قوباد تاڵەبانی: بەردەوامبن لە چاكسازیی ئیداریی لەپێناوی باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا

11:37 - 2022-08-02
کوردستان
620 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆكایەتیی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەكانی سەر بە دیوان كۆبۆوە و داوایلێكردن بەردەوامبن لە چاكسازیی ئیداریی لەپێناوی باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە دوێنێ لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، ستایشیكردن لەپای سیستمی كار و چۆنێتی راپەڕاندنی ئەو مامەڵانەی ئاڕاستەی دیوان دەكرێن.
جێگری سەرۆك وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا كە سیستمی كاركردن لەناو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمدا پێویستی بە چاكسازیی بەردەوام هەیە و داوای لە سەرۆكی فەرمانگەكان كرد بەردەوامبن لەو چاكسازییە بۆ ئەوەی بتوانن بەزووترین كات مامەڵەی هاووڵاتیان رابپەڕێنن و خزمەتیان بكەن بە ئاسانترین و باشترین شێوە.
جەختیشیكردەوە كە یەكێك لە كارە لەپێشینەكانی حكومەتی هەرێم، نەهێشتنی رۆتینە لە دامودەزگاكاندا و لەو پێناوەشدا پڕۆژەی خزمەتمان خستۆتەگەڕ، كە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو پڕۆژەیە، نەهێشتنی رۆتینە.
دواتر، دكتۆر ئومێد سەباح سەرۆكی دیوان و سەرۆكی فەرمانگە و بەڕێوەبەرەكان، تێبینی و پێشنیازەكانیان خستەڕوو بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی رووبەڕوویان دەبێتەوە و پێكەوە پلانی چارەسەركردنیان بۆ ئامادەكرد.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان