پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
23
كاك دكتۆر من كچێكم تەمەنم (25) ساڵە و دەرچووی زانكۆم و كچە گەورەی ماڵەوەمانم و چوار خوشك و برای ترم هەیە، بەردەوام دڵم تەنگە و زۆر بێزارم، هۆكارەكەشی باوكمە كە زۆر خراپە لەگەڵمان و بەردەوام سووكایەتیمان پێدەكات و لە دایكم و ئێمەش دەدات و رۆژ نییە لە ماڵی ئێمە شەڕ نەبێت، چەند قسەی لەگەڵ دەكەین، دەڵێین باوكە ئێمە چ خراپەیەكمان هەیە تا تۆ بەوشێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەیت؟ ئەو تەنها ئەوە دەڵێت: (ئێوە چوونەتەوە سەردایكتان)، بەڵام بۆ من كێشەكەی باوكم و دایكم ئەوەیە كە كاتی خۆی برایەكی دایكم برای باوكمی كوشتووە و دوای ئەوە سوڵح كراوە و دایكم لە بری خوێن دراوە بە باوكم، باوكیشم بەردەوام ئازاری ئێمە و دایكم دەدات، وەك ئەوەی تۆڵەی براكەی لە دایكم و ئێمە بكاتەوە، باشە ئێمە چ گوناه و تاوانێكمان هەیە، دایكم چ دەسەلاتێكی هەیە، لەكاتێكدا باوكم هاتووچۆی مزگەوت دەكات و نوێژ دەكات، بەڕاستی من زۆر بێزارم و هەندێكجار بیر لە خۆكوشتن دەكەمەوە، جارێكیشیان كۆمەڵێك حەبم خوارد بۆ ئەوەی رزگارم بێت، بەڵام زوو بردیانم بۆ نەخۆشخانە و مەعیدەیان بۆ شووشتم و لە
بەدبەختی خۆم نەمردم، چەندجاریش قۆڵ و دەستی خۆم برینداركردووە بۆ ئەوەی تێبگەن كە من بێزارم، بەڵام باوكم هەر لەسەر رەفتاری خراپی خۆی بەردەوامە و لە جیاتی ئەوەی باش ببێت، ئەو رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، تكایە رێنمایم بكە و نازانم چی بكەم و دوا هیوام تۆیت كە رێگا چارەیەكم بۆ بدۆزیتەوە.
ئەوەی باوكت دەیكات دەرئەنجامی بیركردنەوەی هەڵەی خۆیەتی، ئەگەر زانیاریی پێویستی بدرێتێ و راستییەكانی بۆ روون بكرێتەوە، دڵنیابە گۆڕانكاریی لە بیركردنەوەیدا روو دەدات
خوشكی بەڕێزم، بە کورتی و بە پوختی هەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا بۆت روون بکەمەوە.
1
هەڵەیەكی گەورەی تۆ ئەوە بووە كە هەوڵی خۆكوشتنی خۆت داوە، لەبەرئەوەی هیچ كات خۆكوشتن چارەسەری كێشەكان ناكات، بەڵكو ئاڵۆزتریشی دەكات، لەلایەكی تریشەوە هەركەس خۆی بكوژێت هەتا هەتایە لە ئاگری دۆزەخدا دەسووتێندرێت، كەواتە لێرە بە دواوە بە هیچ شێوەیەك بیر لە ئازاردانی خۆت نەكەیتەوە، لە جیاتی ئەوە بیربكەرەوە بۆ ئەوەی كێشەكەت چارەسەر بكەیت و رێگاچارەیەك بدۆزیتەوە نەك هەڵە بە هەڵە بگۆڕیتەوە.
2
خوشكی بەڕێزم، تۆ و دایك و ئەندامانی دیکەی خێزانەكەت قوربانی بیركردنەوەی دواكەوتووی هەندێك لە خێزانەكانی كۆمەڵگای كوردین، كە كێشەكان بە خوێن و ژن پێدان چارەسەر دەكەن، كەسێكی وەك خاڵت تاوانێك دەكات و مامت دەكوژێت، بەڵام دایكت و ئێوە باجەكەی دەدەن و خاڵت بە ئازادانە دەسوڕێتەوە، دایكی تۆ چ تاوانێكی هەیە كە باجی هەڵەی براكەی بدات، كە ئەمە دژی هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەكانە، خودای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بۆ كردووە كە هیچكەس كۆڵی گوناهی كەسێكی تر هەڵناگرێت، بەڵام بە داخەوە لە كۆمەڵگای دواكەوتووی باوك سالاریی وەك ئێمەدا، كەسانی دیکە دەكرێن بە قۆچی قوربانی و كەسێكی وەك دایكت باجی تاوانەكانی كەسێكی وەك خاڵت دەدات.
3
خوشكی بەڕێزم، مرۆڤ زۆر لەوە گەورەترە كە لەبەردەم كێشەكاندا چۆك دابدات، ژیان پڕە لە كێشە و دەبێت مرۆڤ رووبەڕوویان ببێتەوە، ئەوانەی چارەسەر دەكرێن چارەسەریان بكات، ئەوانەش كە چارەسەر ناكرێن، مرۆڤ هەڵبدات خۆی لەگەڵیان بگونجێنێت، بەڕێزتانیش كەسێكی تێگەیشتوو و هۆشیاریت و دەرچووی زانكۆی، باوك و دایك هەتا هەتایە نامێنن و تۆ لە جیاتی ئەوەی خۆت بكەیت بە مامە خەمە و بیر لە خۆكوشتن بكەیتەوە، هەوڵبدە كار و پیشەیەك بۆ خۆت بدۆزەرەوە و زۆربەی كاتەكانتی بۆ تەرخان بكە، ئەگەری زۆریش هەیە دوای ماوەیەكی كەم شوو بكەیت و بچیتە ماڵ و حاڵی خۆت و لە دەست ئەو باوكە بێویژدانە رزگارت بێت، كەواتە تۆ زۆر بەهرەو توانا و خاڵی بەهێزت هەیە كار لەسەر ئەوانە بكە، ئەوە تەمەنت (25) ساڵە و ئەو هەموو ماوە زۆرە ئارامت گرتووە، هەوڵبدە ئەو ماوە كەمەی تریش ئارام و خۆراگر بە، دڵنیابە خودای گەورە پشت لە بەندەی خۆی ناكات، وەك دەڵێن (خودا ئەگەر دەرگایەك دابخات، دە دەرگای دیکە دەكاتەوە)، كەواتە بێ هیوا مەبە وهەوڵبدە سوود لە بەهرەو تواناكانت وەربگرە بۆ ئەوەی بتوانیت هاوكاری دایك و خوشك و برا بچووكەكانی دیکەشت بكەیت، تۆ كچی گەروەی ماڵیت، دەبێت خۆڕاگر و بەتوانا و گەشبین بیت بۆ ئەوەی ببیت بە پێشەنگ و نموونەیەكی جوان بۆ خوشك و برا بچووكەكانت.
4
وەك ئاماژەت بۆ كردووە باوكت هاتووچۆی مزگەوت دەكات، هەوڵبدەن پەیوەندیی بە مامۆستای ئەو مزگەوتەوە بكەن كە باوكت نوێژی لێدەكات، باسی ژیان و گوزەرانی خۆتانی بۆ بكەن و ئەوەشی پێبڵێن كە دایكت لە بری خوێن دراوە بە باوكت، ئێستا باوكم هەوڵدەدات تۆڵەی براكەی لە ئێمە بكاتەوە، كە بێگومان ئەمە پێچەوانەی فەرمانەكانی خودایە، بۆ ئەوەی مامۆستای مزگەوتەكە قسە لەگەڵ باوكت بكات و ئەوەی بۆ روون بكاتەوە كە ئەوەی ئەو دەیكات پێچەوانەی فەرمانەكانی خودایە، دایكت هیچ گوناهێكی نییە و بەشدار نییە لەو تاوانەی كە بەرانبەر براكەی كراوە، هەروەها ئەوەشی بۆ روون بكاتەوە كە باوكت دەیزانی ئەو ئافرەتە (واتە دایكت) خوشكی بكوژی براكەتە، ئەی ئەگەر ئەویش (دایكت) تاوانبارە بۆچی بەوە رازی بووە كە دایكت بهێنێت و بیكات بە هاوسەری خۆی، ئەگەر خۆشی ناوێت بۆچی زیاتر لە بیست و پێنج ساڵە هاوسەرێتی و تەڵاقی نەداوە، ئەی خودای گەورە فەرمانمان پێناكات كە دەبێت لە نێوان ژن و مێرددا، بەزەیی و خۆشەویستی و رێزگرتن هەبێت، ئایا ئەو رەفتارە خراپانەی باوكت دژی هەموو ئەو فەرمانانەی خودا نییە؟ بێگومان ئەمە هەوڵدانێكە لەوانەیە قسەكانی مامۆستا كاریگەریی لەسەر باوكت هەبێت و باوكت گۆڕانكاریی لە خۆیدا بكات و لە خودا بترسێت.
5
هەروەها قسە لەگەڵ مامەكانیشت بكە یان لەگەڵ كەسێك لە خزم و كەستان كە كاریگەریی لەسەر باوكت هەبێت و ئەوەی بۆ روون بكەنەوە كە ئەوەی دەیكات بەرانبەر ئێوە، ئەوە تاوانە و دایكت و ئێوە هیچ گوناهێكتان نییە و ئەوەشی بۆ روون بكەنەوە كە ئەگەر ئەو شەڕ و ئاژاوە و ناخۆشییانەی ناو خێزانەكەتان بەردەوام بێت، ئەوا ئەگەری زۆر هەیە كە منداڵەكانتان تووشی لاساری و سەرەڕۆیی ببن و ئەوكات تاوانباری سەرەكیی باوكتانە، تەنانەت ئەوەشی بۆ روون بكەنەوە ئەو رەفتار و تووندوتیژی و مامەڵە هەڵەی باوكتان بۆتە هۆی ئەوەی كە تۆی كچە گەورەی هەوڵی خۆكوشتن بدەیت و چەندجار خۆت بریندار بكەیت، من دڵنیام یەكێك لەم هەوڵدانانە كاریگەریی خۆی دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە كە باوكت بگۆڕێت لەبەرئەوەی هیچ كەس نییە هەتاهەتایە بەیەك شێوە بمێنێتەوە، ئەوەی باوكت دەیكات دەرئەنجامی بیركردنەوەی هەڵەی باوكتە، ئەگەر زانیاریی پێویستی بدرێتێ و راستییەكانی بۆ روون بكرێتەوە، دڵنیابە گۆڕانكاریی لە بیركردنەوەیدا روو دەدات، كاتێكیش ئەو بیركردنەوە هەڵانەی دەگۆڕێت، ئەو كات رەفتار و هەڵچووونە هەڵەكانیشی نامێنێت، هیوادارم سەركەوتوو بن و تۆش زیاتر خۆڕاگر و گەشبین بیت و واز لەو بیركردنەوە هەڵانەت بهێنیت.