کۆمیدیاى (دانتى) و چیرۆکى (بیاتریچە)ى خۆشەویستى

11:08 - 2025-03-13
ئەدەب و هونەر
107 جار خوێندراوەتەوە

د. سەمەد ئەحمەد

(کۆمیدیا) یەکێکە لە شاکارە جیهانییەکان کە گەورە نووسەرى ئیتاڵی(دانتى ئەلیگێرى) نووسیویەتى، ئەو نووسەرەی لە نیوەى دووەمى سەدەى سیانزە، لە ساڵى 1265ى زاینى لە شارى فۆرەنسا لەدایک بووە، تەنها (56) ساڵ ژیاوە، لە ساڵى 1321 لە تاراوگە و دوور لە زێدى خۆى، لە شارى (راڤینیا) کۆچى دوایی کردووە. ئەگەرچى زیاتر لە 700 ساڵ بەسەر نووسینى ئەم شاکارە ئەدەبییەدا تێ دەپەڕێت، بەڵام هێشتا لەلاى خوێنەران و توێژەران و رەخنەگرانى ئەدەب و فکر و فەلسەفە و ئاین، جێگەى بایەخ و لێکۆڵینەوە و مشتومڕە.
(دانتى) کـــاتێک(کۆمیدیــا)ى نووســـى، ئەوروپا بەگەشتى و ئیتاڵیا بەتایبەتى کە مەڵبەندى کڵێساى کاسۆلیکى بوو، بەدەست پیاوانى کەنیسەوە تاریکترین رۆژگارەکانى خۆى بەسەر دەبرد. دەمارگیریی مەزهەبی و ئاینی هەموو سنورێکى بەزاندابوو، دەسەڵاتى پیاوانى کەنیسەش لە لوتکەدا بوو، پرزەیان لە دەنگى هەقخوازانەى خەڵک بڕى بوو، دەستیشیان نابووە بینەقاقاى زانایان و بیرمەندان و داهێنەران و بێ رەحمانە سزایان دەدان. 
لەو رۆژگارە بێ بەزەییەدا (دانتى)، (کۆمیدیاى ئیلاهی)ی نووسى، وەک توێژەران و رەخنەگرانى فکر و فەلسەفە و ئەدەب دەڵێن:(دانتى) بە نووسینى (کۆمیدیا)  شۆڕشێکى گەورەى ئەدەبیی و هزریی و فەلسەفیی بەرپاکرد و وای کرد پیاوانى کەنیسە نەک هەر لایان پەسەند نەبێت، بەڵکو بە دژایەتیی بیروباوەڕى خۆیان لە قەڵەمی بدەن. بێگومان(کۆمیدیا) ئەگەرچى راستەوخۆ هیچى لە بارەى دەمارگیریی مەزهەبى و زوڵم و زۆرى پیاوانى کەنیسەى تیادا بەیان نەکراوە، بەڵام خوێنەرى وریا ئەوە لە دەقەکەدا دەخوێنێتەوە کە دەسەڵاتداران و پیاوانى کەنیسە، چ زوڵمێک لە خەڵکى دەکەن، بۆیە هەر زوو کەوتنەخۆ و کۆمیدیایان قەدەغەکرد و دانتی-شیان سزادا. 
(کۆمیدیا) لە سێ بەش پێکهاتووە:(دۆزەخ) و (بەرزەخ) و (بەهەشت)، دانتى بەشێوەیەکى مەجازیی و پڕاوپڕ لە خەیاڵ، بە رۆح لەسەر داواى داستانبێژى بەناوبانگى رۆمانى (فێرجیل)، کە بەلای (دانتى)یەوە شاعیرێکى زۆر باش و خاوەن شکۆ بوو، گەشت بۆ ئەم سێ جێگایە دەکەن. (دانتى) سەبارەت بەم گەشتە سەرەتا دوودڵ دەبێت و بەلایەوە خۆش نابێت، بەڵام دواى ئەوەى(فێرجیل) موژدەى دەداتێ لەم گەشتەدا لە بەهەشت چاوى بە(بیاتریچە)ى خۆشەویستى دەکەوێت، ئەمیش رازیی دەبێت و بە کەیفخۆشییەوە ئامادە دەبێت بۆ گەشتە ئەفسوناوییەکە. لەم هەڵوێستەى (دانتى)یەوە دەتوانین بڵێین عەشق و ئەڤین چ دەسەڵاتێکى باڵاو پەنهانى هەیە و زۆر بەسانایی دەتوانێت مرۆڤ بۆ هەر لایەک کە بیەوێت ئاڕاستەی بکات، دەرئەنجامیش هەرچییەک بێت بایەخێکى ئەوتۆی نییە. هۆکارى سەرەکیى ئەم گەشتە پڕ لە پێچ و نهێنییە، دۆزینەوەى رۆحیانەتى (بیاتریچە پورتینارى) خۆشەویستییەتى کە لە تەمەنى شانزە ساڵیدا کۆچى دوایی کردووە. لەدواى ئەم کۆچە (دانتى) بەجارێک پەرێشان دەبێت و ژینى لێ دەبێت بەدۆزەخ، بۆ سەبوریی و خۆ خاڵییکردنەوە لە پەژارە دەست دەکات بە نووسینى (کۆمیدیای ئیلاهی).

شارەزایانى ئەدەب ئەوە دەسەلمێنن،(شکسپیر) چ بەهایەکى لە زمانى ئینگلیزیدا هەیە، (هۆمیرۆس)لە زمانى یۆنانیدا، (سێرڤانتس) لە زمانى ئیسپانیدا، (گۆتە) لە زمانى ئەڵمانیدا، (دانتی)یش هەمان پێگەى هەیە لە زمانى ئیتاڵیدا

چیرۆکى عەشقى(دانتى) بۆ (بیاتریچە) لە مێژووى مرۆڤایەتیدا دەگمەن و کەم وێنەیە،(دانتى) خۆى باسى دەکات لە تەمەنى نۆ ساڵیدا، لە یەکەم نیگاوە عاشقى کچێکى منداڵکارى هاوتەمەنى خۆى دەبێت بەناوى (بیاتریچە)، ئەگەرچى ئەم عەشقە یەک لایەنەیە و هەر لەلاى (دانتى) یەوەیە، بەڵام زیاتر لە (47) ساڵى تەمەنى بەشێوەیەک داگیر کردووە و لە مێژوودا وێنەى نەبووە و نییە. لەمەش سەیرتر ئەوەیە بە درێژایی ماوەى عەشقەکەى، جگە لە چەند جارێک ئەویش بۆ ماوەى زۆر کەم نەبێت چاوى بە(بیاتریچە) نەکەوتووە و بۆ یـــەکجاریش قســـەى لەگەڵدا نەکردووە و گوێى لە دەنگى نەبووە!.
لەمانەش تراژیدییانەتر ئەوەیە(بیاتریچە)ى بێ ئاگا لە عەشقى (دانتى)، لەتەمەنى (16) ساڵیدا شوو بە کەسێکى تر دەکات، ئەم شووە ناوەختە هەر بەجارێ گڕ لە(دانتى) بەردەدات و خەو و خۆراکى لێ دەکات بە ژەهر، کاتێک ئەمە حاڵى (دانتى) دەبێت، وەنەبێت (بیاتریچە) بەختى یار بووبێت و خۆش ژیابێت، نەخێر دەردوو بەڵا لێ ناگەڕێت، بەڵکو(بیاتریچە)ى گەنج لە(24) ساڵیدا کۆچى دوایی دەکات، کۆست و مەراقى نەبڕاوەش بۆ(دانتى) بەجێ دەهێڵێت.
(بیاتریچە) لەلاى (دانتى) لە جوانى و پاکییدا جگە لە فریشتەیەک هیچى تر نەبوو، دڵنیا بوو  لە دواى مردنى، رۆحیانەتى ئەو لە بەهەشتدا دەبێت، بۆیە ״کۆمیدیای ئیلاهی״ى نووسى، بۆئەوەى هیچ نەبێت بەخەیاڵ لە بەهەشتى خودادا چاوى پێی بکەوێتەوە و بەدیدارى شاد ببێت، بەڵام گەیشتن بەم دیدارە ئاسان نییە و تولانیی دەکێشێت. (دانتى) لەگەڵ (فێرجیل)ى هاوسەفەریدا پێش ئەوەى بگەن بە بەهەشت، بە (دۆزەخ) و (بەرزەخ)دا تێ دەپەڕن. لە گەشتى دۆزەخدا جگە لە شەیتان کە لە قوڵایی زەمهەریردایە، زۆرێک لە بێ باوەڕان و فێلباز و دز درۆزن و ریاکار و خائینان دەبینێت، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرسوڕمانە ئەوەیە، لەگەڵ ئەمانەدا و هەر لە دۆزەخدا هەندێک لە فەیلەسوفەکانیش دەبینێت!.
(دانتى) لە شاکارەکەیدا ئاوها وێنەى دۆزەخ دەکێشێت و دەڵێت: چاڵێکى ئێجگار گەورەیە، بازنەییە، تا بڵێی تاریک و ساردە، تا بەرەو قۆڵایی بچیت باریکتر و سادتر و تاریکتر دەبێت. بەچواردەوری ئەم چاڵە ترسناکەدا بەشە جیاوازەکانى دۆزەخ دابەش بوون، هەڵدێرى دیوارئاساى ئەوتۆ کەوتووەتە بەینى ئەو بەشانەى دۆزەخ و لێکدى جیا کردوونەتەوە، کە هاتوچۆ لە نێوانیاندا ئاسان نییە. ئەم بەشانە بریتین لە نۆ بیر، لەوێدا گوناهکاران بەگوێرەى خەتا و تاوانیان مەحکوم بە عەزابى هەمیشەیین. (دانتى) و هاوسەفەرەکەى سەردانى هەر نۆ بیرەکەى دۆزەخ دەکەن، لە بیرى یەکەمدا گیانى منداڵانى تەعمید نەکراو دەبینن،(فێرجیل) خۆى یەکێک دەبێت لە ئەهلى ئەم مەملەکەتە. لە بیرى دووەمدا ئەو کەسانە دەبینن کە لە ژیانیاندا چڵێسى سێکسییان کردووە. لە بیرى سێیەمدا ئەو کەسانە دەبینن لە خواردندا نەوسنى و زیادەخۆرییان کردووە و رەحمیان بە ورگى خۆیان نەکردووە. لە بیرى چوارەمدا حەسود و پیسکە و چروکەکان دەبینن، لە بیرى پێنجەمدا تەمەڵ و نەکارا و عەبوسەکان، لەبیرى شەشەمدا زەندیق و خوانەناسان، لە بیرى حەوتەمدا زۆرداران و دەستدرێژیکاران، لە بیرى هەشتەمدا، کە دەبێت بە دەبەشەوە، لە هەر بەشەى خەتاکارێک دەبینن، بریتین لە: قوڕمساخ و درۆزن و فێڵباز و ریاکار و فاڵچى و غەیبخوێن و مونافیق و چەتە و رێگر و بەدزمانان. لە بیرى نۆیەمدا کە شومترین بیرى دۆزەخە، دەبێت بە چوار بەشەوە، لەبەشى یەکەمدا ئەو کەسانە دەبینن کە خیانەتى هاوسەرییان کردووە، لێرەدا (دانتى) چاوى بە (فرانچسکا) دەکەوێت، کە زۆر دڵخۆش دەبێت بە هاتنى دانتى و پێشوازى لێ دەکات و پێى دەڵێت:
 «ئەى رێبوارە دلۆڤانە دڵپاکەکە، ئەى ئەو کەسەى بەناو جەرگەى ئەم دۆڵە تاریکەدا تێ دەپەڕیت، ئەم دۆڵە، ئەم خاک و سەرزەمینەى ئێمە بە خوێنى خۆمان سوورمان کردووە، ئێستا کە خێر و بەرەکەتت هێناوە و بەختى رەشى ئێمەت بەسەرکردووەتەوە، کەواتە گوێ لە سەربوردەى ئێمە بگرە»، ئیتر سەربوردەى خۆیی بۆ دەگێڕێتەوە. (فرانچسکا) ئەو ژنە جوانەیە بەبێ ویستى خۆى دەیدەن بە کابرایەکى رووگرژ و ناشیرین بە ناوى (جۆڤانى)، نەک لەگەڵیدا ئاسودە نابێت بەڵکو بۆی دەبێت بە سەرچاوەى بێزارى و هەراسانیی. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەى بەنهێنى دەست تێکەڵ بکات لەگەڵ شووبراکەیدا کە ناوى (پایولو)یە. زۆرى پێ ناچێت(چۆڤانى) بەم کەتنە دەزانێت، رۆژێک لە ئامێزى یەکدا دەیانگرێت و هەرلەوێدا هەردووکیان دەکوژێت. بەم هۆکارە هەرسێکیان،(فرانچسکا) و(پایولو) بە هۆکارى خیانەتى هاوسەرى و(چۆڤانى) بەهۆکارى تاوانى کوشتن، دۆزەخ دەبێتە جێگەیان.
لە بەشى دوومى بیرى نۆیەمدا جاش و خۆفرۆشان و خائینانى نیشتمان هەن، لە بەشى سێیەم خیانەتکاران لە هاوڕێ و دۆست و هاوسێ، لە بەشى چوارەمدا خیانەتکاران لە پێشەوایان و چاکەکاران دەبینن کە چۆن بەشێوەى جیاجیا سزا دەدرێن. هەر لەم بیرەدا ئەو کەسانەش دەبینن لەسەردەمى دەسەڵاتدارییاندا سڵیان لە هیچ تاوانێک نەکردووەتەوە، لەمەش زیاتر خۆیان بە خودا زانیوە، وەکو(نەمرودى بابلى) و (بەتلیمۆسى خیانەتکار)، (ئەسخەریۆتى) کە خیانەتى لە عیساى مەسیح کرد.. لە بنى بنى ئەم بیرەدا و لە ناوەڕاستى ئەم تاوانبارانەدا، (شەیتان - ئەهریمەن) دەبینن بە خەجاڵەتییەوە سەرى شۆڕکردووەتەوە و لە رووى نایەت چاوهەڵبڕێت و بەخێرهاتنى میوانەکانى بکات. لە دواى ئەم دیمەنە پڕ لە ترس و بیمانە، هەر بەمجۆرە، دانتى و(فێرجیل)ى هاوڕێى درێژە بە گەشتەکەیان دەدەن و بەرەو بەرزەخ دەڕۆن.(بەرزەخ) بەشى دووەمى(کۆمیدیا)یە، بریتییە لە حەوت سەکۆ و حەوشە و هەیوانێک، لەهەر یەکێک لەم شوێنانە ئەو کەسانە دەبینرێن کە لە ژیانیاندا هەندێ خەتا و هەڵەیان کردووە، بەڵام خەتا و هەڵەکان زیاتر زیانیان بۆ خۆیان بووە نەک بۆ کەسانى تر، وەک خەمساردى و تەمبەڵى لە کاردا، خۆسەپێنى، خۆبەشتزانیی، چاوچنۆکى، حەسودى، زێدە مەسرەفى و هتد. (دانتى) و هاوڕێکەى لە گەشتى بەرزەخدا بۆیان دەردەکەوێت ژیانى بەرزەخ کاتییە، هەتا هاتایی نییە و دەبڕێتەوە، دانیشتووانەکەى بە ئومێدەوە چاوەڕێى سۆز و بەزەیی خودان تا بیانگوێزێتەوە بۆ بەهەشتى پان و بەرینى هەتا هاتیی خۆى.. بۆیە (دانتى) و هاوڕێکەى زۆر لە بەرزەخدا نامێننەوە. بەتایبەتى (دانتى) زۆر پەلەیەتى گەشتەکەى تەواو بکات و زوو بگات بە بەهەشت، بۆئەوەى (بیاتریچە)ى خۆشەویستى ببینێت.
