شەهرام ئەسەدی دەرهێنەر و فیلمنامەنووس

11:26 - 2025-03-13
ئەدەب و هونەر
156 جار خوێندراوەتەوە
شەهرام ئەسەدی


عەباس عەبدولڕەزاق

دەرهێنەر و سیناریست (شەهرام ئەسەدی)، ساڵی 1954 لە(سەڵماس) لەدایكبووە، دەرچووی خوێندنگای باڵای تەلەفزیۆن و سینەمایە، وەك فیلمساز كاریكردووە و ماستەری لە هونەری سینەمادا لە زانكۆی كالیفۆرنیای ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەدەستهێناوە. دوای سەركەوتنی شۆڕشی ئێران (شەهرام ئەسەدی) وڵات بەجێدەهێڵێت و لە(لەندەن) جێگیر دەبێت، لەوێ وەك فۆتۆگرافەر كاردەكات. لە كەناڵە نێودەوڵەتییەکان كۆمەڵێك فیلمی دیكۆدرامی بەرهەمهێناوە وەك(زار و تاینهای جنوب)،  وێنەگر بووە لە ناشناڵ جیۆگرافی، هاوكاریی تۆڕی تەلەفزیۆنیی NBC دەكات. لە ئەمریكا چەند زنجیرە درامایەك وەك(وان ئەند وان) و(میراپ در ژرفا) و(فساد میامی) بەرهەم دەهێنێت. دوای چەند ساڵێک لە نیشتەجێبوون لە ئەمریكا، ساڵی 1988 دەگەڕێتەوە بۆ ئێران و چالاکییەکانی لە بواری سینەما دا دەستپێدەكاتەوە و یەكەم فیلمی بەناوی (ئەوینار) بەرهەم دەهێنێت، شایانی باسە ئەم فیلمە لەسەر تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئاوارەبوونی خەڵكەكەیەتی.
ئەو خەڵاتانەی (شەهرام ئەسەدی) تائێستا بەدەستی هێناون ئەمانەن:
1. دیپلۆمی رێزلێنان بۆ باشترین فیلمنامە لە خولی دەیەمی فێستیڤاڵی(فەجر)، بۆ فیلمی(ئەوینار)ی شەهرام ئەسەدی، ساڵی 1991.
2. براوەی (سیمرغ بلورین)ە بۆ باشترین دەرهێنان، لە بەشی(دووەم فیلم) لە سێزدەهەمین خولی  فێستیڤاڵی فیلمی(فەجر) بۆ فیلمی (روز واقعە)، ساڵی1994.
3. هەڵبژاردەی فیلمی(روز واقعە) بۆ(باشترین هەشت فیلمی ساڵ) لە خولی دەیەمی فێستیڤاڵی فیلمی (فەجر)، بە هەڵبژاردەی نووسەران و رەخنەگران لە ساڵی 1994.
4. براوەی (سیمرغ بلورین)ە بۆ باشترین سیناریۆ لە خولی بیست و هەشتەمی فێستیڤاڵی فیلمی(فەجر) بۆ فیلمی(شب واقعە)، لە 2009.
بەشێك لە بەرهەمەكانی (شەهرام ئەسەدی): 
- جلال الدین / زنجیرەی تەلەفزیۆنی
- شب واقعە/ فیلمی درامی
- شیخ بهایی/ زنجیرەی تەلەفزیۆنی
- بە من نگاە كن/ فیلمی درامی
- روز واقعە/ فیلمی درامی
- ئەوینار/ فیلمێکی درامییە (سەبارەت بە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە).
ئەوینار و بیرەوەرییەكانم لەگەڵ (شەهرام ئەسەدی) و ستافی ئەم فیلمە، لە ساڵی 1989دا 
لەدوای ئەنفالەکان و بۆردمان و كیمیابارانی ناوچەكانمان بەگشتی و هەڵەبجە بە تایبەتی، روومان لە سنورەكانی ئێران كرد و لە شاری(سەقز) گیرساینەوە. لەوێ پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ رووناکبیران و هونەرمەنداندا دروستكرد. چالاکییەکی بەرفراوانم لە وێنەگرتن و بەشداریی كۆبوونەوە ئەدەبییەکانی شارەكاندا هەبوو،  بەتایبەتی ئەوانەی لە ماڵەكاندا ئەنجام دەدران. چەند جارێك چیرۆكم خوێندووەتەوە، تەنانەت جارێك لە ماڵی مامۆستا(حەمەی حەمە باقی) بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نووسەرانی سەقز و مەهاباد و بۆكان و سنە، چیرۆکم خوێندۆتەوە.
رۆژێكیان هونەرمەندی شێوەكار(ئەحمەد خەلیلی فەرد) و ئەكتەر(محەمەد خەلیلی فەرد) تەلەفۆنیان بۆ كردم و وتیان دەمانەوێت لەگەڵ گروپێكی سینەماكار سەردانتان بكەین و هۆكاری سەردانەكەمان بینینی ئەرشیڤەكانی بەڕێزتانە. من پێم وابوو وەك ئەو كۆبوونەوانەیە كە هەموو جارێك لە ماڵان دەمانگێڕا و پێم وتن بەخێربێن، ماڵی خۆتانە لە خزمەتتاندا دەبم. دوایی سێ تیمەكە لە (تاران)ەوە هاتن، شەهرام ئەسەدی، محەمەد رەزا شەریفی نیا، هادی فەتحی، ئەحمەد خەلیلی فەرد، محەمەد خەلیلی فەرد، حسێن پەناهی و ...