بۆ ئامادەكارییەكانی یادی 37 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، چەندین كۆبوونەوە كراوە و لە دواهەمین كۆبوونەوەشدا تەئكیدكراوەتەوە كە یادێكی شایستە بكرێتەوە.
لەوبارەیەوە، نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجە بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: تائێستا 12 كۆبوونەوەی ئامادەكارییان بۆ یادكردنەوەی كیمیابارانی هەڵەبجە كردووە و چالاكییەكانیش لە رۆژی هەینییەوە دەستپێدەكات و رۆژی 16ی مانگیش بە رێپێوانێكی جەماوەری دەچینە سەر گۆڕستانی شەهیدانی كیمیاباران و چالاكییەكانیش درێژەیان دەبێت.
سەبارەت بە چالاكییەكانیش، وتی: چەند رێوڕەسمێك بەڕێوەدەچن، لە زانكۆی هەڵەبجە پانێڵێكی زانستی لەسەر كیمیابارانی هەڵەبجە رێكدەخرێت، لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجەش ناساندن و خوێندنەوە بۆ سێ كتێب دەكرێت و بڵاودەكرێنەوە، هەروەها رۆژی 17ی مانگ میوانداریی ژمارەیەك یاریزانی ئێرانی دەكرێت، شەویش چالاكیی هونەریی لە ناوبازاڕی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
محەمەد عەبدولڕەحمان