چیرۆک

دایكــــم له‌ودیـــــو شــــووشــــــه‌وه‌

10:39 - 2025-03-13
ئەدەب و هونەر
95 جار خوێندراوەتەوە

فه‌ریبا وه‌فی

و:هیمداد حوسێن

بە دادە ئەشرەفم وت: «دەمەوێت بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە کتێبەکانم بهێنم» ئەمەم بە درۆ پێ وت. ئەگەر بم وتایە دەڕۆم وێنەی دایکم لەنێو ئەلبومەکە دەردەهێنم، نەیدەهێشت، لچی هەڵدەقورتاند و ئیتر بەسەریەکەوە شتێکی ده‌وت، ئیدی دایکی من ژنی باوکی ئەوە، كه‌ ناوی دایکم بهاتایه‌ ئیتر رووی نەبوو. من تازە زانیومە مه‌سه‌له‌ی دایکم چۆن و بە چ شێوەیەک بووه‌. لە کوێ بزانم بنیادەم دەبێ بڕوا و بیبینێ ئەوجا باوەڕ دەکات، تومه‌ز وەختێ دایکمیان هێناوە ئەشرەف هاتۆتە لای من و دەستی گرتووم و بردوومی بۆ ماڵی خۆیان.
- وتم ئەی دایکم؟ 
وەکو کەسێک، کە بەزەیی پێمدا بێتەوە یا دڵی بۆم بسووتێ، چاوەکانی بچووککردەوە و وتی: ئیتر تۆ گەورە بووی، دایکت بۆ چییە؟ پێویستت بە دایکت نییە. پاشان مێردەکەی هات و ئەشرەفیش هیچی نەوت. ئەم ژنەم خۆشناوێت، یانی بە جۆرێکە کە سەیرت دەکات، بە دەست خۆت نییە شەرم لە خۆت ده‌كه‌یت. ئیتر ئەگەر ئەو شتانەی دادە ئەشرەف نەبوونایە، مەجید و مەهین نەبوونایە، هیچ کاتێک ئەوەندە نەدەمامەوە، خۆ ئەگەر نەبامایەوە ئیتر هیچ جێگەیەکی تریشم نەبوو. 
کاکە رەزا کە چوو بۆ تاران، هەموو شتێک له‌بن سەری ئەودا بوو، نازانم چی بە گوێی رەزادا دابوو، کارەکەی به‌ شێوەیەك بوو ئیتر نەدەهاتەوە ماڵەوە. ئەو رۆژە کاکەم قسەی نەکرد، بەڵام سوور هەڵگەڕا بوو. ژنەکەی بە جۆرێک خۆی گرمۆڵه‌ كردبوو‌ وه‌كو كه‌سێكی ناحه‌ز یان وەکو کەسێکی خراپ سەیری دەکرد. دایکم لە گۆشەیەکەوە کز کز دانیشتبوو، لەژێر چاویشەوە سەیری رەزای ده‌کرد. دادە ئه‌شرەفیش له‌ولای کاکە رەزاوە لەسەر چیچکان دانیشتبوو لێی دەپاڕایەوە نەڕوات، بەڵام کاکەم بە چاوێکی پڕ لە خوێنەوە سەیری دەکرد، دواجار گوتی: «لاچۆ له‌به‌ر چاوم»
لە راستیدا منیش لە کاکە رەزا دەترسام و لە دڵی خۆمدا ده‌موت: وا باشترە بڕوات، ئێمەش ئیسراحەت دەکەین. ئه‌شره‌فم هیچ خۆش نەدەویست، ئاخر سەری دەخستە سەر دایکم، هەموو جارێک لە قوتابخانە دەهاتمەوە دەمبینی قڕە و گاڵەیانە. كاكه‌ رەزا هەمیشە لایەنگریی ژنەکه‌ی خۆی دەکرد، دایکی ره‌حمه‌تیم خۆی لە دەست ژنەکەی رەزا رادەپسکاند و ئەوەندە دەمە دەمیی لەگەڵ نەدەکرد. كاكه‌ ره‌زا کە رۆیشت ئیتر هەر سەیرێکی دایكیشمی نەکرد، هەموو شتەکانی خۆی کۆكردەوە و رۆیشت، ئەشرەفیش دوای ئەو رۆیشت. تازە تێگەیشتووم چەند خراپ بوو، بە راستی ماڵەکەمان بە شێوەیەک بوو بنیادەم دڵی ناره‌حه‌ت ده‌بوو، دایکیشم لەوسەرەوە وتی: «بە جەهەننەم، لێگەڕێ با بڕوا»، پاشان هەڵسایەوە و ماڵەکەی کۆکردەوە و دەیوست بەسەر خۆیدا نەهێنێت، بەڵام دیار بوو ناڕەحەت بوو.
 من هەڵسامەوە و گسكێکم لە حەوشەکەدا، کە گەڕامەوە بینیم دایکم چاوەکانی سوور هەڵگه‌ڕابوون. ئەو هەمیشە بە هێمنیی دەگریا، دەتوت شەرمی بە خۆیەتی کەسێک فرمێسكەکانی ببینێت، بەڵام من فرمێسکەکانیم بینی، ئەوم لە پشت شووشەكەوە بینی، بەڵێ لەوێ کاتێک سەرم بڵندکرد، بینیم وێنەی دایکم رووخسارێکی پڕ لە فرمێسکە و ژێر چاوەکانی پڕ بوون لە چرچولۆچیی. 
دایکم کە دەویست بڕواتە دەرەوە سەعاتێک ئا.. بەڵێ سەعاتێک لەبەردەم ئاوێنە خۆی ده‌ڕازانده‌وه،‌ دەتوت به‌بووک دەچێت‌. هەندێجاریش توێكڵه‌ خەیاری دەخستە سەر دەموچاوی، کە سەیرم ده‌کرد پێکەنینم دەهات، کاتێک دەستی لەسه‌ر پێستی هەڵدەگرت توێكڵه‌ خه‌یاره‌كان به‌ روویەوە نه‌ده‌نووسان. چاوەکانی دایکم زۆر گەورە و هەمیشە تەڕبوون، برژانگەکانیشی بڵندبوون، کە قەڵەمی لە چاوی دەدا زۆر جوان دەردەکەوتن. ئیدی مووكێشەکەی دەردەهێنا و دەکەوتە هەڵکێشانی مووەکانی رووخساری و پاشان سووراوێکی سووری تۆخی لە لێوەكانی دەدا، ئینجا سەیرێکی ئاوێنەی دەکرد و خۆیشی بزه‌یه‌كی دەکرد، ئیدی جلەکانی دەگۆڕی و عەترێکی زۆر خۆشی دەپرژاند، منیش یەکسەر دەچوومە پێشی و تۆزێکی لە جلەکانی منیش دەدا، پاشان هەڵده‌ستا و دەڕۆیشت. لەوەتەی پیاوەکەی مردووە دایکم زۆر دەستده‌هێنێت بە خۆیدا، زوو زوو دەڕواتە میوانداریی و دەیه‌وێت ئەو رۆژانەی پێشووی لە بیر بچێتەوە کە پیاوەکەی نەیدەهێشت بچێتە دەرەوە. کاتێک پیاوەکەی مابوو دایکم نه‌یده‌توانی بڕوا بۆ هیچ جێگایەک، نازانم بۆچی؟ بەڵام جارێکیان پیاوەکەی، دایکمی بینی بوو لەگەڵ یوسف خەرازی قسە دەکات و پێدەکەنێ، ئێستاش لە بیرمە ئەو رۆژە پیاوەکەی چی بە دایکم کرد، قایشەکەی کردەوە و تا توانی لێیدا، دایکم بە دەم ئازاری لێدانەوە هاواری ده‌کرد: «پیرە سەگ، وازم لێ بێنە»
 پیاوەکەی زۆر پیر بوو بەڵام، کاتێک دایکم پێی دەوت پیرە سه‌گ یان پیرەکەمتیار، ئەوەندەی دی رقی هەڵدەسا و زۆرتر لێی دەدا. پاشان پیاوەکەی نەخۆش کەوت و مرد، ئیتر خوایە چ رۆژێکی ناخۆشبوو. دایکیشم وەکو ئەوانی تر دەگریا بەڵام من دەمزانی زۆر دڵی پێی ناسووتێ، چونکە هیچ کاتێک ئه‌و پیاوەی ئەوەندە خۆش نەویستووە، خۆیشی هەموو جارێ ئەوەی دەوت. دایکم هەمیشە کە دایک و باوکی بەدبەختیان کردبوو، نەفرەتی لێ دەکردن، من ئەوەم دەزانی کە لە ناخی دڵیەوە رقی لێیانە. لەبەرئەوە بە هێمنی لە ماڵەوە هەندێ شتی بۆ دەبردن، رۆن.. برنج.. جەژنانیش پارەی دەدانێ تا بە ناوی خۆیانەوە شت بۆ من بکڕن یان بۆ دایکم كوولەکە بنێرن. من ئێستا ئەو شتانە تێگەیشتووم، جارێکیان ژنە گەورەکەی زڕبابم مەچەکی دایکمی گرت و بۆكسێكی لێدا ئێستاش بە سەریەوە دیارە. ئیدی جنێویان بە یەکدا و قژی یەکیان راکێشا و قڕە و قڕی زۆریان کرد. ئه‌و ژنە و دایکم زوو زوو بە شەڕ دەهاتن. دوای ماوه‌یه‌ك ژنەکەی زڕبابم‌ شێرپەنجەی گرت و مرد. دایکم وا بیری دەکرده‌وه‌ ئیتر هەموو شتێک دەگۆڕێ پیاوەکەی واز لە هەموو شتێک دەهێنێ و ئیتر لێی نادا، بەڵام زڕبابەكه‌م خراپتر بوو، چاودێریی دایکمی دەکرد تا بزانێت لەگەڵ كێ دێت و دەچێت.

 

هاوارێک بەرزبۆوه‌، دواتر ژنێک لە پشتی شووشەکەوە دەرکەوت، دەڵێم ژنێک چونکە راستییەكەی یەکەمجار دایکم نەناسییەوە، بەڵام خۆی بوو، دایکم بوو، چەند گۆڕا بوو؟! رووخساری چرچولۆچ بوو بوو، چاوەکانی پووت بوو بوون، پیر پیر بوو بوو، دڵم پێی سووتا و زۆر بەزەییم پێیدا هاتەوە. رق و تووڕەییەكەم بە دەم گریانەوە ده‌ربڕی و بانگم کرد: "دایکە"

 

رەزا و ئەشرەفیش لەوەته‌ی ژنی زڕبابه‌كه‌م مردووە جار جار سەردانی دایکم دەکەن. ئیتر لەو کاتەوه‌ زڕبابەکەم لەسەر شتێکی بچووکیش بوایە لە دایکمی دەدا. دایکم دەیوت «ئاخرەکەی خۆم دەکوژم بۆئه‌وه‌ی لەو ژیانە بەدبەختییە خۆم رزگار بکەم»، هەر بە راستییش جارێکیان دەیویست ئەوە بکات.
 ئەو رۆژەی زڕبابەکەم زۆری لێدابوو، ئیتر تاکو توانی هاتوهاواری کرد و سوێندی خوارد کە خۆی دەكوژێت. شەوەکەشی دوو شوشە حەبی لە نێو بەتانییەکە دەرهێنا، دەیویست بیخاتە جامێکەوە و بیخواتەوە، بەڵام من بەئەنقەست بۆم خستە جامێکی ترەوە. لە ژێر لێوانەوە و‌تم: «دایکە»، وەکو بڵێی چۆن به‌ده‌م خه‌وه‌وە، بە چرپە بانگی بکەم. دایکم بۆ ساتێک سەیرێکی کردم پاشان چاوەکانی داخست. تێگەیشتم وا سەیرم دەکات، منی لە باوەش گرتوو دەستی بە گریان کرد، قژم بە فرمێسكه‌کانی تەڕتەڕ بوو. خۆزگە ئەو پیاوە ئەوەندە بێ ره‌وشت نەبووایە، حەزم ده‌کرد هەمیشە لە باوەشی دایکمدا بخەوتمایە. خۆزگە هه‌روا بە بچووکی دەمامەوە تا به‌ بەردەوامی لە باوەشی دایکمدا بوومایە و نەهاتمایەتە دەرەوە. ئەی خودا خۆزگە ئێستا دایکم لە ماڵ دەبوو، منیش نەدەهاتم بۆ ماڵەکەی ئەشرەف، خۆزگە منیشی لەگەڵ خۆی دەبرد، چی دەبوو؟ جارێکیان کە دەڕۆیشتە دەرەوە پێم وت: منیش لەگەڵ خۆت ببە دایکە.
وتی: تۆ دانیشە وانەکانت بخوێنه‌، من ده‌ڕۆم و زوو دەگەڕێمەوە.
 هەر وەک هەموو جارەکانی دی ئەوەی ده‌وت و زوو نەدەگەڕایەوە، زۆری پێ دەچوو، بە هێواشی بە دوایەوە بە کۆڵانەکەدا رۆیشتم، قه‌ڵس بوو، بە خێرایی رۆیشتە سەر شەقامەکە و سواری پیکابێکی هەڵووژە بوو. شۆفێرەکە پیاوێکی گەنج بوو، كراسێکی سووری لەبەردا بوو، بەجۆرێک سەیری دایکمی دەکرد، هیچ خۆشم نەویست. پاشان پیكا‌به‌كه‌ پێی لێناو دەرچوو، منیش بەتەنیا گەڕامەوە ماڵەوە، کە دایکم هاتەوە گوڵێکی سووری  بۆ کڕی بووم، وتم نامەوێت، رقم لێ هەڵگرتبوو، بەڵام دایکم دڵخۆش بوو، گوڵە سوورەکەی لە قژی خۆی چەسپ کرد، قژیشی تازە بۆیه‌ کردبوو، رەنگی زێڕینی زۆری لێدەهات، جوانتر و گەنجتر دەردەکەوت. لە بەردەم ئاوێنەکەدا وەستا و بزه‌یه‌كی كرد وەک بڵێی لە ئاوێنەكەدا یەکێ وا سەیری دەکات، رەنگە هەر ئەو پیاوە گەنجە بێت. هیچ کاتێ دایکم ئەوەندە خۆشحاڵ نەبینی بوو، بەڵام دەزانم بۆچی حەزم نەدەکرد قسەی لەگەڵدا بکەم. بزه‌كه‌ی دایکم بە جۆرێک بوو بنیادەم هیچ حەزی پێ نەدەكرد، منیش وتم ئەوە هەمووی خه‌تای من بوو، کە ئەو پیاوە گەنجە دایکمی خواست. گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵەکەی ئەشرەف دانیشتم و دەستم بە گریان کرد، زۆر دڵم بۆ دایکم تەنگ بوو. ئەشرەف هات و بە خێرایی فرمێسکەکانی سڕیم وه‌ك بڵێی به‌زه‌یی پێمدا هاتبێته‌وه ‌وتی: چیتە؟ وتم: هیچ. لە تەنیشتم دانیشت: «ناشێ دڵت بۆ ئەو تەنگ بووبێ؟ من هیچم نە وت، سەرم داخست بەبێ ئەوەی خۆم بمەوێت به‌ خوڕ فرمێسك بە روومدا هاتنەخوارێ، دادە ئەشرەفیش دەستی بە سه‌ر و قژمدا هێنا: « ئیتر تۆ لە خۆتەوە دڵت بۆ ئەو تەنگ نه‌بێ.. ئاخر ئەو یەک زەڕه‌ ره‌حمی لە دڵدابایە تۆی بە جێ نەدەهێشت و لەگەڵ کەسێکی غەریب نەدەڕۆیشت، ئابڕووی هەموومانی برد»، فرمێسکەکانم بە روومدا دەهاتنه‌خوارەوە، وەک بڵێی دادە ئه‌شرەفیش دڵی پێم بسووتێ وتی: «زۆر باشە دەتبەم بیبینە، ئەوەندە فرمێسک مه‌ڕێژە»
ئیتر منی لەگەڵ خۆی برد و لەبەر دەرگاکە وەستا و له‌گه‌ڵ من نەهاتە ژوورەوە، چونکە ئەگەر مێردەکەی دایکم پێ بزانێ، قژی بە سەرەوە ناهێڵێت. ئینجا وتی: خۆزگە ده‌رسی وەردەگرت و ده‌هاتەوە سەرخۆی و ئیتر وازی لەم کارانە دەهێنا. ئەو رۆژە رۆیشتم لە پشت شووشەکانەوە وەستام لە پشت جامەکەوە دانیشتم، دادە ئه‌شرەفیش لە دەرەوە وەستابوو. دەترسام... زۆر دەترسام، زۆر قەرەباڵغ بوو، دڵم توند توند لێی دەدا، پاشان هاوارێک بەرزبۆوه‌، دواتر ژنێک لە پشتی شووشەکەوەکەوە دەرکەوت، دەڵێم ژنێک چونکە راستییەكەی یەکەمجار دایکم نەناسییەوە، بەڵام خۆی بوو دایکم بوو، چەند گۆڕا بوو؟! رووخساری چرچولۆچ بوو بوو، چاوەکانی پووت بوو بوون، پیر پیر بوو بوو، دڵم پێی سووتا و زۆر بەزەییم پێیدا هاتەوە. رق و تووڕەییەكەم بە دەم گریانەوە ده‌ربڕی و بانگم کرد: «دایکە».
دایکم فرمێسک بە روومەتیدا هاتنەخوارێ، عەبایه‌كی كۆنی بە سەره‌وه‌بوو، لە پشت ئەو شووشە ئەستوورەوە وه‌ك ژنێکی غەریب دانیشتبوو دەگریا، پێم وت: «دایکه‌ توخوا شتێک بکە بۆئەوەی بێیتە دەرەوە، من حەز ناکەم چیدی بڕۆمەوە بۆ ماڵەکەی ئەشرەف»
دایکیشم هەر بەردەوام بوو، لە گریانەکەی. 