هتد، چەند رۆژێك لای من مانەوە و پێكەوە گەشتمان دەكرد بەناو ئەرشیفەكاندا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییداربوون بە گوندەكان و ئاوارەبوون و بۆردمان و پێشمەرگە و ... هتد -ەوە، شەهرام پێی وتم ئێمە دەمانەوێ فیلمێك دروست بكەین باس لە دوای تۆپباران و ئاوارەیی و بڕینی رێگا سەختەكان بكات و تایبەت بێت بە هەڵەبجە. تیمەكە سەرسام بوون بە كارەكانم لە شاخ،(محەمەد رەزا شەریفی نیا) پێشنیازی ئەوەی بۆ كردم، دوای تەواوبوونی فیلمەكەیان پەیوەندیم پێوە بكەن بۆئەوەی چەند فیلمێكی دیكۆمێنتاریی و دیكۆدرامی لە ئەرشیفەكەم ئەنجام بدەن. ئەوكات سیناریۆی فیلمێكی دیكۆدرامیم نوسیبوو خستمە بەردەستیان، ئەحمەد خەلیلی فەرد خوێندییەوە و وەریشی دەگێڕا بۆیان. دواتر رایان وابوو ئەم سیناریۆیە دیمەنەكانی زۆر نزیكن لە بیرۆكەی فیلمەكەیان كە دواتر بەناوی (ئەوینار) بەرهەمهات، بەڵام ئەو بوارە نەڕەخسا و راپەڕین دەستیپێكرد، منیش گەڕامەوە بۆ كوردستان و سەرگەرمی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی(گەلی كوردستان) بووم.
(سەرۆك مام جەلال) لەگەڵ وەفدێك سەردانی(تاران)ی كرد، منیش لەنێو وەفدەكەدا بووم، رۆژێك لە ئۆتێل بێ ئیش بووم، بە (دكتۆر نەوزاد ساڵح رەفعەت) و(كەمال شاڵی)م وت: بۆ نەڕۆین کەمێک پیاسە بكەین؟ لای(مەیدانی ئینقیلاب) سەیری ریكلامی سینەماكانم دەكرد، پۆستەری(ئەوینار) كەوتە بەرچاوم، بە (دكتۆر نەوزاد)م وت: "ئەم فیلمە پەیوەندیی بە منەوە هەیە"  ئیدی چووینە ژوورەوە، (دكتۆر و کاک كەمال)م قایل كردبوو كە بڕۆین سەیری فیلمەکە بكەین. ویستم بلیت ببڕم لەپڕ یەكێك لەپشتەوە باوەشی پێدا كردم، بینیم (محەمەد رەزا شەریفی نیا)یە، وتی ئەوە تۆ لەكوێی؟ فەرموو ئەوە یەكەم سكانسی فیلمی (ئەوینار)ە، منی بردە ژوورەوە و ستافی فیلمەكە لەدەورم كۆبوونەوە، (شەهرام ئەسەدی) زۆر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی. بەشداربووانی ئەم فیلمە كە لەوێ زۆربەیانم بینی و دوای فیلمەكەیش بە هەمان شێوە، شەهرام ئەسەدیی دەرهێنەری فیلمەکە، باسی ئەرشیفەكەی منی بۆ ئەم هونەرمەندانە کرد: 
- بەڕێوەبەری بەرهەم/ عەلی ئەسغەر ئەحەدی
- سیناریۆ/ ئەنیسە شاە حسێنی
- نواندن / پەرویز پورحسێنی ـ حسێن پەناهی ـ مەهدی فەتحی ـ محەمەد رەزا شەریفی نیا ـ ئازیتا حاجیان ـ  حەمید تاعەتی ـ محەمەد خەلیلی فەرد ـ ئیرەج نەوزەری ـ جەهانگیر فروهەر ـ ملیكا شەریفی نیا 
- مۆسیقا / مەجید ئینتیزامی و كامكارەكان بەشدارییان كردوە لە ژەنینی موزیك و گۆرانییە کوردییەکاندا بە دەنگی هونەرمەند (بیژەن كامكار)
دوای چەند ساڵێك، كاتێ بەڕێوەبەری گشتیی بووم، لەگەڵ وەفدی شارەوانیی هەڵەبجە و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەدا سەردانی (تاران)مان كرد، لەلایەن (رێكخراوی ئاشتی نێودەوڵەتی) و(شارەوانی گەورەی تاران)ەوە پێشوازیمان لێ کرا، چەندین كۆبوونەوەمان كرد لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی تاران، لەوێ (كاك خدر) سەرۆكی ئەوکاتی شارەوانی هەڵەبجە و (كاك سەرخێڵ) بەڕێوەبەری مۆنۆمێنی هەڵەبجە، باسی كارەكانی منیان بۆ (دكتۆر خاتری) سەرۆكی رێكخراوەكەیان كرد. ئەویش پێی وتم هاوكارێكمان هەیە یەكێكە لە دەرهێنەرە گەورەكانی ئێران و دەتوانین قسەی لەگەڵ بكەین بۆئەوەی هاوكاریمان بكات، پرسیم كێیە ئەو دەرهێنەرە؟ وتی(شەهرام ئەسەدی) یە. پێم وتن دەیناسم و دۆستایەتیمان هەیە. دواتر (دكتۆر خاتری) پەیوەندیی بە(شەهرام)ەوە کرد و  كە گەڕامەوە لەلایەن (دكتۆر خاتری)یەوە نامەیەك و (سی دی)یەكم پێگەیشت لە(شەهرام ئەسەدی)یەوە، ئیتر بەوجۆرە فیلمی(ئەوینار) گەیشتە دەستم.

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان