ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران
رایدەگەیەنێت: تا ئێستا خشتەی بودجەی 2025 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئاراستەی
پەرلەمان نەكراوە، ئاماژە بەوەشدەكات: هەوڵەكان بە ئاراستەی ئەوەن پێش كۆتایی ئەم
وەرزەی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت، لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتووشەوە ئاشكرای كرد،
بەهۆی هاتنەپێشەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو، زەحمەتە عیراق بتوانێت یاسای بودجەی 2026
ئامادەبكات.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی
نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكێك لە
هەنگاوە گرنگەكان ئەوەیە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران پێش كۆتایی ئەم وەرزەی
یاسادانان، دەنگ لەسەر خشتەی بودجەی 2025ی عیراق بدات و پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی
وەزیرانەوە ئاراستەی بكرێت.
وتیشی: بۆ دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەی 2025،
هیچ گفتوگۆیەك لەناو هۆڵی پەرلەمان هەڵناگرێت، چونكە پێشتر لەگەڵ خشتەی بودجەی هەردوو
ساڵی 2023 و 2024 گفتوگۆیان لەسەركراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەكۆتایی مانگی پێنج
یان سەرەتای مانگی شەش، دەنگ لەسەر خشتەی سێیەم ساڵ بدرێت كە (2025) ە.
لەبارەی بودجەی ساڵی 2026ەوە، ئەو پەرلەمانتارە
ئاشكرایكرد: بەهۆی هاتنە پێشەوەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، كە بڕیارە
پێش كۆتایی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، بەدووری دەزانم عیراق فریای ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای
بودجەی 2026 بكەوێت، بەڵكو لەسەر بنەمای بودجەی سێ ساڵی رابردوو، كاروبارە داراییەكانی
دادەڕێژێتەوە.
تەها عەبدوڵڵا