 

 

فەریبا وەفی



- ساڵی 1963 لە تەورێز لە دایكبووە، زۆربەی چیرۆك و رۆمانەكانی بۆسەر زمانە زیندووەكانی دنیا وەرگێڕدراون و نامەی ئەكادیمییان لەبارەوە نووسراوە.
 كۆمەڵە كورتەچیرۆكەكانی ئەمانەن: لە قووڵایی سەحنەوە، هەتا ئەو كاتەی پێدەكەنین، لە رێگای ڤێلا، هەموو ئاسۆكان و بێ با بێ سەوڵ. 
ئەمانەیش ناوی رۆمانەكانیەتی: 
باڵندەكەی من(دوو جار بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێڕدراوە)، ترلان، خەونی تبت، نهێنییەك لە كۆڵانەكان، مانگ پڕدەبێتەوە، رۆژێكی تر بۆ شورا و رۆمانی دوای كۆتایی.
- ساڵی 2019 خەڵاتی هۆشەنگ گوڵشیری، بۆ باشترین رۆمان پێ بەخشراوە.
-فەریبا دەسپێكی كورتەچیرۆكەكانی لە گۆڤارەكانی (ئادینە، دنیای سخن، چیستا و گۆڤاری ژنان)دا بڵاوكردۆتەوە.
یەكەم كورتەچیرۆكیشی بەناونیشانی (ئیسراحەتت كرد باوكە)یە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان