رۆژی جیهانیی ژیانی کێویی

سەرکاو فەیروز: رووەک و ئاژەڵە کێوییەکان لە ناو ژینگەدا بەهای بنەڕەتییان هەیە

11:08 - 2025-03-16
ژینگە
20 جار خوێندراوەتەوە
هەرێمی کوردستان بێبەش نییە لەو گۆڕانەی بەسەر ژیانی ئاژەڵانی کێوییدا هاتووە

سازدانی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی

 

سەرکاو فەیروز

 لە میانی 68 ەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە 20ی کانوونی یەکەمی 2013 سازکرا، بەبڕیارێک سێی ئازار وەک رۆژی جیهانیی ژیانی کێویی پەسەند کرا، لەو رۆژەدا چالاکیی جۆراوجۆر رێکدەخرێت بۆ نیشاندانی گرنگیی ئاژەڵ و رووەکە کێوییەکان و ئەو سوودانەی بە جیهانی دەبەخشن.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی جیهانیی ژیانی کێوی (WWF)، ئامانج لە دیاریکردنی ئەم رۆژە بەرزکردنەوەی هۆشیارییە سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان کە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا ژمارەیان زۆر کەمبووەتەوە.
هۆکارەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا و چالاکییەکانی مرۆڤ، وەک سووتان و بڕینەوەی دارستانەکان، راوەماسی و کشتوکاڵ، کاریگەرییان لەسەر توانای گەشەکردنی سروشت هەبووە.
سیستمی ژینگە دەپارێزن
لەو بارەیەوە سەركاو فەیروز پسپۆڕ لە ئاوهەوا و ژینگە بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رووەک و ئاژەڵە کێوییەکان لە ناو ژینگەدا بەهای بنەڕەتییان هەیە، وەك بەشێکی گرنگی تۆڕی ئاڵۆزی ژیان، سیستمی ژینگە دەپارێزن و پڕۆسەی سروشتیی رێکدەخەن و پاڵپشتیی جۆراوجۆری خاک دەکەن.
وتیشی: ئاژەڵی کێویی خزمەتگوزاریی سەرەکی دابین دەکات کە پاڵپشتیی بژێوی مرۆڤ دەکات و یارمەتیدەرە لە بەدیهێنانی دیدگای ستراتیژیی پەیماننامەی بازرگانی نێودەوڵەتیی، بەڵام بەشێک لە وڵاتان پابەندی یاسا جیهانیی و ناوخۆییەکانی وڵاتەکەیان نین وەک راوکردنی ئاژەڵی کێویی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی و چاوچنۆکانە و بازرگانیکردن پێیانەوە، ئەوەش سیستمی سروشتیی و زیندەگی ژیانی کێوییەکانی خستوەتە مەترسییەوە و نزیکن لە قڕکردنی چەندان جۆر ئاژەڵی کێویی کە بە نەمان و کەمبوونەوەیان مەترسیی راستەوخۆ لەسەر سیستمی ژینگە دروست دەبێت.
زیادکردنی هۆشیاریی
سەركاو فەیروز دەڵێت: کاری زۆر دەکرێت بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە گرنگیی چاودێریکردنی ژیانی کێوییەکان لە سەرانسەری جیهاندا و پاراستنی رووەک و ئاژەڵان لە رێگەی هەوڵەکانی پاراستنی جیهانەوە.
وتیشی: لەم رۆژەدا هۆشیاریی زیاتر بڵاودەکرێتەوە بۆ پاراستنی ژیانی کێوییەکان، ئێستا زیاتر لە دەیان پزیشکی ئاژەڵان و پسپۆڕی تەندروستی و چالاکوانانی بواری ژینگە کار دەکەن بۆ پاراستنی ئەمجۆرە زیندەوەرانەی لە مەترسیی لەناوچووندان، بەتایبەت راوکردنی هێلکەی کیسەڵەکان لە کەناراوەکاندا و  گۆریلاکانی شاخ لە رواندا و عاجی فیل و نەهەنگەکانی ناو دەریا و زەریاکان.
رێگریکردن لە دیاردەی راوكردن
ئەو پسپۆڕەی ئاوهەوا لە بارەی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت: هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لەو گۆڕانە سروشتییەی بەسەر ژیانی کێویەکاندا دێت و هاتووە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و کشتوکاڵەوە و گوێنەدان بە یاسا و رێکنەخستنی راوکردن بەشێوەیەک، لەگەڵ سروشتی ناوچەکاندا بگونجێت و رەچاوی ئەوجۆرەی ئاژەڵ بکرێت کە دەگمەنن یاخود مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
وتیشی: پابەند نەبوونی هاووڵاتیان بە راونەکردن و لاوازیی جێبەجێکردنی سزای قورس بەسەر راوچییەکاندا، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی کارمەند و ئامێر و پێداویستی پێشکەوتوو بۆ پۆلیسی دارستان، لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتەوە بۆ پاراستنی ژیانی کێویی، هەرچەندە دەتوانین بڵێین لەم ساڵانەی کۆتاییدا خەڵکی زیاتر هۆشیار بوونەتەوە و هەست بە بەرپرسیارێتی پاراستنی سروشت و ژیانی کێویی دەکەن، رێگرن لە دیاردەی راوکردن و رێکخراو و کەسایەتییە ژینگە دۆستەکان، بێ وچان هەوڵی بڵاوکردنەوەی هوشیاریی ژینگەیی و بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگە دەدەن، لە رێگەی کۆڕ و سیمنار و بڵاوکردنەوەی رێنمایی و ئازادکردنی ئاژەڵە کێوییەکانەوە، كە سەرجەمی ئەم چالاکییانە لەلایەن رێکخراو و ئەنجومەنی گوندەکان و ژینگەدۆستانەوە دەکرێن و کاریگەریی باشیان لە پاراستنی ژینگەی ژیانی کێوییدا هەبووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان