مەعروف مەجید*
کاتێک خواردنەکان دەخرێنە زبڵەوە، کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە دەبێت، چونکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گازی زیانبەخش و تەشەنەسەندنی گەرمبوونی زەوی
لە مانگی رەمەزاندا زۆرجار رۆژووانان کات لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانیاندا بەسەر دەبەن، دەتوانن لەم مانگەدا هەندێک گۆڕانکاری پۆزەتیڤ لە شێوازی ژیانیاندا بکەن، رەمەزان دەتوانێت دەرفەتێکی تەواو بێت بۆ بیرکردنەوە لەوەی چۆن دەتوانین چاکە بۆ ئەو هەسارەیەی لەسەری دەژین بکەین؟
چۆن دەتوانین رەمەزان بکەینە وێستگەیەک بۆ کاری ژینگەپارێزیی کە بە درێژایی ساڵ ئێمە خەریکی وێرانکردنین؟
بۆیە دەکرێ بە چەند رێگەیەک هەوڵی پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگەکەمان بدەین بەم شێوەیەی خوارەوە:
نەخواردنی گۆشت لە مانگی رەمەزاندا
مانگی رەمەزان مانگی بەزەییە بۆ جیهانی دەوروبەرمان، کەمکردنەوەی خواردنی گۆشت لەم مانگەدا مانای تایبەتی خۆی هەیە، بە وتەی شارەزایان پیشەسازیی گۆشت بەرپرسە لە گەورەترین رێژەی دەردانی گازی گەرمخانەیی لە سەرانسەری جیهاندا، کە زیاتر لە 51 % پێکدەهێنێت.
هەروەها بەخێوکردنی ئاژەڵ پێویستی بە زەوی و ئاوێکی زۆر هەیە، بەو پێیەی رۆژانە دار و درەختەکان دەبڕدرێن بۆئەوەی شوێن بۆ ئاژەڵداری بکرێتەوە، کەواتە دەتوانین لەو بارەیەوە چی بکەین؟ رەمەزان زیاتر دۆستی ژینگە بکە بە بژاردەی بەکارهێنانی خواردنی رووەکی و کەمکردنەوەی گۆشت لە ژەمەکاندا.
بەکارنەهێنانی ئامێرەکان
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی مانگی رەمەزان، هانی ژیانێکی کەمتر دنیایی دەدات و زیاتر سەرنجی لەسەر دەروون و ناخ دەبێت، کەواتە کاتێکی زۆر باشە بۆ پچڕانی پەیوەندیی لە هەموو ئەو ئامێرانەی زۆرجار لەگەڵتدا دەبن وەک: مۆبایل، تەلەفزیۆن، کۆمپیوتەر و..هتد.
ئەگەر ئەم کارە بکەیت، بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، وزە پاشەکەوت دەکەیت، هەروەها هەست بە سوودی دەروونیی دەکەیت، گومانیشی تێدا نییە خوێندنەوەی کتێب، بەسەربردنی کاتێکی باش لەگەڵ ئازیزانت یان دروستکردنی شتێک بە دەستی خۆت سوودی زیاترە لە تەماشاکردنی تەلەفزیۆن. هەمووان دەزانین، سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە وڵاتی خۆمان دژی ژینگەیە.
خواردن بەفیڕۆ مەدە
لە مانگی رەمەزاندا، رێژەی فڕێدانی خۆراک بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو زیاد دەکات، بەهۆی ئامادەکردنی خواردنی زۆر و نەریتی میواندارییەوە. هەرچەندە ئامار و ژمارەیەکی تەواوی جیهانیی نییە، بەڵام خەمڵاندنەکان لە وڵاتانی جیاوازدا بەردەستن: بۆ نموونە: عەرەبستانی سعودی نزیکەی 30 %ی خواردنی ئامادەکراو فڕێدەدرێت، بەڕێژەی ساڵانە 400 هەزار تۆن لە مانگی رەمەزاندا.
شانشینی یەکگرتووی عەرەبیی، رێژەی فڕێدانی خواردن بۆ 50 % ی خواردنی ئامادەکراو دەکات، کە نزیکەی 500 هەزار تۆنە.
واتا راستە ئاماری جیهانیی تەواو لە بەردەستدا نییە، بەڵام خەمڵاندنە ناوچەییەکان پێشنیار دەکەن، سەدان هەزار تۆن لە هەر وڵاتێکدا فڕێدەدرێت، کە کۆکراوە جیهانییەکەی دەگاتە ملیۆنان تۆن.
چارەسەرەکان
دەتوانیت لەماوەی بەڕۆژووبووندا ژەمەکانت دیاری بکەیت، چەندت پێویست بوو ئەوەندە ئامادە بکە و بیخۆ، یان دەکرێ ئەو خواردنانەی دەمێننەوە جارێکی تر لە ژەمێکی تردا بیانخۆیت بە تایبەتی لە پارشێواندا.
بۆ ئەوەی کەمترین پاشماوەمان هەبێ، دەکرێ لە کاتی کڕین و بازاڕکردندا چاودێریی بەرواری بەسەرچوونی سەر خواردنەکان بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی خۆراکەکە دەخۆین و نابێتە پاشماوە.
کاتێک خواردنەکان دەخرێنە زبڵەوە و فڕێدەدرێن، ئەوا کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە دەبێت، چونکە خواردنی بەسەرچوو دەکرێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی گازی زیانبەخش لە خاک و هەوادا و تەشەنەسەندنی گەرمبوونی زەوی، هەروەها بە زبڵکردنی خواردن وا لە ژینگە دەکات کە خۆراکی زۆر بەفیڕۆ بچێت و ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان.
بە کورتی، خۆراکی ئێکسپایەر نەک تەنها کاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت، بەڵکو دەکرێت کاریگەری خراپی لەسەر ژینگەش هەبێت، بۆیە گرنگە هەوڵ بدەین خواردنەکان بە شێوەیەکی گونجاو بەکاربهێنین و کاریگەریی خراپیان لەسەر ژینگە کەم بکەینەوە.
کڕینی خۆراکی ئۆرگانیک
هەرچییەک دەخۆیت، دڵنیابە لە سەرچاوەیەکی دروستەوە هاتووە، ئەمەش واتا بیرکردنەوە لەو بەرهەمانەی دەیکڕیت، رشاندنی خۆراکە نائۆرگانیکەکان بە قڕکەری زیانبەخش کاریگەریی نەرێنی لەسەر جۆراوجۆریی زیندوو لە ئیکۆسیستەمی جیهانیدا هەیە.
هەوڵبدە ئەو بەرهەمانەی دەیانکڕیت بەرهەمی سنووری شارەکەی خۆت بن، هەم دڵنیای لە جۆری بەرهەمەکە کە هی وڵاتی خۆتە، هەم بۆئەوەی کەمترین هۆکاری گواستنەوە بەکاربهێنرێت، ئەویش لە پێناو دڵنیایی پیس نەبوونی ژینگەدا، بەهۆی بەکارهێنانی هۆکاری گواستنەوە لە کاتی گەیاندنی بە بازاڕ.
بەخشینی کەلوپەلە زیادەکان
لەگەڵ پاککردنەوەی دەروون و جەستەت، شتێکی باشیشە هەمان شت لەگەڵ ماڵەکەتدا بکەیت، بە هەمانشێوەی کە بەفیڕۆدانی خۆراک زیادەڕەوییە، پێدەچێت کەلوپەلی زیادەت هەبێت و چیتر پێویستت پێیان نییە و بەکاریان ناهێنیت، بەناو ماڵەکەتدا بگەڕێ و هەرچیت لە توانادایە بیبەخشە بە رێکخراوێکی خێرخوازیی ناوخۆیی، یان راستەوخۆ، خۆت بیبەخشە بە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت.
لە کاتی پاککردنەوەی ماڵەکەتدا دڵنیابە لە بەکارهێنانی بەرهەمی پاککەرەوەی دۆستی ژینگە، نەک ئەوانەی پڕن لە ماددەی کیمیایی.
دواجار ئەمانە چەند هەنگاوێکن بۆ ئەوەی رەمەزان بکەینە مانگێک بۆ ئاشت بوونەوە لەگەڵ سروشت و ژینگەدا، هەمان هەنگاو بۆ مانگەکانی تری ساڵیش دروستە.
* سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە