بەمەبەستی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ واشنتندا،
روسیا لیستی داواكارییەكانی پێشكەش بە ئەمریكا كردووە بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆكراین.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە
دوو سەرچاوەی باڵا بە ئاژانسەکەیان راگەیاندووە، تاوتوێی پلانی ئەمریكا دەكەن بۆ ئاگربەست لە ئۆكراین و پەلە ناكەن لە وەڵامدانەوەی ئەمریكا.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، وەرنەگرتنی ئۆكراین لە ناتۆ و جێگیرنەكردنی هێزی بیانی لە ئۆكراین و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەسەڵاتی روسیا لە كریمیا و چوار پارێزگای دیكەی ئۆكراین دەبنە مەرجی سەرەكی مۆسكۆ بۆ گفتوگۆ و راگەیاندنی ئاگربەست.
هاوكات، دیمیتری پێسكۆڤ وتەبێژی كرملن ڕایگەیاند، مۆسكۆ چاوەڕوانی زانیاری ورد لە ئەمریكا دەكات لەبارەی پێشنیازەكەی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و پێویستە پێش ئەوەی هەڵوێست رابگەیەنن، ئەو زانیارییانەیان بەدەست بگات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای كۆبوونەوەی وەفدی ئۆكراین و ئەمریكا لە سعودیە، ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین پلانی ئەمریكای بۆ ئاگربەست پەسەند كرد و دۆناڵد ترەمپیش هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێی بەسەر مۆسكۆدا كرد ئەگەر بێت و پلانەكە قبوڵ نەكەن.