چۆن عەزیز گەردیم ناسی؟

11:16 - 2022-08-02
کەلتور
137 جار خوێندراوەتەوە

رۆستەم خامۆش - هەولێر


قۆناغی منداڵیم بەرەو مێرمنداڵیی هەڵدەکشا، هەستم دەکرد خاوەن بیر و بۆچوونی خۆمم، حەزم لە گوێگرتن بوو، دڵم خۆش بوو کە من لەو تەمەنەدا دەتوانم گفتوگۆ بکەم، ئارەزووی خوێندنەوەم هەبوو، بەردەوام بیرم دەکردەوە، حەزم لە بابەتی: (ئەدەب و سیاسەت و مێژوو) بوو، حەزم لێبوو لە بارەی کوردستان و نەتەوەی کورد زانیاریم زیاتر بێ، هەتا بڵێی مێرمنداڵێکی وێڵ بووم بە دوای فێربوون و خۆ پێگەیاندن، گەرچی هەر لە منداڵییەوە ئاشنا و خولیای خوێندنەوە بووم، هەر پەڕە کاغەزێک، یان رۆژنامە و گۆڤار، یاخود کتێب و نووسراوێکم بینیبایە دەمخوێندەوە.

هەرچی بکەوێتە بەردەستم دەیخوێنمەوە
ساڵی (1995) تەمەنم (15) ساڵ بوو، رۆژێک هاوڕێیەکم بینی، جا لەگەڵ ئەو هاوڕێیەم زۆر جار یەکترمان دەبینی، هەر چەندە ئەو بە تەمەن چەند ساڵێک لە من گەورەتر بوو، بەڵام ئەو باش دەیزانی کە من حەزم لە خوێندنەوەیە و هەرچی بکەوێتە بەردەستم دەیخوێنمەوە، وەلێ زانیاریم نەبوو کە ئەو هاوڕێیەم خوێنەر بێ، پێم وابێ هەندێ کتێبی لە شوێنێک دەستکەوت بوو، گوتی: کتێبت بۆ دێنم و بیخوێنەوە، بەڕاستی منیش زۆرم پێ خۆشبوو، دواتر کتێبی (ئەدەبی بێگانان) بەشی دووەمی بۆ هێنام، کە «عەزیز گەردی» سەرپەرشتی کردووە و (88) لاپەڕەیە. لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی حەیدەری - هەولێر، کە ساڵی (1982) لە چاپخانەی (الحوادپ) لە بەغدا چاپکراوە و نرخەکەی (500)فلسی لەسەر نووسراوە. (لەباتی پێشەکی) بە قەڵەمی «عەزیز گەردی» کە (3) لاپەڕەیە و لە سەرەتادا نووسراوە: (خوێنەرانی بەڕێز، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بەشی یەکەمی (ئەدەبی بێگانان)، دەمانەوێ ئێستاش بەشی دووەمتان پێشکەش بکەین کە بۆ چیرۆک تەرخان کراوە). لە کۆتاییدا و لە خوارەوەی لەباتی پێشەکییەکەدا، نووسراوە: عەزیز گەردی - ڕەشەمەی - 1982. دواتر کە کتێبەکەم بینی لە ناخەوە هەستم بە خۆشیی کرد، چونکە لەو سەردەمەدا بۆ خانەوادەی ئێمە و زۆرینەی خەڵکی، ژیان زەحمەت بوو، بۆیە کتێب کڕین و دەستکەوتن ئاسان نەبوو، منیش بە خۆم و کتێبەوە چوومەوە ماڵەوە، دواتر دەستم کرد بە خوێندنەوەی، ئەوەی ڕاستی بێ، باش لە بیرم نییە کتێبەکەم هەمووی خوێندەوە، یان نا، بەڵام ئەوەی تا ئێستاش هەر لە بیر و خەیاڵم ماوە، چیرۆکێک بوو بە ناوی (شاعیر) لە نووسینی: «هرمن هسسە» و گۆڕینی: قاسم محەمەد فەتاح. کە ئەو چیرۆکە باس لە شاعیرێکی چینی دەکات بە ناوی (هان فۆک) کە هێشتا گەنج بووە و دەیویست لەبارەی شیعر و هونەرەوە هەموو شتێ بزانێت، چیرۆکەکە لە لاپەڕە 18ی ئەو کتێبە دەست پێ دەکات و لە لاپەڕە 26کۆتایی دێ.

لێم گەڕێ ماوەیەک بە سەڵتی بژیم
لە بەشێکی چیرۆکەکەدا هاتووە، کە دەڵێ: (چەند رۆژێکی پێ چوو، باوکی «هان فۆک» ویستی لەدوو خزم و دۆستان بگێڕێتەوە و ژن بۆ «هان فۆک»ی کوڕی بگوازێتەوە، بەڵام زاوا لێی هەڵقۆزییەوە و گوتی: باوکە گیان ببوورە کە بە گەورە و زەلامم تێدەگەی و تێمڕادەبینی ژنم بۆ بێنی،‌ بەڵام خۆت دەزانی ئەگەر خۆم بۆ هونەری شیعر تەرخان بکەم شتێکی زۆر پیرۆزە. هاوڕێکانم رایان لە شیعرەکانمە، بەڵام دەزانم کە من تازە لە سەرەتادام و رێگایەکی دوورم لە پێشە. تکات لێ دەکەم لێم گەڕێ ماوەیەک بە سەڵتی بژیم بۆ ئەوەی باش لە شیعر بگەم، چونکە ئەگەر ببم بە خودان ژن و ماڵ دەبێ بکەومە شوێن ماڵداری و واز لەم شتانە بێنم. مادام هێشتا گەنجم و هیچی ترم نییە، حەز دەکەم ماوەیەک بە تەنێ لەگەڵ شیعرەکانم بژیم، شیعر میراتی منەو هیوادارم شیعر ناوێکم بۆ پەیدا بکا).
جا لەو چیرۆرەکەدا «هان فۆک» ئەوەی کە زۆر بەلایەوە گرنگ بێ لە ژیانیدا، ئەوا شیعر نووسینەو دەیەوێ ببێ بە شاعیرێکی باش و ناوبانگ پەیدا بکات، هەر لەگەڵ بەردەوام بوونی لە نووسینی شیعر، دواتر ئارەزووی بۆ مۆسیقاش پەیدا دەبێ و خۆی فێری عوود لێدان دەکات، بەڵام «هان فۆک» زۆربەی کاتەکانی ژیانی دوور لە ماڵی خۆیان بووە، دوای چەند ساڵ بڕیار دەدات کە بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان.
لەکۆتایی چیرۆکەکەدا دەڵێ: (پاشان «هان فۆک» عوودە بچووکەکەی هەڵگرت و ڕوەو شاری خۆیان کەوتە ڕێ. دەگەیشتە هەر کەسێ سڵاویان بۆ دەکرد، وەک ئەوەی کە سڵاو بۆ پیاوێکی مەزن، یان پیرەمێردێکی نوورانی بکەن. کە گەیشتەوە شاری خۆیان، باوکی و دەزگیرانی و هەموو خزمەکانی مرد بوون، ماڵێکی تر هاتبوونە حەوشەی ئەوان).

بابەتە پەیوەندیدارەکان