ساكار حەمە فەرەج مەحوی پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری و پشکنینی چاو كاریگەریی و هۆكارەكانی تەمبەڵی و كزیی چاو لەناو منداڵاندا بۆ کوردستانی نوێ رووندەکاتەوە:
تەمبەڵیی چاو چییە؟
دكتۆر ساكار مەحوی لەوبارەیەوە ئاماژە بە جۆرەكانی تەمبەڵیی و كزی چاو دەكات لەناو منداڵاندا و دەڵێت: تەمبەڵی و كزیی چاو بریتییە لە كزبوونی چاوی منداڵ لە سكی دایكیدا یان بە هەر هۆكارێكی دیکە، كە لەڕووی شێوە و سەیركردنەوە زۆر ئاسایی دەردەكەوێت، كاتێك چاوەكە وێنەیەك وەردەگرێت و دەیگوازێتەوە بۆ مێشك، بەهۆی كزبوونی چاوەكەوە مێشك بەباشی وێنەكە ناگوێزێتەوە، بۆیە بەو چاوە دەوترێت تەمبەڵ و پێویستە زوو چارەسەری بۆ بكرێت.
لەبارەی ئەوەشەوە کە ئاخۆ بۆچی تەمبەڵیی چاو بۆچی لەناو منداڵدا مەترسیدارە، ئەو پزیشكە دەڵێت: بەشی پشتەوەی مێشك ئامادەیی نامێنێت ئەو وێنانەی چاو دەینێرێت بیگەڕێنێتەوە بۆ چاوەكە، ئەمەش بە نەشتەرگەریی و دانانی چاویلكە چارەسەر ناكرێت، چونكە هۆكار چاوەكە نییە، تایبەتە بە بەشی پشتەوەی مێشك.
کاریگەرییەکانی بەكارهێنانی ئامێرە زیرەكەكان
هەرچی كزبوون و تەمبەڵیی چاوە لە منداڵاندا ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری بۆماوەیی یاخود بەكارهێنانی شاشەی ئامێرە زیرەكەكان لەلایەن منداڵانەوە زۆر بەكاردەهێنرێت.
لەبارەی ئاماژەکانی کزبوونی چاوی منداڵانیشەوە وتی: ئاماژەکان ئەوەن کە سەرەتا تووشی خێلی و ئاوی سپی دەبێت، بۆ ئەوەش دەبێت لە رێگەی نەشتەرگەریی و قەترەوە هەر سێ مانگ جارێك سەردانی پزیشكی تایبەت بكرێت تا چارەسەری بۆ دەكرێت. روونیشیکردەوە کە ئەگەر چاو كزییەكە زوو چارەسەری بۆ نەكرێت، ئەوا تووشی تەمبەڵی دەبێت.
ئاماژەشی بەوەدا کە ئەگەر منداڵ لە تەمەنی یەك ساڵییەوە چاوی كزبوو، زۆر لەو شتانە دەچێتە پێشەوە کە دەیەوێت بەڕوونی بیانبینێت، بەجۆرێک ئیتر لە تەمەنی سێ ساڵییەوە داوای هەر شتێكی لێبكرێت، بەزوویی نایدۆزێتەوە و لەكاتی رۆیشتنیشدا ئەوەی زۆر لێ دەردكەوێت چونکە زوو زوو دەکەوێت، تا دەگاتە تەمەنی چوونە قوتابخانەدا، وایلێدێت ناتوانێت ئەركەكانی بەباشی بنووسێتەوە لە پۆلدا و خۆی دان بەوەدا دەنێت کە بەرچاوی لێڵە.
منداڵان چەند رێگەیان پێ بدرێت؟
دکتۆر ساکار روونیشیكردەوە هۆكاری تەمبەڵی و كزیی چاو لە منداڵاندا پێشتر هەبووە، بەڵام ئێستا بەهۆی شاشەی ئامێرە زیرەكەكانەوە زیاتر بووە و پێویستە منداڵ لە تەمەنی سێ ساڵان تا چوار ساڵان، هەفتەی نیو سەعات زیاتر ئامێرە زیرەکەکان بەكارنەهێنێت، بەمەرجێك شاشە زیرەكەكە گەورە بێت، واتە جۆری ئایپاد. لە تەمەنی شەش ساڵانیشدا رۆژانە نیو سەعات بۆ سەعاتێك زیاتر بەكاری نەهێنێت، ئەویش بەپێی پێویستییەكانی رۆژانەی.
جەختیشی لەوە كردەوە تەمبەڵی و كزیی چاو لە منداڵاندا لە جیهاندا رێژەكەی زۆر زیادیکردووە، بەتایبەتی لەناو منداڵانی تەمەن چوار بۆ شەش ساڵ، لەدوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكییش تاكە رێگە بۆ كەمكردنەوەی كزیی چاو و تەمبەڵیی چاو، رێنماییکردنی منداڵانە لەلایەن دایكان و باوكانەوە تا منداڵەكانیان كەمتر ئامێرە زیرەكەکان بەكاربهێنن.
لەبارەی شێوازەكانی دیکەی چارەسەریشەوە وتی: هەمان ئەو چارەسەرانەی لە وڵاتاندا دەكرێت، لە كوردستانیشدا شێوازە وەک نەشتەرگەریی و پێدانی قەترە، بەڵام ئەوەی گرنگە لەكاتی هەستكرندا بە تەمبەڵی و كزیی چاوی منداڵەکان، بەشێوەیەکی خێرا ببرێت بۆ پشکنین و چارەسەری بۆ بكرێت.