لەدواى گەشتى (بەرزەخ)، ئیدی (دانتى) و(فێرجیل)ى هاوسەفەرى لە بەرزاییەکانى بەهەشت نزیک دەبنەوە و بۆن و بەرامەى خۆشى بەهەشتبەرەو روویان دێت، بەڵام لێرە بەدوا(فێرجیل) هاوڕێیەتى(دانتى) ناکات، چونکە ئەو بۆى نییە جارێ سەردانى بەهەشت بکات، هەر تەنها رێنمایی (دانتى) دەکات بۆ گەشتى بەهەشت، سەرئەنجام (دانتى) بەدڵێکى گەرمەوە بەرەو بەهەشت دەکەوێتەڕێ، پەلەیەتى بگاتە بەهەشت و کاتێک دەگات، بە دیدارى خۆشەویستەکەى شاد دەبێت، ئەوەى خەم و پەژارە بێت نایمێنیت و دڵشاد دەبێت. 
بەمشێوەیە(دانتى) کۆتایی بە گەشتە ئەفسوناوییەکەی دەهێنێت و ناوى شاکارەکەى دەنێت(کۆمیدیای ئیلاهی). وشەى (کۆمیدیا) لەبناغەدا ماناى خۆشى و شادیی و کۆتایی خەم و پەژارە دێت، ئەگەرچى ئێستا زیاتر بە ماناى گاڵتەجاڕیی دێت! دەتوانین بڵێین:(دانتى) بەم شاکارە نەمریی بۆخۆى دەستەبەر کردووە و شانازییەکى گەورەشی بۆ ئیتاڵییەکان و سەرجەم مرۆڤایەتى بەجێهێشتووە.  لەپەراوێزى ئەم چەند دێڕەدا بە پێویستى دەزانم ئاماژە بە راى هەندێ لە توێژەرانى ئەدەب و ئاین و فکر و فەلسەفە بدەم کە دەڵێن: دانتى بۆیە کۆمیدیاى بە شێوەزارى ناوچەیی(تسکانى) زمانى ئیتالى نووسیوە، بۆئەوەى بیسلمەێنێت زمانى ئیتالى هیچى کەمتر نییە لە زمانى لاتینى، کە لەو سەردەمەدا تەنها زمانى باوى نووسین بوو. لەم رووەوە شارەزایانى ئەدەب ئەوە دەسەلمێنن،(شکسپیر) چ بەهایەکى لە زمانى ئینگلیزیدا هەیە،(هۆمیرۆس) لە زمانى یۆنانیدا، (سێرڤانتس) لە زمانى ئیسپانیدا،(گۆتە) لە زمانى ئەڵمانیدا، (دانتی)یش هەمان پێگەى هەیە لە زمانى ئیتاڵیدا.  سەبارەت بە باگڕاوندى بیرۆکەى پشت ئەم شاکارەوە، هەندێک لە تویژەران و شارەزایانى ئەدەب دەڵێن: (دانتى) سودى زۆرى لە رووداوى (شەوڕەوى – ئیسرا و میعراج)ى پێغەمبەرى ئیسلام(د.خ)وەرگرتووە کە لە قورئاندا بەوردیی باسکراوە، چونکە شارەزاییەکی زۆرى لە ئاینەکاندا هەبووە، بەتایبەتى ئیسلام، لە رێگەى مامۆستایەکییەوە ئاشناى قورئانیش بووە. 
مایەى خۆشحاڵیمانە شاکارى (کۆمیدیا)، دەساڵ پێش ئێستا و لە ساڵى (2015)دا لەلایەن خوالێخۆشبوو(د. عەزیز گەردى)یەوە، بە جوانترین شێوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بەکوردى و دەزگاى چاپ و پەخشى سەردەم بڵاوى کردووەتەوە، رەنگە هەڵە نەبین ئەگەر بڵێین: زمانى کوردیی دوا زمانە ئەم شاکارەى بۆ وەرگێڕدراوە.

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان