ئازادی و هونەر دوو چه‌مكى زۆر نزیك و ته‌بان به‌یه‌كه‌وه، هیچ كاتێك هونه‌رێكى بایه‌خدار به‌رجه‌سته نابێت ئه‌گه‌ر ئازادیی تێدا نه‌بێت، بۆیه ئه‌م دووانه به‌بێ یه‌ك به‌هیچ جۆرێك هه‌ڵ ناكه‌ن. جا بەو پێیەی داهێنان پێویستی بە خەیاڵێکی ئازادانە هەیە کە بە ناو فەزای بێ کۆتایی چەمک و داهێنانە فیکرییەکاندا بڕوات، زۆرترین ئاستەنگ کە رووبەڕووی هونەر دەبێتەوە، سیستەمی بۆماوەیی بەها کۆمەڵایەتییەکانە.
هونەر بریتییە لە پراکتیزەکردنی ئەوپەڕی ئازادیی، رزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی جەستە لە سەمادا، کۆت و بەندەکانی یەکدەنگیی کۆمەڵایەتیی لە مۆسیقادا، سنووردارکردنی ماددی و بینراو لە هونەری شێوه‌كارییدا و سنووردارکردنی زمانی نەریتیی لە شیعر و ئەدەبدا.
لە هونەردا مرۆڤایەتی وه‌ك ئایدیا لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ گەردوون ده‌بینرێت، وەک چۆن هونەر مرۆڤ لە نامۆبوون دەگەڕێنێتەوە بۆ ره‌سه‌نێتى خۆى، کە لەلایەن چەمکە کۆمەڵایەتییە بەسەرچووەکانەوە بەسەریدا سەپێنراوە و بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم شێوازەکانی بیرکردنەوەی ئازادانەدا.
راسته زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان له‌نێو بۆته‌ى سیاسى و حزبیدا بوون، به‌ڵام هونه‌ره‌كه‌یان باڵاتر بووه له ئایدۆلۆژیاى داسه‌پاو، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌رفه‌تى ئازادییان له بیرنه‌كردووه، بۆ نمونه "پیکاسۆ و ئەو حزبە کۆمۆنیستییەی کە كارى تێداكردووه، چی روویداوە له بیركردنه‌وه‌یان، جگه له پێشخستنى چه‌مكى ئازادیی و چنینه‌وه‌ى رۆشنایی فكرى بۆ هونه‌ره‌كه‌یان؟! هه‌روه‌ك دی گۆیا، هەروەها گالیلۆ و ئەدیسۆن و زۆرى تر."
مرۆڤی داهێنەر پێویستی بە بوێرییەکی زۆر هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر تابۆیە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، چونکە نۆرمێکی بەهێز پێکدەهێنن کە پێویستی بە کاری جدی و بەردەوام هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر كه‌ڵه‌كه بوونى هزره كۆن و دوورەکاندا. مرۆڤ لە رێگەی هونەرەوە ئازاد دەبێت بۆ ئەوەی بەشداریی بکات لە بنیاتنانی جیهانە شارستانییە نوێیەکاندا.
کردەوەی داهێنەرانە تووشی کۆمەڵێک بەربەستی بەهێز بووە و ئەو دامەزراوە کولتوورییانەی باوەڕیان بە دیالۆگ هەیە، ده‌بێ ناچار بكرێن کۆمەڵێک نەریتی درۆینە لە بنیاتنانی چەمکە کەلتورییەکان له هونه‌ر به‌دوور بگرن و نابێت پێکهاتەی شێوازەکانیان لە خستنەڕووی کردەوەی کەلتورییدا ناکۆک بێت. لە لایەکی ترەوە هۆکاری پەروەردەیی کەڵەکەبوو هەیە، بەشداربووە لە بنیاتنانی سیستەمێکی نادروست کە لە لایەن هونەرەوە بەرهەم هێنراوە و ئەم سیستەمە بە قەدەغەکردن و هاوشێوەکانی بەبێ ئارگیومێنت و بەڵگە بەهێزتر بووە.
لێرەدا نابێت ئەوە لەبیر بکەین کە سیستمە سیاسییەکان چی‌یان کردووە لە ئاڕاستەکردنی هونەرمەندان بۆ کارکردن لەسەر بابەتێکی دیاریکراو، زۆرجار ده‌بینین لە دەرکەوتەکانی ستەمکاریی ئەو هونەرمەندە ئازادەی ده‌یه‌وێت فۆڕمى ئازاد نیشان بدات، تووشى دڵه‌ڕاوكێ ده‌كرێت و ئازادییه فكرییه‌كانى سه‌ركوت ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش بەهۆی ترسیان لە لەدەستدانی بەرژەوەندییەکانیان، لێره‌دا ئەوانیش ده‌بنه بەشێک لە کێشەکە چونکە خاوەنی ئەو بیرە ئازادە نین بۆ دەربڕینی ره‌خنه‌كانیان.
مەسەلەکە ئاڵۆزە و رەهەندی فرە و هەمەچەشنی هەیە بۆ گەیشتن بە رووبەڕووبوونەوە، دیالۆگ پێویستە بۆ ئەوەی کەموکوڕییەکانی ئەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووانە دەربکەوێت بە شۆڕشکردن لەو کردارە جوانکارییە داهێنەرانەی بۆ بەرژەوەندیی نەوەکان لەسەر زەوی دەمێننەوە.
توێژینه‌وه‌ى كۆمه‌ڵناسى و مرۆڤناسى هه‌یه، خۆشەویستی نەتەوەیەک بۆ ئازادی بە خۆشەویستی بۆ هونەرە جوانەکان دەپێوێت، چونکە پیشەسازی و زانستە سوودبەخشەکان مەرجی ژیانن کە گەلان ناچارن بیکەن، هەروەها پێویستییەکی بەرگریکردنە لە ژیان بۆ مانه‌وه، رێژه‌ى ئاو بەرز دەکەنەوە، کانه‌كان هەڵدەکەنن، بازاڕ دادەمەزرێنن و زانستەکان لە کشتوکاڵ و ئەندازیاریی و ئابووریی له‌سه‌ر بنیات دەنێن، ئه‌مه به‌شێكى ژیاریی و پێویستییه، به‌ڵام هونه‌رى ئازاد تێماى خۆشه‌ویستى و هێزى ده‌ربڕینه له هه‌ستى مرۆڤ بوون و جوانیى له ژیان و چێژوه‌رگرتندا.
بە ناوی ئازادییەوە نابێت بە هاتوهاواری گەلانى سه‌ركوتكارى مرۆڤ باوه‌ڕبكه‌ین و بە گەورەیی پیشەسازییەکانیان و پێشکەوتنی زانستەکانیان فریو بخۆین، ئەو راستییەی جێی مشت‌ومڕ نییە ئەوەیە، هیچ ئازادییەک نییە ئەگەر خۆشەویستی و جوانیی تێدا نەبێت، یەک وێنەی بەنرخ کە میللەتان سەرسامیی بۆ ده‌رده‌بڕن و رێزی لێدەگرن، ئاماژەیە بۆ ئازادیی.
هونەرە جوانەکان پێوەرێکی ئازادیان هەیە، پێوەرەکە چەواشەکارانە نییە، دەتوانیت بڵێیت تا ئازادیی زیاتریان هەبێت ئاستی جوانی و نرخیان بەرزتر دەبێتەوە، تا کەمتر ئازادبێت زیاتر لە سروشتی هونەری جوان دوور دەکەوێتەوە و لە پیشەسازییە سوودبەخشەکان و پیشە پێویستەکان نزیک دەبێتەوە. هەر بۆیە تەقلیدکردن لە هونەردا جێگا ناگرێت، چونکە جۆرێكه لە کۆیلایەتی نەک لە ئازادیی و رازیبوون بە گواستنەوە لە سروشتەوە لاوازترین ئاستی هونەر و گاڵتەجاڕترین هەوڵەکانییەتی؛ چونکە ئێستا له ژیانى پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیادا کاری ئامێرە بێ گیانەکانە نەک رۆحی زیندوو، هەستیار.
هونەر، گیان و به‌هایه‌كى جوان و بەرزى نییە تەنها ئه‌و کاته نەبێت سروشت بە رەنگی ئەو رۆحەی کە دەیبینێت رەنگى دەکات، کامڵ‌بوونی سروشت لەگەڵ کامڵ‌بوونی ژیاندا تێکەڵ دەکات، بێگوومان ئه‌م بایه‌خه‌ش، ئازادیى له ته‌كنیك و بینینى ئیستاتیكییدا لاى هونه‌رمه‌ند دروستى ده‌كات.
ئەگەر تۆ بەدوای هۆکارێکدا بگەڕێیت نیگار‌کێشانی هێماخوازیی له بەرزترین شوێنی خۆیدا لە نێو هونەرەکانی نیگارکێشییدا بیبەخشن، ئه‌وا هێمایه بۆ بەرزترین ئایدیاڵ، چونکە ئایدیاڵەکان بەرزترین هیوان و هیواکان دیارترین دەرکەوتنی ئازادیی مرۆڤن له هونه‌ردا.