بنەما بۆ خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتیان
دۆخی هەرێم دوای راپەڕین
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای قوربانیدانەکان، خراپیی دۆخی ئێستای هەرێم نەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا، وایکردووە هەستی نەتەوایەتی لەلای تاکی کورد کەم ببێتەوە، لە سیستمی دەسەڵاتدا هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە ئابوورییەوە، ئەگەر ستراتیژیه‌تی گەشەپێدان بۆ ئابووری گشتیی و ئابووری تاک نەبێت، هاووڵاتی هەست بە ئارامی و ژیانێکی ئارام ناكات ئەمە دەریدەخات هەرێمی کوردستان لە ستراتیژیه‌تی ئابووریی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە.
لەبارەی دۆخی هەرێم لە چاوی وڵاتانەوە و هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخەکە سامی رێكانی بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئێستا لە قۆناغێکداین بەرژەوەندیی زلهێزەکانی جیهان له‌وه‌دایه كورد به‌رده‌وام بێت و رووبەڕووی کارەساتی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی نه‌بێتەوە، ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ پاراستنی کورد لەم قۆناغەدا، بەڵام زۆر گرنگە بۆ بەردەوامیی و مانه‌وه‌ی هەرێمی کوردستان، یەکخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئابووری و سەرچاوەکانی لە دەستی تاک دەربهێنرێن، دامەزراوەکان بە نیشتمانی بكرێن و چاكسازیی و شه‌فافیه‌ت جێبه‌جێ بكرێت.
هاوکات بژار شێخ عوبه‌ید دۆسكی جێگری لێپرسراوی یه‌كه‌می لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چواری دهۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: هیوادارین لە یادی 34 ساڵەی راپەڕینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی کوردستاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزییەکانی راپەڕین بپارێزێت و رەوتی حوکمڕانی باشتر بكات، متمانە و خزمه‌تگوزاری بکاتە بنەما بۆ خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.