عاشق، لە رۆیشتن دەترسێت

11:02 - 2025-03-20
ئەدەب و هونەر
59 جار خوێندراوەتەوە



ئیبراهیم هەورامانی




(1)
چاو دەگێڕم و تۆ نیت
بە زستان دەچم،
سارد.... سارد....
تا رادەی بەستن!
(2)
جووتیارەکە،
غەم لە بێ بارانیی دەخوات
من لە نەهاتنی تۆ،
تۆ هەم گەنم و هەم نانی منی!
(3)
وەرز،
وەرزی زستان بێت و
شار، بەو قەرەباڵغییەی خۆیەوە،
تۆ لەهیچ جێیەکی نەبیت
منیش، تەنیا...تەنیا
لەبەر خۆمەوە گۆرانی بڵێم
بەمە دەوترێت عاشق بوون یان سەرگەردانی؟!
(4)
لەو رۆژەوەی، تۆ رۆیشتویت
رێبەندانە!
(5)
ئەمشارە
نەبەهاری، نە ئاسمانی،
نە زەردەی خۆر ئاوابوونی،
نە شنەبای، نە بارانی
وەک دەرکەوتنی تۆ، جوانیی پێ نابەخشێت!
(6)
ئەگەر نیگار کێش دەبووم
وێنەیەکی مانگم دەکێشا
بە شێوەی تۆ
شەوی منی رۆشن دەکردەوە!
(7)
عاشق،
لە رۆشتن دەترسێت!
(8)
چەترەکەت بیرچوو،
من پێویستم پێی نییە
بارانیش نەبارێت
تەنیایی، هێندە شک دەبەم،
بمکاتە ئاو، تیا بخوسێم!
(9)
تۆزێ، لە خەندەتم پێویستە.
ئازاری زامەکانمی پێ دەسرەوێنم!
(10)
باپیرەم گۆرانیی نەدەزانی
شمشاڵی نەدەژەنی
ئەلف و بێی لێک جیا نەدەکردەوە،
بەڵام عاشق بوو.
باوکم گۆرانیی دەزانی،
شمشاڵی دەژەند و
دەیزانی بنوسێ و بخوێنێتەوە،
بەڵام عاشق بوو.
لەبەر ئەوە عاشق بوونم بە ویراسی بۆ مابۆوە،
منیش عاشقم
(عاشقی کچێکی جوان،
 ناوی هەڵەبجەیە!)*

(*)دوو دێڕی ناو کەوانەکە لە دەقێکی کاک حەکیمی مەلا ساڵح-ەوە بە دەستکارییەوە، وەرگیراوە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان